ره‌نگین سەمەد: ژیانم بە بێ راگه‌یاندن مردنه‌

10:17 - 2024-01-30
دیدار
650 جار خوێندراوەتەوە

دیانا ئه‌حمه‌د

 

ره‌نگین سەمەد محه‌مه‌د، پێشكه‌شكاری كه‌ناڵی كه‌ركوكه‌، ماوه‌ی چوار ساڵه‌ تێكه‌ڵی دونیای راگه‌یاندن بووه‌، له‌ كۆتایی ساڵی 2019ه‌وه‌ به‌ وزه‌یه‌كی زۆره‌وه‌ ده‌ستبه‌كاربووه‌.
ره‌نگین سەمەد به‌ دوالاپه‌ڕه‌ی وت: راسته‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر كارێك لایه‌نی مادییش خۆشه‌، به‌ڵام هیچكات به‌ ئامانجی بژێویی ژیان تێكه‌ڵ به‌ راگه‌یاندن نه‌بووم، ئێستا ئامانجم سه‌ركه‌وتنی خۆمه‌ له‌ بواره‌كه‌م، دواتریش له‌ خزمه‌ت گه‌یاندن به‌ ده‌وروبه‌ر له‌ڕێی كاره‌كه‌مه‌وه‌ به‌تایبه‌ت ژنان، راگه‌یاندن جوانترین و پیرۆزترین و باڵاترین پیشه‌یه‌، هاوكات راگه‌یاندن فێری كردم توانا و خودی خۆم بدۆزمه‌وه‌ و بیخه‌مه‌گه‌ڕ، بۆ من ژیان به‌بێ راگه‌یاندن مردنه‌، چونكه‌ كه‌سێك به‌ته‌واویی چێژی له‌و پیشه‌یه وه‌رگرتبێ ئه‌سته‌مه‌ بتوانێ ده‌ستبه‌رداری بێت.
ره‌نگین وتیشی، جگه‌ له‌پێشكه‌شكاری سه‌رقاڵی پڕۆژه‌یه‌كم نامه‌وێت جارێ بیدركێنم، گه‌ر پیشه‌یه‌كی دیكه‌شم هه‌بێت هه‌رگیز بیرم له‌وه‌ نه‌كردووه‌ته‌وه‌ ده‌ستبه‌رداری راگه‌یاندن بم، چونكه‌ به‌ رۆح تێكه‌ڵی بووم‌، پێویسته‌ پێوه‌ر و هه‌ڵسه‌نگاندن بكرێته‌ بنه‌مای كاركردن تا ببێته‌ ئاراسته‌یه‌ك بۆ به‌ره‌وپێشچوون و له‌سایه‌یدا داهێنان هەبێت، ئێستا له‌ بواری بێژه‌ریی و پێشكه‌شكاری و ئاماده‌كاریی بەرنامەدا كارده‌كه‌م، ده‌ره‌قه‌تی هه‌موو بواره‌كانیش دێم و له‌ هه‌موویاندا خۆم پێباشه‌، به‌رنامه‌كه‌م ناوی (پێشڕه‌وان)ه‌، تا ئێستاش 22 ئه‌ڵقه‌یم پێشكه‌شكردووه‌، به‌رنامه‌ی (پێشڕه‌وان) تایبه‌ته‌ به‌ خانمان، به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و خانمانه‌یه‌ كه‌ لە كۆمەڵگەدا بوونه‌ته‌ نوخبه‌ و ئه‌زموون و سه‌ركه‌وتنیان له‌هه‌ر بوارێكدا به‌ده‌ستهێنابێت، راگه‌یاندن بۆ من وه‌ك ژنێك سه‌ره‌تا كه‌مێ زه‌حمه‌ت بوو، به‌ڵام من به‌ته‌حه‌داوه‌ هه‌وڵمداو به‌رده‌وامیش ده‌بم، 10 ساڵ پێش ئێستا شوومكردووە، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ماوه‌ی  شه‌ش ساڵه‌ هاوسه‌ره‌كه‌م له‌ده‌ستداوه‌و خاوه‌نی كچێكیشم به‌ناوی (نمــــه‌)‌، بیرۆكه‌ی به‌رنامه‌كه‌ له‌لایه‌ن ستران عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی (ی.ن.ك)ه‌وه‌ بوو، خێزانه‌كه‌م واته‌ باوك و دایكم هاوكارێكی باشی منن به‌شێكن له‌سه‌ركه‌وتنه‌كانم ئه‌مه‌ وه‌ك خێزان له‌نێو میدیاشدا هاوڕێ و هاوپیشه‌م (محه‌مه‌د تاهیر) بێژه‌رو سه‌رپه‌رشتیاری ساڵۆنی شه‌قامی جمهوری پشتیوانم بووە.


#هەمەڕەنگ

بابەتە پەیوەندیدارەکان