یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كەركوك، گەڕێكی دیكەی سەردانی بۆ لای حزب و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكانی شارەكە دەستپێكردووە و لەوچوارچێوەیەشدا دوێنێ، وەفدێكی مەڵبەندی كەركوك سەردانی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان، بزوتنەوەی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی لە شارەكە كرد، كە ئامانج لێی گفتوگۆكردنە لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی كەركوك و بەشداریكردنی كورد بەیەكدەنگ لە پێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگاكەدا.
یەكێتی لە كەركوك یەكخستنی نێوماڵی كوردی دەوێت
رەوەند مەلا مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سایتی رەسمیی یەكێتی PUKMEDIAی راگەیاندووە: «سەردانمان بۆ لای لایەنەكان لەچوارچێوەی ئەو كۆبوونەوانەدا دێت كە بڕیاربوو لەدوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، یەكێتی سەردانی سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان بكات». وتیشی: «جگە لە لایەنە كوردستانییەكان، وەك یەكێتی سەردانی پێكهاتەكانیش دەكەین، بەڵام دەمانەوێت سەرەتا نێوماڵی كورد یەكبخەین و پاشانیش كورد بەیەكدەنگ لەگەڵ پێكهاتەكان بكەوینە گفتوگۆوە و وەك یەكێتیش نامانەوێت هیچ پێكهاتەیەك فەرامۆش بكرێت».
یەكێتی و پارتی لە كەركوك پێكەوە كاردەكەن
هەفتەی رابردوو، هەمان وەفدی یەكێتی وەك یەكەم حزبی كوردستانی، سەردانی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی كە سەرەتا نێوماڵی كورد یەكبخەن و هیچ پێكهاتەیەك لە كەركوك فەرامۆش نەكەن و پێكەوە لەشارەكەدا كار بكەن.
بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق كەلەلایەن كۆمسیۆنەوە راگەیەندرابوو، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەچوارچێوەی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە لەگەڵ حزبی شیوعی كوردستان لە پارێزگای كەركوك توانی زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت و ببێتە خاوەنی پێنج كورسیی ئەنجومەنی پارێزگاكە، لەو روانگەیەشەوە وەك حزبی یەكەم لە شارەكەدا سەردانی بۆ لای لایەنە كوردستانییەكان دەستپێكردووە و ئامانجیش لێی یەكدەنگی و یەكهەڵوێستیی كوردە لە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی شارەكەدا.
PUKMEDIA