راپۆرتی/ ئەیاز هه‌ركی
لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، کادرانی ده‌ڤه‌ری بادینان و ئه‌ندامانی پارته‌كانی رۆژاڤا پشتگیریی یەکێتی دەکەن بۆ دەستپێكردنەوەی خەباتی سیاسی لە پارچەكانی تری كوردستان، دەشڵێن هاوکاربوون لەگەڵ لایەن و دۆستەکانی له پارچه‌كانی دیکەی كوردستان هه‌نگاوێك ده‌بێت بۆ پێشڤەچوونی خه‌باتی سیاسی.
سیار بامه‌ڕنی، جێگری مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له دهۆك، دەڵێت: هیوادارم نوێكردنه‌ی به‌رنامه و رێكاره‌كانی حزب، بەپێی پەیڕەو و بەرنامەکان جێبەجێ بکرێت، توانای کادرانی دێرین و پێشمەرگە و گەنجانی داهێنەر لە دامەزراوەکانی حزب و بەشەکانی تری حکومەتدا گرنگی پێبدرێت، ئێمە داواكارین (دیداری یەکێتی) کاروباری ناوخۆیی حزب بۆ قۆناغی داهاتوو رێکبخاتەوە، چونکە ئەم حزبە بە درێژایی تەمەنی چەندین قۆناغی سەختی تێپەڕاندووە و زیاتر له نیو سه‌ده‌یه یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پێگه‌یه‌كی ستراتیژی و گرنگی هه‌یه و رۆڵی له گۆڕه‌پانی سیاسه‌تی عیراق و كوردستان و هاوكێشه‌كانی جیهاندا هه‌بووه، بەتایبەتی پرسی كورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
رۆڵی هاووڵاتیانی بادینان و رۆژاڤا بە گشتی گەورە و کاریگەر بووه لە دامەزراندنی یەکێتی و دەستپێکردنەوەی شۆڕشی نوێ‌دا.
بادینان دەروازەی شەهیدان و بناغەی حزبی شەهیدان بووه و یەکەمین گروپی به‌كۆمه‌ڵی شەهیدانی شۆڕشی نوێ خەڵکی بادینان بوون، ئه‌و كادره پێشكه‌وتووه‌ی یه‌كێتی وتیشی: من یەکێک بووم لەو کەسانەی لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا شانه‌ی رێکخستنمان دروستکرد و لە ساڵی 1981 بووم به پێشمەرگە لە شاخ، بادینی ئازا و چالاك له‌و كاته‌دا له‌ناو یه‌كێتیدا زۆربوون و جێ دەستیان له خه‌باتی ئه‌م حزبه‌دا دیاره و به شانازییه‌وه خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی به‌هێزبوون. جگە لەوەش لە بواری رۆشنبیری‌دا چەندین کەسایەتی دیکەی بادینان و رۆژئاڤا درێژەیان بەخەباتی سیاسی خۆیان داوه. ئەمەش لە قۆناغە سەرەتاییەکانی دامەزراندنی یەکێتیدا دیاره و لە دوای راپەڕین جارێكی تر خەڵكی ده‌ڤه‌ری بادینان رۆڵێكی گرنگیان لە چەسپاندن و گەشەپێدانی یەكێتیدا گێڕا. یەکێتی وەک حزبی شەهیدان و قوربانیده‌ر لە سەردەمێکدا دامەزرا، رژێمی عیراق و وڵاتانی ناوچەکە نکۆڵییان لە گەلی کورد و مافەکانیان دەکرد، به‌ڵام سه‌رۆك مام جه‌لال توانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بگه‌ڕێنێته‌وه شاخ و خه‌بات بۆ ئازادیی و دیموکراسی لە كوردستان و عیراق لە چیاکانی کوردستانەوە ده‌ستپێبكاته‌وه.
ئومێدی بە ئاییده‌ی گەلی کوردستان بەخشی
جەمیل خدر، لێپرسراوی پێشووی مەڵبەندی 15ی یەكێتی دەڵێت: یەكێتی لە دۆخێك‌دا هاتۆتە ئاراوە، بەڕاستی بێ ئومێدی باڵی به‌سه‌ر گه‌لی كوردستاندا كێشابوو، بە تایبەتی دوای نسكۆی ساڵی 1975 کە خەڵک بەرەو ئێران و وڵاتانی دیکە ئاواره بوون، یەکێتی لە کاتێکدا سەریهەڵدا گەلی کورد پەنایەکی نەبوو، به‌ڵام دامەزراندنی یەکێتی به‌فعلی ئومێدی بە ئاییده‌ی گەلی کوردستان بەخشی و هه‌ر له سەرەتای دامه زراندنییەوه، بە بیری هاوچەرخه‌وه كاروانی خه‌باتی گرته‌به‌ر و هه‌ر زوو تێکەڵبوو له‌گه‌ڵ کرێکاران و هەژاران و توێژەکانی تری کوردەواری كه هەمیشە سووتەمەنی شۆڕش بوون. ئەمەش وایکرد کادیران و پێشمەرگەکانی یەکێتی بە بیروباوەڕێکەوە شەڕ بکەن، کە لەم سەردەمەدا بۆ هێزێکی سیاسی له عیراق و كوردستاندا زۆر دەگمەنە لە رووی بیروباوەڕ و لێبوردەییەوە مژده‌به‌خشی خه‌ڵكی كوردستان بێت.
وتیشی: خەڵکی بادینان و پارچەکانی تری کوردستان رۆڵێکی سەرەکییان هەبووه لە دامەزراندنی یەکێتیدا و کۆمەڵێک تێكۆشه‌ر و رۆشنبیر قوربانییان بۆ داوه و رۆڵی خۆیان تێدا بینیووه و مەفرەزەی یەكەمی شۆڕشی نوێ لە خەڵكی بادینان پێكهاتبوون و ناوچەكەیان بوو بە ناوەندی دامەزراندنی یەكێتی و خەباتی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان و خەڵکی بادینان و شنگال و رۆژاڤا لایەنگر و یارمه‌تیده‌ری سەرسەختی یەکێتی بوون و بەهەموو شێوەیەک هاوکاری یەکێتی و شۆڕشی نوێیان کردووه.
پایه‌یه‌كی گرنگی دۆزی گه‌لی كوردە
هه‌روه‌ها وتی: دیداری یه‌كێتی بۆ چه‌سپاندنی بیر و بنه‌ماكان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مەركه‌زییەت و سزا و پاداشت هه‌نگاوێكی باشه تا نزیكتر ببێته‌وه له دۆست و لایه‌نگرانی خۆی. ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌م قۆناغه كارێكی ئه‌رێنی ده‌بێت، چونكه یه‌كێتی پایه‌یه‌كی گرنگی دۆزی گه‌لی كوردە له سه‌رتاسه‌ری كوردستان و ماکی راگرتنی هاوسه‌نگیی حوكمڕانییە لە باشووری کوردستان و عیراقیشدا بۆیە پێویستە بە شێوازێکی باشتر درێژە بە خەباتی رێکخراوەیی خۆی بدات.
لایەنگری سیاسەتەکانی یه‌كێتی-ن
هه‌ر له‌وباره‌یەوە د.ئەحمەد بەرەکات، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی پێشکەوتنخوازی کورد لە سوریا وتی: ئه‌مه رۆژێکی پیرۆزه له مێژووی نه‌ته‌وه‌یی کورد دا، بەتایبەتی بۆ ئێمەی پارتی دیموکراتی پێشکەوتنخواز کە لە سەرەتای دامەزراندنی یەکێتییەوە پشتیوانیمان کردووە، سەرۆك مام جەلال و مامۆستا عەبدولحەمید دەروێش سكرتێری حزبەكەمان، پارێزەری ئەو پەیوەندییانە بوون و هەمیشە خۆمان بە لایەنگری سیاسەتەکانی یه‌كێتی دەزانین، بەتایبەتی سەبارەت بە خەباتی سیاسی و نیشتمانی یه‌كده‌نگ و هاوڕا بووین. جگە لەوەش زۆربەی دەستکەوتەکانی ئێستای باشووری کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ سەرۆک مام جەلال و هاوڕێکانی کە هەمیشە پاڵپشتی و هاوکاری هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستانیان کردووە.
وتیشی: ئەمڕۆ یەكێتی هێزێكی سەرەكییە لە كوردستان و عیراق، پشتگیریی لە قسەكانی بەڕێز بافڵ جەلال تاڵه‌بانی دەكەین بۆ دەستپێكردنەوەی خەباتی سیاسی لە پارچەكانی تری كوردستان. چونکە هاوکاربوون لەگەڵ لایەنە دۆستەکانی له پارچه‌كانی دیکەی كوردستان هه‌نگاوێك ده‌بێت بۆ خه‌باتی سیاسی. بەتایبەتی بۆ تێپەڕاندنی کێشە ناوخۆییەکانی لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاڤاو رەچاوکردنی بارودۆخی ئه‌م به‌شه‌ی کوردستان. پێویستە سه‌رۆكی یه‌كێتی، رۆڵی سەرۆک مام جەلال بگێڕێت و روو لە پارچەکانی تری کوردستان بکات. بۆیە دیداری یەکێتی قۆناغێکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان و گێڕانەوەی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیریی بۆ ناوخۆی یەکێتی، ئه‌مه‌ش بەرژەوەندیی راستەوخۆی گەلی کوردستانی لێ بەرهەم دێت.
سەلام لیناڤه‌ی، پێشمەرگەی دێرین و یەکێک لە بەشداربووانی شۆڕشی نوێ له بادینان وتی: پەیامی من بۆ بەرپرسانی یەکێتی و هەموو کادران و ئەندامانی دڵسۆز ئەوەیە ئەم رۆژه مێژووییه لەبیر مه‌كه‌ن، چونکە له قۆناغێکی هەستیار و سەختدا ی.ن.ک دامەزراو بەڕۆحێکی ئازایانه و شۆڕشگێڕانەوه سه‌ریهه‌ڵدا بۆ پاراستنی خاک و کەرامەتی تاکی کورد، لە کاتێکدا کەلتوور و مێژوو و شارستانییەتی ئێمە لە باشووری کوردستان لە ژێر هەڕەشە و وێرانکاریدا بوو. بەڵام جارێکی تر گەنجانی کوردپەروەر لە ژێر ئاڵا و بیروباوه‌ری پێشکەوتووی یه‌كێتی به چه‌كه‌كانیان رێگای به‌رگریی میللی و نه‌ته‌وه‌ییان گرته‌به‌ر و نه‌یانهێشت خه‌ونی داگیركه‌ران بێته‌دی و به‌مشێوه‌یه دامه‌زراندنی یه‌كێتی و كاروانی شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌مان ده‌ستیپێكرد.
وتیشی: هیوادارم سەرکردایەتی ئێستای یەکێتی بیر لەو رۆژە سەختانە بکاتەوە کە یەکەم بڵێسەی شۆڕشی نوێ به قوربانیدان و فرمێسکی دایکانی هەژاران ده‌ستیپێكردووه و پێویستە بە لۆژیکی و بەرپرسیارانە سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی سەیری داهاتووی حزبی شەهیدان بکه‌ن و لەسەر بنەمای ئەو ئایدیایانە بەردەوام بێت کە یەکێتی لە پێناویدا دامەزراوە و رووبارێک خوێنی بۆ بەخشیووە.
بادینان دەروازەی سەرهەڵدانی یەکێتی
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند پێویسته رۆڵی پێشمه‌رگه و كادر و سه‌ركرده‌كانی ده‌ڤه‌ری بادینان به‌رز بنرخێنن، چونكه له هه‌موو قۆناغه‌كانی شۆڕشی نوێ‌دا له پێشه‌وه‌ی خه‌باتدا بوون. تا راپەڕینی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان زۆرێک لە سەرکردە و کادران و پێشمەرگە لە دەڤەری بادینان گیانی خۆیان بەختکرد له‌پێناوی یەکێتی خاک و خەڵکی کوردستاندا. لە نموونەکانی ئەو شەهیدە گیانبازانەش: ئیبراهیم عەزۆ، حسێن بابه‌شێخ، سوولاقه توومای کلدانی و سەدان شەهیدی دیکە. بۆیە ده‌ڤه‌ری بادینان وەک دەروازەیەک بۆ شۆڕشی نوێ پێگەی خۆی لەو مێژووەدا تۆماركردووه.
هیواشی خواست دیداری یه‌كێتی به دروستی بیر له چاره‌سه‌ركردنی ته‌واوی ئه‌و كێشانه‌ی ناو یه‌كێتی بكاته‌وه كه چه‌ندین ساڵه به چاره‌سه‌رنه‌كراوی ماونه‌تەوه و ده‌ستپێشخه‌ری و ئاشته‌وای گشتی لەناو یەکێتیدا بگەڕێتەوە و ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە کە لەساڵانی رابردوو لە نێوان یەکێتی و جەماوەرەکەیدا دروستبووە و جەخت لە ئایندەی حزب و کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچه‌كه و جیهان بکەنەوە.