بۆردی راگەیاندنی یەکێتی تا لەژێر رۆشنایی ئەو بازدانە فراوانەی میدیا بەگشتی و هاتنە ئارای چەندین جۆر لە میدیای نوێ و کۆی ئەو سەرنج و تێبینیانەی لەلایەن کەسانی شارەزا و پسپۆڕی بواری میدیاوە ئاراستەی دەکرێت، دەبوو بەپیر ئەو دەنگە دڵسۆزانەوە بچێت و لە رێگەی ئامادەکاریی و بەستنی دووەمین کۆنفرانسی خۆیەوە، بەرنامەیەک بۆخۆی دابنێت چ بۆ داڕشتنەوەی پەیکەری بۆردی راگەیاندنی یەکێتی، چ بۆ داڕشتنی سیاسەت و گوتارێکی میدیایی یەکێتییانەی هاوچەرخ تا بتوانێت لەلایەک شانبەشانی سیاسەتی نوێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەدوای پێنجەمین کۆنگرە و لەلایەکی دیکەشەوە شانبەشانی پەرەسەندنەکانی میدیا بەهەموو کایەکانی بینراو و بیسترا و چاپەمەنی و میدیای نوێ نەک هەر رێ بکات، بەڵکو دووبارە رۆڵی پێشڕەوایەتی شایستەی خۆشی وەربگرێتەوە.
دووەمین کۆنفرانسی بۆردی راگەیاندنی یەکێتی کە بە بەشداریی زیاتر لە 350 کەس لە کادرانی راگەیاندنی یەکێتی لە هەموو ناوچە جیاجیاکان و رەگەز و تەمەنە جیاجیاکان بەڕێوەچوو، هاوئاهەنگییەکیش بوو لەگەڵ پسپۆڕان و مامۆستایانی زانکۆ لە بەشەکانی میدیای نوێ و تەقلیدی، گەرموگوڕیی گفتوگۆکان و دەربڕینی سەرنجی هەڤاڵان و ئەکادیمیستەکان و بەزوویی گەیشتنیان بە داڕشتەی هاوبەش، بەڵگەی ئەوەبوو کە کادرانی میدیای یەکێتیش بەتەواوەتی درکیان بە زەرورەتی گۆڕانکاریی سیاسی و میدیایی لەناو راگەیاندنی یەکێتیدا کردووە و هەموانیش دید و تێڕوانینی هاوچەرخانەیان هەیە بۆ بەرەوپێشەوەبردن، بەڵام فۆرمەڵەکردنی ئەو بیروبۆچوون و پێشنیازانە بە کاری تاکەکەسی و ئیجتیهادی شەخسی و بێ هاوئاهەنگییەکی تۆکمە مەحاڵە ببێتە بەرنامەی گشتی، بۆیە بەستنی کۆنفرانسەکە و گەڵاڵەکردن و پەسەندکردنی راسپاردە و پێشنیازەکانی لەلایەن پسپۆڕانی ئەکادیمی و ئەوانەی ئەزموونێکی دوورودرێژیان هەیە لەکاری میدیادا دەشێت ببێتە تەواوکەری کارەکانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی، تا میدیایەکی تۆکمە و بەهێز، بچێتەوە خزمەتی تۆکمەترکردنی یەکێتی و شۆڕکردنەوەی سیاسەتەکانی بۆناو بنکەی جەماوەریی حزب بەتایبەتی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەگشتی.