دووەمین کۆنفرانسی بۆردی راگەیاندن بەسەرکەوتوویی کۆتاییهات

08:56 - 2024-01-12
کوردستان
430 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ هەینی 2024/1/12  دووەمین کۆنفرانسی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرکەوتوویی کۆتاییهات و لە کۆی هەر پێنج لیژنەکە راپۆرتەکانیان پێشکەشکرد و لیژنەی سەرپەرشتاری کۆنفرانسەکەش لەو راپۆرتانە پوختەیەکی پێشکەش بە هەریەک لە لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری و لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد، بڕیاریشە سەرجەم بڕیار و راسپاردەکان لەڕێگەی لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری و لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتییەوە ئاڕاستەی مەکتەبی سیاسی و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکرێن.

عیماد ئەحمەد: راگەیاندنی یەکێتی لاسایی هیچ راگەیاندنێکی تر ناکاتەوە

لە کۆنفرانسەکەدا عیماد ئەحمەد، لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: "خۆشحاڵم بەسەرکەوتوویی کۆتاییمان بە دووەمین کۆنفرانسی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێنا، ئێمەی یەکێتی وەک چۆن لەم دوو رۆژەشدا بە تەواوی ئەوەمان بۆ دەرکەوت پێمان باش نییە لاسایی هیچ راگەیاندنێکی دیکە بکەینەوە و راگەیاندنەکانمان یەکێتییانەیە و خۆمان بەراورد ناکەین بەهیچ راگەیاندنێکی دیکە، پێویستیشە راگەیاندنەکانمان لەگەڵ گەل و نیشتماندا بێت و ساڵی نوێ ساڵی گۆڕانکاری زیاتر بێت".
وتیشی: "لە لیژنەکانی کۆنفرانسەکەدا بەشێکی زۆری گەنجان و ژنان بەوپەڕی تواناوە بەشدارییان کرد و را و پێشنیازەکانیان دەردەبڕی ئەمە مایەی خۆشحاڵی و شانازییە بۆ هەموومان، پێویستە راسپاردەکان بخەینە بەردەست سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی و سەرۆکی یەکێتی، تاوەکو بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و  هەوڵبدەین بە زووترین کات جێبەجێبکرێن و مافی راگەیاندکارانمان مسۆگەر بکەین، ئەمەش دوا کۆنفرانس نابێت و ئەم سەرکەوتنە سەرکەوتنی تری بەدواوە دەبێت".


لەتیف نێروەیی: بەسەرکەوتویی کۆتاییمان بە دووەمین کۆنفرانسی راگەیاندنی یەکێتی هێنا
 

هاوکات لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وتاری کۆتایی کۆنفرانسی پپێشکەشکرد و رایگەیاند: بەخۆشحاڵییەوە بەسەرکەوتوویی کۆتاییمان بە دووەمین کۆنفرانسی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێنا، دەرەنجام و ئیرادەی راگەیاندنکارانمان سەلماندنی گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوونیان دەوێت".
وتیشی: "داوای لێبووردن لەو هاوکار و دڵسۆزانەمان دەکەین کە بە هەر هۆکارێک بووبێت بێبەشبوون لە بەشداریکردن لەم کۆنفرانسەدا، هاوکات سوپاسی زۆرمان بۆ ستران عەبدوڵڵا کە ماوەیەکی زۆر خزمەتی کرد و هەموو هەوڵەکانی بۆ سەرخستنی میدیای یەکیتی خستەگەڕ".
دوای 14 ساڵ بۆردی راگه‌یاندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ماوەی دوو رۆژدا دووهه‌مین كۆنفرانسی خۆی به‌ ئاماده‌بوونی نزیكه‌ی 350 ئه‌ندامی كۆنفرانس و زیاتر له‌ 40 پسپۆڕ‌ و شاره‌زای راگه‌یاندن و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی بە سەرکەوتوویی سازکرد كه‌ ئامانج لێی رێكخستنه‌وه‌ و داڕ‌شتنه‌وه‌ی سیاسه‌تی میدیایی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئاماده‌سازیی بوو بۆ قۆناغی نوێی راگه‌یاندن.

#مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان