یادەکانت پشکۆن بڵێسەی ئاگرن

10:43 - 2024-01-17
هەمەرەنگ
889 جار خوێندراوەتەوە

کەژاڵ ئەحمەد 

ساڵی 1993 لە نووسینگەی کوردستانی نوێ لە نهۆمی دووەمی بینای عەلی نەمەڵی، سەرم کرد بەژووری مامۆستا حەمەنوری دا، بابەتێکم بردبوو تا لە رۆژنامەکەدا بڵاوبکرێتەوە ئیدی ئەو بابەتە بووە هۆی پەیوەندییەکی دوور و درێژ و پڕ لە حیکایەت لە نێوان من و ئەم یەکەم رۆژنامەیەی دوای راپەڕین دا. ئەوکاتە خەڵک وەک شاعیرێک ناسیبوومیان نەک رۆژنامەنووسێک لەبەرئەوەی هەر چەند لێکۆڵینەوە و وتارێکم سەبارەت بە ژن و مافەکانی بڵاوکردبۆوە، نەک هەر من ئەوانەی لە رۆژنامەکە کاریان دەکرد هیچیان بە شێوازی ئەکادیمیی کاری رۆژنامەوانییان نەخوێندبوو کەچی رۆژگار باشتر لە زانکۆ و پەیمانگەکان قاڵ و فێری کردین. ساڵی 1994چوومە بارەگای سەرەکی رۆژنامەکە لە هەولێر و بووم بە دەستەی نووسەرانی کوردستانی نوێ، دەستم بە نووسینی گۆشەیەکی هەفتانە کرد بەناوی (بچووک بەڵام ) چەند ساڵێک بەردەوام بوو.گۆشەیەکی پڕخوێنەر و جەماوەریی بوو لەبەرئەوەی بۆ ئەو کاتە ئەم هەنگاوە دەگمەن و جێگەی سەرنج بوو، لەبەرئەوەی هیچ خانمێک گۆشەی نەدەنووسی و ژمارەی بەشداریی کردنیشیان لەکاری رۆژنامەنووسیدا کەم و دانسقەبوو. هەر لەو سەرو بەندانەدا دەزگای راگەیاندنی یەکێتی بڕیاری دەرکردنی گۆڤارێکی هەمەڕەنگی دا و بووم بە سەرنووسەری ئەو گۆڤارە کە ناوی پشووی کوردستانی نوێ بوو. ساڵی 2005 تا 2007 سکرتێری نووسینی رۆژنامەی کوردستانی نوێ بووم، دواتر چوومە کوردسات بە تەواوەتی، ئەو کەناڵەی لە سەرەتای دامەزراندنییەوە 2000 تا 2008  بەرنامەی نەوعیم تێدا ئامادە و پێشکەش دەکرد، بەرنامەی (دژەباو)  یەکێک بوو لەو هەوڵانەم لە بواری میدیادا کە تەواوکەری کارەکانم بوو لە کوردستانی نوێ دا. خۆشحاڵم لە یادی 33 ساڵەی رۆژنامەکەدا و لە کۆنفرانسە سەرکەوتووەکەی بەخۆداچوونەوەی بۆردی راگەیاندن دا ئەوەتا دووبارە لە کوردستانی نوێ دەستم بە خەبات کردۆتەوە، وەک دەنگێکی هەردەم لەگەڵ خەڵک و بۆ خەڵک، مێژووی کارکردنم بۆ ئازادی و مافی مرۆڤ و مافی ژنان لەم قۆناغە هەستیارەی دۆزی گەلەکەماندا، بە قۆناغەکانی پێشترەوە گرێ ئەدەمەوە، سوپاس بۆ ئەو هەڤاڵانەی متمانەیان بە خۆشەویستیم هەیە بۆ کاری رۆژنامەوانیی و بۆ کوردستانی نوێ و خوێنەرەکانی. وەک دەستپێکیش لە ڕۆژانی داهاتوودا لەڕێی گۆشەیەکی هەفتانەوە بەیەک دەگەینەوە و دووبارە پردی خۆشەویستی و ئومێد لە نێوان خۆمان و خوێنەرەکانماندا بنیات دەنێینەوە. بەرەو پێشچوونی بەردەوام بۆ کوردستانی نوێ و خوێنەرەکانی شاد و سەرفرازبن.

٭یادەکانت، گۆرانییەکی بەناوبانگی هونەرمەندی گەورە عەدنان کەریمە، شیعری قوباد بەهرەوەرە.

#هەمەڕەنگ

بابەتە پەیوەندیدارەکان