لیو جیون *
لە ئێستادا ناکۆکی سیاسی نێودەوڵەتی و ململانێ سەربازییەکان لە زۆر شوێن سەریان هەڵداوە و دۆخی گەشەسەندن و ئاسایشی جیهانی ئاڵۆزە و جیهان پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێی گێژاو و گۆڕانکاری. وەک سەرۆک شی جینپینگ ئاماژه‌ی پێكردووه كه جیهان «گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا دێت کە لە ماوەی سەدەیەکدا نەبینراوە». بە واتایەکی تر، جیهان جارێکی دیکە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە هاتۆتە ناو «سەردەمی ململانێ».
ململانێی بەردەوامی فەلەستین و ئیسرائیل زیاتر له سێ مانگە درێژەی کێشاوە و کاریگەرییە ناڕاسته‌وخۆكانی وردە وردە سەرهەڵدەدەن و ئاڵۆزی نوێ بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست زیاد دەكه‌ن و تەحەدای نوێ و توند دەخه‌نه بەردەم سیستمی حوکمڕانی جیهانی کە لە ئێستاوە به‌ش به‌ش بووە. ئاواتی ئاشتی و گەشەسەندن و هه‌ماهه‌نگی گه‌لان لە سەرانسەری جیهاندا بەهێزتر بووە و ده‌نگی بانگەوازەكان بەرزتر بووە و کۆدەنگی گشتی بەهێزتر بووە. چین وەک وڵاتێکی گه‌وره و بەرپرسیار هەمیشە پابەند بووە بە بنه‌ماكان و له نێوان هه‌ماهه‌نگی و روبەروبوونەوە هه‌میشه هه‌ماهه‌نگی هەڵبژاردووە و له نێوان یەکگرتوویی و دابەشبوون هه‌میشه یه‌كگرتوویی هەڵبژاردووە، له نێوان کراوەیی و داخستن هه‌میشه كراوه‌یی هەڵبژاردووە، له نێوان ئاشتی و شەڕدا هه‌میشه ئاشتی هەڵبژاردووە، لە نێوان فرەلایەنی و تاکلایەنەدا هه‌میشه فره‌لایه‌نی هەڵبژاردووە، له نێوان دادپەروەری و سیاسەتی دەسەڵاتدا هه‌میشه دادپه‌روه‌ری هەڵبژاردووە. چین بەم شێوەیە پێشنیاری چارەسەرکردنی ئەو پرسیارانە ده‌كات سه‌باره‌ت به‌وه‌ی چ جۆرە جیهانێک بونیات بنرێت و چۆن بونیات بنرێت.
ماوه‌یه‌كی زۆر نییه، کۆنفرانسی ناوەندی کارەکانی پەیوەست بە کاروباری دەرەوە لە پەکین بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو. ئەم کۆنفرانسه گرنگییەکی گەورەی هەیە. دەرئەنجامێکی گرنگی کۆنفرانسەکە بریتییە لە دیاریكردنی بونیاتنانی کۆمەڵگایەک خاوه‌ن داهاتوویەکی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی وەک بابه‌تی کاری دیپلۆماسییه‌تی چینی.
دیدگای سەرۆک شی جینپینگ
10 ساڵ لەمەوبەر سەرۆک شی جینپینگ دیدگای بونیاتنانی کۆمەڵگایه‌ك خاوه‌ن داهاتوویەکی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی خستەڕوو. لە ماوەی دەیەی رابردوودا، دیدگاکە لە بیرۆکەوه بۆ کردار وه‌رگێڕاوه، گەرەنتییەکی کاریگەری بۆ پاراستنی ئاشتی جیهانی دابینکردووە، زەبری بەهێزی خستۆتە ناو پێشخستنی گەشەپێدانی جیهانی و هه‌ماهه‌نگییه‌كی بەهێزی دروستکردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگە جیهانییەکان. لە لیەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بە گەرمی دەنگی داوەتەوە. دیدگاکە بۆ ماوەی حەوت ساڵ دوا به‌دوای یه‌ك لە بڕیارنامەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا نووسراوەته‌وه و لە بڕیارنامە یان راگەیاندنی میکانیزمە فرەلایەنەکان وه‌كو ڕێكخراوی هه‌ماهه‌نگی شه‌نگه‌های و كۆمه‌ڵه‌ی برێكس جێگیرکراوە. لە دەستپێشخەرییەکی چینییەوە بۆ کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی، لە دیدگایەکی ئومێدبەخشەوە بۆ کردەوەی جەوهەری و لە پێشنیارێكی چەمکییەوە بۆ سیستەمێکی زانستی گەشەی کردووە. وەک ئاڵایەکی شکۆمەند ڕابه‌رایه‌تی پێشکەوتنی سەردەمی كرتووە.
بە کورتی، لە بونیاتنانی کۆمەڵگایه‌ك خاوه‌ن داهاتوویەکی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی، ئامانج بونیاتنانی جیهانێکی کراوە و گشتگیر و پاک و جوانە كه چێژ لە ئاشتییەکی بەردەوام و ئاسایشی گشتگیر و خۆشگوزەرانی هاوبەش وه‌ربگرێت، ڕێگاکە بریتییە لە پێشخستنی حوکمڕانی جیهانی کە تایبەتمەندی راوێژکاری بەرفراوان و بەشداری هاوبەشی هەیە بۆ سوودی هاوبەش، بنەمای رێنماییکردن بریتییە لە جێبەجێکردنی بەها هاوبەشەکانی مرۆڤایەتی، بنەمای بنەڕەتی لە بونیاتنانی جۆرێکی نوێی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندایە، رێنماییە ستراتیژییەکان لە جێبەجێکردنی دەستپێشخەری گەشەپێدانی جیهانی، دەستپێشخەری ئاسایشی جیهانی و دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانیدایه، و سەکۆی کارکردن بریتییه له هه‌ماهه‌نگی پشتێن و رێگای کوالیتی بەرز. لەسەر ئەم بنەمایە هەوڵدەدەین وڵاتان کۆبکەینەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگەکان و بەدەستهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان، و داهاتوویەکی گەشاوەی ئاشتی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن بۆ جیهانەکەمان به‌ده‌ستبهێنین.
ئێمه ئامادەین دەست له‌ناو ده‌ست لەگەڵ دۆستانمان له هه‌رێمی كوردستانی عیراق كاربكه‌ین بۆ پێشخستنی هه‌ماهه‌نگی پشتێن و رێگە
گوندی جیهانی
ئێمە لە هەمان گوندی جیهانیدا دەژین. پەیوەندی و وابەستەیی نێوان وڵاتانی جیهان لە هەموو کاتێک زیاتر و نزیکترە. هیچ وڵاتێک ناتوانێت لە بەرامبەر ئاستەنگە جیاوازە زەقەکانی جیهانیدا بێ کاریگەری بمێنێتەوە. واتا چۆن دەبێت وەڵامی ئەو زنجیرە پرس و تەحەدا گەورانه بدەینەوە کە ئەمڕۆ جیهان رووبەڕووی دەبێتەوە! چین بانگه‌شه بۆ جیهانێکی فرە جەمسەری یەکسان و رێکوپێک و جیهانگیرییەکی ئابووریی سوودبەخش و گشتگیر بۆ هه‌مووان ده‌كات. جیهانێکی فرە جەمسەری یەکسان و رێکوپێک، جیهانێکە کە تێیدا هەموو وڵاتان، بەبێ گوێدان به قەبارەیان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و به‌كارهێنانی هەژموون و سیاسەتی دەسەڵات رەتدەکرێتەوە، به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌قینه دیموکراسی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا به‌رز ده‌كرێته‌وه. بۆئەوەی پێشکەوتنەکان بەرەو فرە جەمسەری زیاتر، جێگیر و بونیاتنەر بە گشتی بمێننەوە، پێویستە ئامانج و بنەماکانی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن هەمووانەوە رەچاو بکرێن، ئەو نۆرمانەی کە بە شێوەیەکی گشتگیر دانپێدانراون و بنچینەیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەدەبەن، دەبێت لەلایەن هەمووانەوە پشتڕاست بکرێنەوە و پێویسته فرەلایەنی راستەقینە جێبه‌جی بکرێت. جیهانگیرییەکی ئابووریی سودبەخشی گشتگیر بۆ هه‌مووان ئەوەیە، کە پێداویستییە هاوبەشەکانی هەموو وڵاتان و بەتایبەت وڵاتانی تازەپێگەیشتو دابین بکات و بە شێوەیەکی دروست چارەسەری ئەو ناهاوسەنگییە گەشەپێدانانە بکات كه لە نێوان و لە ناو وڵاتاندا لە ئەنجامی تەرخان نه‌کردنی سەرچاوە جیهانییەکانەوە سەرهەڵدەدات. گرنگە بەتوندی رووبه‌رووی دژه جیهانگیری و خراپ بەکارهێنانی چەمکی ئاسایش ببینه‌وه، دژایەتیکردنی هەموو جۆرەکانی تاکلایەنە و پارێزگاریخوازی، بەتوندی ئازادکردن و ئاسانكاری بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان به‌رزبكه‌ینه‌وه و تێپەڕاندنی ئەو کێشە پێکهاتەییانەی کە رێگرن لە گەشەسەندنی تەندروستانەی ئابووری جیهان، جیهانگیرییه‌كی ئابووری کراوەتر و گشتگیرتر و هاوسەنگتر و سوودبەخشتر بۆ هەمووان دروست بكه‌ین.
چین و عیراق
لە ساڵی 2015 چین و عیراق هاوبەشییەکی ستراتیژییان دامەزراند و رێکەوتنی هه‌ماهه‌نگیان لەسەر دروستکردنی هاوبه‌شی پشتێن و رێگە ئیمزا کرد، به‌مه‌ش هەرێمی کوردستانی عیراق بووه بەشێکی گرنگی بنەماڵەی پشتێن و رێگە. لەم ساڵانه‌ی دواییدا، ژمارەیەکی زۆر لە پڕۆژەکان بە هەردوو سوودی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە هەموو بەشەکانی عیراقدا به هه‌رێمی كوردستانی عیراقه‌وه رەگیان داکوتاوە و هه‌ماهه‌نگی ئابووری و بازرگانییەکانی دوولایەنە نزیکتر بوونه‌ته‌وه، ئەمەش بووەتە وێنایەکی زیندوو بۆ بونیاتنانی کۆمەڵگایەک خاوه‌ن داهاتوویەکی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی. ئەمڕۆ چین گەورەترین هاوبەشی بازرگانی عیراقە، عیراقیش سێیەم هاوبەشی بازرگانی چینە لە نێوان وڵاتانی عەرەبیدا، هەروەها هه‌رێمی كوردستانی عیراق بەشداری گرنگی پێشكه‌ش کردووە.
لە سەرەتای ساڵی نوێ‌دا هەموو شتێک نوێ دەبێتەوە! ساڵی ٢٠٢٤ ساڵی ئەژدیهایە لە ساڵنامەی مانگی چینی‌دا. ئەژدیها هێمایەکی گرنگی کەلتوری نەریتی چینییە و هێمای خۆشگوزەرانی و بەختێکی باش و جۆرەها هیوا و چاوەڕوانی باشه. لە ساڵی نوێ‌دا، ئێمه ئامادەین دەست له‌ناو ده‌ست لەگەڵ دۆستانمان له هه‌رێمی كوردستانی عیراق كاربكه‌ین بۆ پێشخستنی هه‌ماهه‌نگی پشتێن و رێگە، هەوڵدان بۆ هه‌ماهه‌نگی قازانجی هاوبەش و گەشەپێدانی هاوبەش، دەوڵەمەندکردنی واتای هاوبەشی ستراتیژی نێوان چین و عیراق، بە هاوبەشی لاپەڕەیەکی نوێی بونیاتنانی کۆمەڵگایه‌ک خاوه‌ن داهاتوویەکی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی بنووسین.
*کونسوڵی گشتی کۆماری میللی چین لە هەولێر