ئامادەیی کورد بۆ قۆناغی دوای کشانەوەی ئەمریکا

09:49 - 2024-01-30
ڕاپۆرت
223 جار خوێندراوەتەوە

شرۆڤەی: ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

عیراق و ئەمریکا، یەکەم دیداریان تایبەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عیراق کرد، پێشتریش لە نێوان هەردوولادا رێکەوتن کراوە کۆتایی ساڵی 2024 ئەو هێزانە بکشێنەوە، بەڵام لە روانگەی لێدوانی گەورە لێپرسراوانی ئەمریکاوە لە عیراق، ئەوە دەخوێندرێتەوە کە لێپرسراوانی عیراق لەنێوان دوو ئاڕاستەی دژبەیەکدا دابەشبوون بۆ کشانەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عیراق، بەڵام مەترسیدارترین پاڵنەر کە پێداگرە لەسەر کشانەوەکە، هێزە «نادەوڵەتییە_ ناڕەسمییەکان)ی عیراقە کە واهەست دەکەن لە رۆژگاری بوونی ئەمریکادا لە عیراق ناتوانن دەربکەون و خۆیانیان شاردۆتەوە و لە چرکەساتێک دەگەڕێن بێنە رووناکی و ئیدی تارمایی ئەمریکا بەسەریانەوە نەمێنێت.

هێڵێکی سوننی لە ناوچەکەدا
ئەوەی پێشبینی دەکرێت بۆ قۆناغی دوای ئەمریکا، عیراق سەردەمێکی ناڕوون چاوەڕێی دەکات، کارەساتی دوای ئەم کشانەوەیە ئەوەیە کە عیراق لە ویستی دەوڵەتێکی دیموکراتیزەکراوەوە بگۆڕێت بۆ دەوڵەتێکی سێنتراڵی تەواو داخراو کە هەموو ئەو هەوڵانەی لە دوای ساڵی 2003وە بۆ عیراقێکی نوێ درابوون، بەهەدەر بڕۆن و گەڕانەوەی عیراق بۆ سەنتەربوون وەک هەر نموونەیەکی دیکەی جیهانی ببینرێت. لەم کاتەشدا یەکەم پێکهاتەی زەرەرمەند، کوردە، چونکە دوای کشانەوە ئیدی کورد لەگەڵ پێکهاتەکانی عیراقدا، هەمان دۆستەکەی پێش و پاش مێژووی پڕۆسەی ئازادیی عیراق نابن، هەرچی سوننەکانیشە، لەدوای پڕۆسەی کشانەوە، حاڵیان لە کورد باشتر دەبێت، چونکە ئێستا هێڵێکی سوننی لە ناوچەکەدا هەیە کە بە ئاشکرا پشتیوانی سوننەکان دەکات و وەک کورد بێکەس و پشت و پەنا دەرناکەون.

کورد ئامادەیە بۆ قۆناغی دوای کشانەوەی ئەمریکا؟
کەواتە؛ پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: کە ئاخۆ کورد ئامادەیە بۆ قۆناغی دوای کشانەوەی ئەمریکا؟ بێگومان دەبێت قسە لەسەر چەند پرسێکی کورد بکەین، ئینجا دەتوانین بڵێین بەڵێ ئامادەیە، یان نەخێر ئامادە نییە.

یەکەم: یەکێتیی نەتەوەیی و یەکگرتوویی
پێمانوایە، هەموو کوردێکی خاوەن خوێندنەوەی ورد بۆ واقیعی کورد و پێگەی کورد لە ناوچەکەدا، کاتێک گوێی لە یەکگرتوویی و یەکگوتاریی کورد دەبێت، چەندان رەخنەی توندی راست و واقیعی لە کورد و حزب و بزوتنەوە و شۆڕش و میرنشین و لەسەروو هەمووشیانەوە لێپرسراو و سەرکردە کوردەکان دەگرێت کە دەرفەتی بەرهەمهێنانی یەکدەنگی و یەکڕیزی و یەکگوتارییان بەدەستنەهێناوە و بەو دۆخەوە ژیانی سیاسی کوردیان بەڕێ کردووە، بە ئێستایشەوە کە سەروبەندی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکایە لە عیراق، هیچ ئاسۆیەک بۆ دروستکردنی ئەم یەکێتیی نەتەوەیی و یەکگوتارییە کوردییە لە گۆڕێدا نییە، ئەوەش مەترسیدارە و ناکرێت کورد خۆی بۆ ئەو قۆناغە و ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا لە عیراق، ئامادە نەکات و پشتگوێی بخات.

دووەم: نەوت و ئابوورییەکی بەهێز
کورد ئێستا لە شەڕی ئابوورییەکی داتەپیودایە کە ئەو ئابوورییەش لەبەردەم جەنگی دراودایە، واتە کورد لەکاتێکدا لەگەڵ عیراق لە ململانێی وەرگرتنی پشکی بودجە و مووچەی فەرمانبەرەکانیدایە، ئەوا هاوکات عیراقیش لەبەردەم جەنگێکی گەورەی دراودایە لەگەڵ دۆلاری ئەمریکاییدا، بەبێ دوودڵی کشانەوەی ئەمریکا لە عیراق، واتە بە تمەنکردن و لیرەکردنی پارەی عیراقیش، بە مانایەکی دیکەش واتە: ئەو کارەساتەی بەسەر تمەنی ئێرانی و لیرەی تورکیدا هاتووە لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکیدا، بەسەر پارەی عیراقیشدا دێت و دۆخی عیراقیش بەگشتی و هەرێم بەتایبەتی، دەکەوێتە بەردەم کارەساتی گەورە و بەهەر شێوەیەکیش لێی بڕوانین زەرەرمەندی یەکەم کورد دەبێت.
دەبیت جارێکی دیکە ئەو راستییە بڵێین کە، دەرفەتی دەرهێنانی نەوت باشترین خاڵێک بوو کە کورد بەهێز بکات و وەک ئێستا خەمی قۆناغی دوای کشانەوەی ئەمریکای نەبێت، بەڵام ئەو خاڵە کاریگەرەش بەهۆی هەڵەی کورد خۆیەوە، لەدەست دەرچوو، ئەوەی ئێستا دەبێت کورد چاوەڕوانی بکات، تەنها بەرداشی نێوان تورکیا و عیراقە، ئایا کەی رێکدەکەونەوە لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم؟

سێیەم: دیپلۆماسیی کورد
ئەگەر گریمانەی کشانەوە و نەکشانەوەی ئەمریکا لە عیراقدا بەکراوەیی بەجێبهێڵین و لە باری شێنەییدا بپرسین: دیپلۆماسیی کوردی لە کوێ و چ ئاستێکدایە؟ بێگومان وەڵامێک ئامادەیە کە زۆر خۆماندووکردنی ناوێت، ئەو وەڵامەش لەکاتێکدا بەدەستهات کە لە چەند ساڵی رابردووشدا کوردستان تووشی قەیرانی ئابووری و دۆخی دوای ریفراندۆم و جەنگی داعش و بەم دواییانەش رووبەڕووی هێرشی درۆنەکان بۆتەوە و کەس و وڵات و لایەنێک نییە لەسەر پرسە کوردی و کوردستانییەکان بە دەنگ بێت، کەواتە ئەمەش نیشانەی خراپی کایەی دپلۆماسیی کوردە لەگەڵ کۆی ئەو وڵاتانەدا کە پێشتر وەک دۆست و هاوپەیمان دەردەکەوتن و هیوامان پێیان هەبوو.

دوو مۆدێل بۆ قۆناغی دوای کشانەوە
کەواتە، ئێستا کورد لە بەردەم دوو مۆدێلی هاوشێوەدایە کە یەکەمیان هیندستانە کاتێک کە بەریتانییەکان دەکشێنەوە و ئەو وڵاتە حوکمێکی خۆبەخۆیان تاقیکردەوە و سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و ئەو وڵاتە بووە یەکێک لە وڵاتە خاوەن ئابوورییە باش و سەرکەوتووەکانی دەرەوەی خۆرئاوا و ئەوروپا و ئەمریکا، دووەمیشیان ئەفغانستانی دوای کشانەوەی ئەمریکایە کاتێک وڵاتەکە کەوتەدەست هێزێکی ئیسلامیی داخراوی وەک تالیبان کە رەنگە ئەو وڵاتە بۆ چەندان دەیەی دیکە بگێڕێتەوە دواوە.
لێرەوە دەردەکەوێت، کورد بەپێی هەر یەکێک لەو لینکە بەهێزانەی پێویستە هەیبێت، نییەتی و هێشتا ئامادەی قۆناغێک نییە کە قۆناغی دوای کشانەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانانە لە عیراق و روبەڕوبوونەوەی ئەو مەترسییانەی رەنگە دوای کشانەوەکە لە عیراقدا تووشی کورد ببن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان