رۆڵی میدیا له‌ خزمه‌تی ژینگه‌دا

10:13 - 2024-01-15
ژینگە
523 جار خوێندراوەتەوە

مه‌عروف مه‌جید*


له‌ كورترین پێناسه‌دا هاتووه‌، میدیای ژینگه‌یی، ئه‌و میدیایه‌یه‌ كه‌ هه‌وڵده‌دات ئامانجه‌كانی پاراستنی ژینگه‌ له‌ رێگه‌ی پلانێكی میدیاییه‌وه‌ دابڕێژێت، میدیای ژینگه‌یی ئامرازێكه‌ كار ده‌كات بۆ روونكردنه‌وه‌ی چه‌مكه‌ ژینگه‌ییه‌كان، بڵاوكردنه‌وه‌ی كه‌لتوری ژینگه‌یی، به‌رزكردنه‌وه‌ی هۆشیاری ژینگه‌یی، بنیاتنان یان تێگه‌یشتن له‌ بارودۆخی ده‌وروبه‌ر، و دروستكردنی كاریگه‌ریی له‌ داهاتوودا.

ژینگه‌ له‌ دوای جه‌نگ و تیرۆر
له‌ ئێستادا بابه‌تی ژینگه‌یی، یه‌كێكه‌ له‌ هه‌ره‌ بابه‌ته‌ گه‌رمه‌كانی رۆژ، چه‌ند پرسێك له‌ سه‌ر ئاستی جیهان، راگه‌یاندن و رای گشتی به‌خۆوه‌ سه‌رقاڵ كردووه‌، دوای جه‌نگ و تیرۆر بابه‌تی ژینگه‌ و گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و كاریگه‌رییه‌كانێتی له‌سه‌ر مرۆڤ و جیهان.
كه‌واته‌، بابه‌تی ژینگه‌ش ده‌بێت یه‌كێك بێت له‌ بابه‌ته‌ گه‌رمه‌كانی سه‌ر په‌ڕه‌ی رۆژنامه‌كان و كاپشن و هه‌واڵه‌ به‌په‌له‌كانی تیڤییه‌كان و به‌رنامه‌ گه‌رمه‌كانی رادیۆكان و دیزاینی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سایته‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان. 

ژینگه‌ نەبۆته‌ خه‌می گه‌وره‌ی میدیا 
له‌ كوردستانی له‌مه‌ڕ خۆمان، وێڕای بوونی نزیكه‌ی 400 ده‌زگای ره‌سمی بینراو و بیستراو و خوێنراو، به‌ڵام هێشتا بابه‌تی ژینگه‌ نه‌بۆته‌ خه‌می گه‌وره‌ی میدیایی. 
ئه‌مه‌ش بۆ چه‌ند هۆكارێك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، بابه‌تی مه‌ترسییه‌كانی ژینگه‌ بابه‌تێكی نوێیه‌ بۆ كومه‌ڵگه‌ی كوردی، نه‌بوونی پاڵپشتی حكومی بۆ ناساندنی بابه‌ته‌ ژینگه‌ییه‌كان، نه‌بوونی میدیایه‌كی نیشتیمانی، كه‌واته‌ هێشتا ژینگه‌ نه‌بۆته‌ خه‌می سه‌ره‌كی میدیا و حكومه‌ت و  ته‌نانه‌ت خه‌ڵكیش.
هه‌ر چه‌نده‌ له‌ مێژووی كاری رۆژنامه‌گه‌ری سه‌ده‌ی رابردوو بابه‌تی ژینگه‌ رۆڵ و پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌بووه‌، زاراوه‌ی میدیای ژینگه‌یی له‌ حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ و چه‌مك و به‌كارهێنانی په‌ره‌ی سه‌ندووه‌.
ئه‌گه‌ر له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست باسی میدیای ژینگه‌یی بكه‌ین، زیاده‌ڕه‌وی ناكه‌ین ئه‌گه‌ر بڵێین میدیای ژینگه‌یی هێشتا نامۆیه‌ به‌ گۆڕه‌پانی میدیایی، به‌و پێیه‌ی ئه‌و بایه‌خه‌ی نه‌بووه‌ كه‌ میدیای سیاسی، یان ته‌نانه‌ت وه‌رزشیش وه‌ریگرتووه‌ و ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ زۆرجار به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ میدیای ژینگه‌یی دره‌نگ له‌دایكبووه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ جۆره‌كانی تری میدیا، زۆر جار بابه‌ته‌ ژینگه‌ییه‌كان نیو هێنده‌ی ریكلامێكی بازرگانی گرنگی پێنادرێت.

میدیای نیشتمانیی پێویسته‌ 
كه‌واته‌، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌می ژینگه‌یش وه‌كو سه‌رجه‌م خه‌مه‌كانی تر بچێته‌ ناو میدیای كوردییه‌وه‌، پێویستمان به‌ میدیایه‌كی نیشتیمانی هه‌یه‌ بۆ گرنگیدانی ته‌واو به‌ بابه‌ته‌ ژینگه‌ییه‌كان، ده‌زگاكانی راگه‌یاندن، په‌یمانی نیشتیمانی ئیمزا بكه‌ن، به‌بێ ده‌ستكه‌وتنی قازانج بابه‌تی ژینگه‌ بكه‌نه‌ خه‌می سه‌ره‌كی كه‌ناڵه‌كانیان، په‌یمان بده‌ن به‌ دانانی به‌رنامه‌ی رۆژانه‌، هه‌فتانه‌، مانگانه‌، هه‌روه‌ها، دانانی په‌یامنێری ژینگه‌یی، پڕۆگرامی جیاوازی ژینگه‌یی، درووستكردنی فاسیڵه‌ی تایبه‌ت و كورته‌ فیلمی ژینگه‌یی و ده‌یان بابه‌تی تر، كه‌ له‌ ئێستادا له‌ راگه‌یاندنی كوردیدا بوونیان نییه‌، هه‌ش بێت زۆر به‌ لاوازی ده‌بینرێن.
له‌م سه‌رده‌می نائومێدییه‌ش، چه‌ند ده‌زگایه‌كی كه‌م ماون كه‌ به‌په‌نجه‌كانی ده‌ست ده‌ژمێردرێن، خه‌می ژینگه‌ به‌ خه‌می خۆیان ده‌زانن و ئاماده‌ن كاغه‌زی رۆژنامه‌كان و شاشه‌ی تیڤیی و ستۆدیۆی رادیۆكانیان بكه‌نه‌ خزمه‌تی ژینگه‌وه‌.

*سه‌رۆكی رێكخراوی ئاینده‌ بۆ پاراستنی ژینگه‌

بابەتە پەیوەندیدارەکان