بە نازناوی بزن وەڵامیاندایەوە

09:51 - 2024-01-23
وەرزش
127 جار خوێندراوەتەوە

لەو چاوپێكەوتنەدا كە لەپەراوێزی دابەشكردنی خەڵاتەكانی  گلۆب سۆكێر لە دوبەی كردی، كریستیانۆ رۆناڵدۆ ووتی: خولی یانەكانی سعودیە لە خولی فەرەنسی بەهێزترە و باسی ئەوەشی كردووە كە مێسی شایانی خەڵاتی زەبێست نەبووەو دەبوو ئیرلینگ هالاند ئەو خەڵاتەی ببردایە، سایتی رەسمی خولی یانەكانی فەرەنساش بەتوندی و بە وێنەیەك وەڵامی كریستیانۆ رۆناڵدۆ دەداتەوە كەلە وێنەكەدا لیۆنێل مێسی بە درێسی یانەی پاریس سانجێرمانەوە دەركەوتووەو لە پشتییەوە لەسەر فلیكسێكی گەورە نووسراوە (GOAT).  
رەنگە زۆرێك لە خوێنەران و بینەرانی خولە بەهێزەكانی ئەوروپا مانای (GOAT) نەزانن، ئەم وشەیە مانای بزن دەگەیەنێت و لە هەمان كاتیشدا كورتكراوەی (GREATEST OF ALL TIME) ە كە ماناكەی (مەزنترینی هەموو كاتەكان) ە، ئەم نازناوە خۆی بۆخۆی بە هەموو وەرزشكارێك نابەخشرێت تەنیا بە مەزنترین و دیارترین  و كاریگەرترین وەرزشكار لە وەرزشەكەیدا دەوترێت.
ماوەیەكە وشەی بزن و وێنەی ئەم ئاژەڵە دەلكێنن بە وێنەكانی مارادۆنا و پیلیەو كریستیانۆ رۆناڵدۆ و مێسیەوە، بەهەمان شێوە چەندین ئەستێرەی تری بەناوبانگی جیهانی لە وەرزشەكانی تریشدا ئەم نازناوەیان پێوەلكاندوون، لەوانە لیبرۆن جەیمس كە ئەفسانەیەكی بێ هاوتای یاریی باسكەی ئەمریكایە، رۆجییە فێدرەرەی ئەفسانەی یاریی تێنسی سەرزەوی سویسری، نابێت ئەوەشمان لە یاد بچێت كە یەكەم كەس كە ئەم نازناوەیان بە ناوەكەیەوە لكاندووە محەمەد عەلی كلای بۆكسێنەری ئەفسانەیی ئەمریكابوو، كاتێك ساڵی 1964 توانی لە سۆنی لیستۆن بباتەوە و تا كۆتایی ژیانی هەر ئەم نازناوە بەناوەكەیەوە دەلكێنرا.
ئەم نازناوە بۆ میسی و كریستاینۆ رۆناڵدۆ چیرۆكێكی تایبەتی خۆی هەیە، كاتێك ئەم دوو یاریزانە لە ئیسپانیا بۆ بارسا و ریاڵ یارییان دەكرد، بەبەردەوامی بۆ هەردووكیان بەكار دەهات، بەڵام كاتێك كریستیانۆ رۆناڵدۆ چووە یۆڤانتۆس، ئیتر یانەی ریاڵ مەدرید زۆر گرنگی بەم نازناوە نەدەدا تا بە ناوەكەیەوە بیلكێنێت، بەڵام بارسیلۆنا تا مێسی لە یانەكەیان یاریی دەكرد، زۆر توندڕەوانە (GOAT) یان بەناوی مێسییەوە دەلكاند، كاتێكیش یانەكەی جێهێشت و چووە پاریس سانجێرمان لەو کارەیان بۆ مێسی سارد نەبوونەوە، بگرە زۆر توندتر بوون، بەتایبەتیش رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ                                     (GREATEEST OF ALL TIME)یشی بۆ زیاد كرد، تەنانەت یانەی بارسیلۆنا لە سایتی رەسمی خۆی لە تۆڕی (X) یان تویتەری جاران ئیمۆجی تاجەکەی سەر سەری مێسیان گۆڕی بە (GOAT) یان بزن.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان