هۆکارەکانی درۆکردنی منداڵ و چۆنییەتی چارەسەرکردنی

10:06 - 2024-01-18
ڕاپۆرت
322 جار خوێندراوەتەوە

ئەرسەلان پەرۆش


درۆ، بریتییە لە دەربڕینێک ناڕاستە و کەسێک بە ویستی خۆی لە جێی راستی دەریدەبڕێت ئامانجەکەشی بۆ هەڵخەڵەتاندنی کەسی بەرامبەرە، یان دەکرێ بڵێین درۆکردن بۆ شاردنەوەی کارێک یان کردەوەیەک بەکاردەهێنرێ کە کەسێک دەیکات بۆ دەرباز بوون لە هەندێک دەرئەنجامی خراپ.

 درۆکردن لای منداڵ
زۆرێک لە دایکان و باوکان رووبەڕوی منداڵەکانیان دەبنەوە بەهۆی ئەوەی درۆیان لەگەڵ دەکەن یان درۆ لەگەڵ ئەندامانی تری خێزان و دەورووبەر دەکەن، هۆکاری ئەم رووبەڕووبونەوەیەش بێگومان ئەوەیە هەر دایک و باوکێک دەیانەوێ منداڵەکانیان کەسێتییەکی راست و راستگۆی لێدەرچێ نەک درۆزن، لەڕاستیدا پێش هەر رووبەڕووبونەوەیەکی دایکان و باوکان لەگەڵ منداڵەکانیان بە هۆی درۆکردنەوە دەبێ هۆکاری درۆکردنەکە ئاشکرا بکرێ یان بزانرێ، چونکە دنیای منداڵ دنیایەکی ئاڵۆزە و لەچاو گەورەکانیشدا دەسەڵاتێکی کەمتریان هەیە، هەر بۆیە هەندێکجار بە چەند هۆکارێک بە ناچاری درۆ دەکەن.

ئەو هۆکارانەی وا لە منداڵ دەکات درۆ بکات
 * ترس، هەندێجار کاتێک منداڵ هەڵەیەک دەکات لە لایەن دایکان و باوکانەوە بەبێ گوێدانە هیچ دەرئەنجامێک راستەوخۆ سزا دەدەن کە سزاکان زۆربەیجار لای زۆربەی دایکان و باوکان لێدانە، بۆیە کاتێک منداڵ بۆ جاری دووەم و سێیەم و چەند بارە بە ویستی خۆی یان بەبێ ویستی خۆی هەڵە دەکات لە ترسی ئەوەی سزا نەدرێ و بۆ شاردنەوەی هەڵەکەی خۆی پەنا دەباتە بەر درۆکردن.
* درۆکردنی دایکان و باوکان لەگەڵ منداڵەکانیان: دایکان و باوکان بە دوو جۆر درۆ لەگەڵ منداڵەکانیاندا دەکەن:
- هەندێکجار دایک و باوک بۆ هەڵخەڵەتاندنی منداڵەکانیان بە گاڵتەوە درۆیان لەگەڵ دەکەن و  راستییەکان دەشارنەوە بۆ نموونە کاتێک منداڵەکەی نان ناخوات، پێیدەڵێت وەرە نانەکەت بخۆ دواتر دەتبەم بۆ یاری، بەهۆی ئەو بەڵێنەوە منداڵەکە ناندەخوات، کەچی دواتریش نایبەن بۆ یاری.
- هەندێجار دایک و باوک بەڕاستی و بە ناچاری درۆ لەگەڵ منداڵ دەکەن، بۆ نموونە باوک بە دزییەوە جگەرە دەکێشێت، کاتێک دێتەوە بۆ ماڵەوە منداڵەکەی ماچی دەکات، دەڵێت باوکە بۆنی جگەرەت لێدێت، بەڵام باوکی رەتیدەکاتەوە و درۆی لەگەڵ دەکات لە کاتێکدا منداڵەکەی بەڕوونی دەزانێ باوکی درۆ دەکات و جگەرەی کێشاوە، بێگومان ئەم دوو جۆرە لە درۆکردن هەموو کاتێک سەرکەوتوو نابێت، چونکە هەندێکجار هەر خودی منداڵەکە راستەوخۆ دەزانێت درۆی لەگەڵ دەکەن هەندێکجاریش پاش ماوەیەکی کەم درۆکە ئاشکرا دەبێ، چونکە لە بنەڕەتدا درۆکە بۆ ماوەیەکی کاتی دەکرێ بە تایبەتی.
* بۆ راکێشانی سەرنجی دەوروبەر: هەندێجار منداڵ کە دەبینێ لەلایەن چواردەورەکەیەوە گرنگی پێنادرێت، بۆیە بە ناچاری بۆ راکێشانی سەرنجی چواردەورەکەی پەنا دەباتە بەردرۆکردن.
* زۆر بڵێی: قسەکردنی زۆر مرۆڤ ناچار دەکات هەندێجار لە راستی لابدات، بۆیە کاتێک منداڵێک زۆر قسە دەکات بێ ویستی خۆی درۆ تێکەڵ بە راستییەکان دەکات.
*خەیاڵکردن: منداڵ لە تەمەنی کەمدا توانای جیاکردنەوەی راستی و خەیاڵی نییە، بۆ نموونە کاتێک منداڵ کۆترێک دەبینێ کە جووتێک باڵی هەیە و دەفڕێ دەکرێ دواتر لای هاوڕێکانی یان هەر کەسێکی تر بڵێ کۆترێک و پشیلەیەکم بینی بە ئاسماندا دەفڕین.

چۆن درۆکردن لای منداڵ چارەسەر بکەین؟
دوای زانینی هۆکارەکانی درۆکردنی منداڵ پێویستە دایکان و باوکان بە ژیری و وریاییەوە چەند هەنگاوێک بگرنە بەر بۆ ئەوەی بەشێوەی هەمیشەیی کۆتایی بەو دیاردەیە لای منداڵەکانیان بهێنن، چونکە گومانی تێدا نییە ئەگەر ئەم کارە لە منداڵییەوە چارەسەر نەکرێ ئەوا زۆر ئەستەمە لە گەورەییدا چارەسەر بکرێ و بۆ هەمیشە کەسێتی ئەو منداڵە لە گەورەییدا بە درۆکردن لە کەدار دەبێت، گرنگترین هەنگاوەکانیش ئەمانەن: 
1. زانینی هۆکاری درۆکردنی منداڵ: بێگومان درۆکردن بەشێکە لە تەمەنی ئاسایی گەشەکردنی منداڵ بە تایبەت لە تەمەنی کەمدا، بۆیە پێش هەموو شتێک پێویستە دایک و باوک بزانن هۆکاری درۆکردنی منداڵەکەیان چییە واتا بە کام لەو هۆکارانەی باسمان کرد منداڵەکە درۆ دەکات، ئەمەش ئاسانکاریت بۆ دەکات چۆن هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکەی، بۆ نموونە درۆکردن بە هۆی خەیاڵکردن جیاوازە لە درۆکردن بە هۆی ترسەوە.
2. لێبوردەیی لەگەڵ منداڵ: کاتێک منداڵ درۆ دەکات راستەوخۆ پەنامەبە بەر سزادانی، بە تایبەت لەو کاتانەی هەر خۆی راستییەکان ئاشکرا دەکات، بەڵکو لێیخۆش بە یان هیچ نەبێ سزاکەی کەم بکەرەوە، چونکە ئەگەر سزای توندت نەدا ئەوە رادێت لەسەر وتنی راستییەکان.
3. لەبەرچاوگرتنی تەمەنی منداڵ: ئەو منداڵانەی بچووکن لە تەمەنێکی کەمدا ئەو راستییە نازانن کە درۆکردن کارێکی خراپە یاخود باش نییە، چونکە بەپێی توێژینەوەکان تا گەورە نەبن بەشی پێشەوەی مێشکیان بەپێی پێویست گەشە ناکات، هەر ئەمەش هۆکاری ئەوەیە هەندێک کاری خراپ لە کاری باش جیا ناکەنەوە بە تایبەتیش درۆکردن، هەر بۆیە ناکرێ کاردانەوە یان لێپرسینەوە لەگەڵ منداڵێک کە تەمەنی چوار یان پێنج ساڵە هەمان کاردانەوە بێ لەگەڵ منداڵێک کە تەمەنی دە ساڵ یاخود زیاترە.
