ئه‌مجه‌د محه‌مه‌د، وێنه‌گری ده‌زگای میدیایی كوردساته، سه‌ره‌تای ده‌سپێكی وه‌ك وێنه‌گر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 2002، یه‌كه‌م جار له ستۆدیۆی هه‌واڵ ده‌ستبه‌كاربووه، دواتر به تێپەڕینی كات وه‌ك هه‌موو وێنه‌گره‌كانی تر كاری به‌رنامه‌كانی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی ستۆدیۆی كردووه، هه‌روه‌ها دواتر كاری فیچه‌ر و فیلمی دوكیۆمێنته‌ری و دراما و فیلمی كردووە.
ئه‌مجه‌د محه‌مه‌د به دوالاپه‌ڕه‌ی وت:
به‌و پێیه‌ی به درێژایی كاركردنم هه‌وڵم داوه په‌ره به تواناكانم بده‌م له پیشه‌كه‌مدا، به تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی توانیم ناوه‌ندێكی ئه‌كادیمی ته‌واو بكه‌م له بواره‌كه‌ی خۆمدا، به دڵنیاییه‌وه جیاوازیيه‌كی زۆر هه‌یه له كاره‌كانی ئێستا و رابردووم له رووی شێواز و چۆنێتی وێنه‌گرتنه‌وه تا ئه‌و ئاسته‌ی وابكەم وێنه جێگەی به‌شێكی وته بگرێته‌وه، من كارمه‌ندم له كه‌ناڵی كوردسات، به درێژايی كاركردنم هه‌ر له‌و كه‌ناڵه كارم كردووه.
ئه‌مجه‌د وتیشی، به هۆی ئه‌وه‌ی هه‌وڵم داوه له پیشه‌كه‌ی خۆم زیاتر قووڵ ببمه‌وه كه‌مترین ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌م هه‌بووه له راگه‌یاندندا پیشه‌ی تر تاقی بكه‌مه‌وه، هه‌رچه‌نده چه‌ند پیشه‌یه‌كی تر هه‌یه كه له كاره‌كه‌ی خۆمه‌وه نزیكه و ئه‌زموونم كردوون وه‌كو ده‌رهێنان و مۆنتاژ، به‌ڵام پیشه‌كه‌م ئه‌وه‌ی پێ به‌خشیوم كه هه‌میشه بیر له داهێنان بكه‌مه‌وه و گۆڕانكاری تازه بكه‌م له بواره‌كه‌مدا، ئامانجم په‌ره‌سه‌ندنه له بواره‌كه‌ی خۆمدا، چونكه وێنه‌گرتن هونه‌ره، هونه‌ریش هه‌میشه له گۆڕانكاریدایە، ئه‌گه‌ر وێنه‌گر نه‌بومایه پێم خۆش‌بوو وه‌كو ئیدیته‌ر كاری ئیدیتم بكردایه، هاوكات ده‌رچووی كۆلێژی هونه‌رم به‌شی سینه‌ما له‌وێش به‌شی (cinematography) یم ته‌واو كردووه واته وێنه‌گری سینه‌مايی له زانكۆی سلێمانی، ماوه‌ی 23 ساڵه له راگه‌یاندن كار ده‌كه‌م، به خۆشحاڵيیەوە چه‌ند مانگێكی سه‌ره‌تای ده‌سپێكردنم له راگه‌یاندن له به‌شی پێشوازی كارمكردووه و دواتر بووم به وێنەگر.
دیانا ئه‌حمه‌د