4.نرخاندنی راستگۆییەکانیان: کاتێک منداڵ هەڵەیەک دەکات و راستییەکانت پێدەڵێت، ئەوە پێویستە لەبری ئەوەی سەرزەنشتی بکەیت و سزای بدەیت، دەستخۆشی لێ بکەیت و سوپاسی بکەیت بەوەی راستییەکەی پێ وتوویت، هەروەها پێویستە پەرۆشیی خۆت دەرببڕیت بەو کارە و تەنانەت لە ئامێزیشی بگریت، ئەگەر ئەمەت کرد ئەوە بۆ جاری داهاتوو دەزانێ لەسەر وتنی راستییەکان سوپاس دەکرێ نەک سەرزەنشت، بۆیە بیر لە درۆکردن ناکاتەوە و شتەکانت وەک خۆی پێدەڵێت، بە پێچەوانەشەوە ناچارە درۆت لەگەڵ بکات.
5. ئامۆژگاریکردنی منداڵ بە ناڕاستەوخۆ: دروست نییە راستەوخۆ ئامۆژگاری منداڵ بکرێ بەوەی درۆ نەکات، چونکە کاریگەری دەبێت لەسەر خۆبەکەمزانین و کەسایەتی منداڵەکە، بەڵکو دەبێ بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ ئەو کارە بکرێ، بۆ نموونە لەڕێگەی خوێندنی چیرۆکێکەوە بۆ منداڵەکە پاڵەوانی چیرۆکەکە منداڵێکی راستگۆ بێ و بە شێوەیەکی خراپیش باس لە منداڵێک بکات درۆ دەکات، بەمشێوەیە منداڵ ناڕاستەوخۆ لەوە تێدەگات درۆکردن کارێکی خراپە، بەڵکو راستگۆیشی لەلا جوان و شیرین دەبێت.
6. گرنگی پێدان و نەرم و نیانی:  دایک و باوک دەبێ هەمیشە گرنگی تەواو بە منداڵەکانیان بدەن و ئاگایان لە جموجۆڵ و هەستەکانیان بێت، دەبێت هەڵسوکەوت و جوڵانەوەیان لەگەڵ منداڵەکانیان نەرمونیان بێ نەک رەق و توندوتیژ، چونکە هەم فەرامۆشکردنی منداڵ و بێ ئاگایی لێی هۆکارە بۆ درۆکردن و هەمیش توندوتیژی، بە پێچەوانەوە ئەگەر منداڵ هەست بکات دایک و باوک وەک هاوڕێ مامەڵەی لەگەڵ دەکەن ئەوا لە کاتی کردنی هەر هەڵەیەکیش بیر لەوە ناکاتەوە لێیان بشارێتەوە و درۆیان لەگەڵ بکات، بەڵکو گفتوگۆیان لەگەڵ دەکات و شتەکان وەک خۆی باس دەکات.
7. جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی دەدرێ بە منداڵ: دایک و باوک هەر بەڵێنێک بە منداڵ بدەن پێویستە جێبەجێی بکەن، ئەگەر نا منداڵەکە بەو کارە لە دایک و باوکییەوە فێر دەبێت درۆ بکات، چونکە دەزانێ باوکی درۆی لەگەڵ کردووە و رادێ لەسەر ئەوەی درۆکردن وەک دایک و باوکی شتێکی ئاساییە، بەردەوامبوونیش لەسەر ئەمجۆرە درۆکردنە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنی منداڵ دەبێتە بەشێک لە رەفتار و کەسایەتی منداڵەکە و زۆرجاریش رەنگە بەوە پێناسە بکرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان