یادەوەریی وەرزشی

10:33 - 2024-01-30
وەرزش
119 جار خوێندراوەتەوە
کاژاو کەمال

خەسرەو گورون

100



لە دوو ئەڵقەی رابردوودا تیشكێكم خستە سەر دوو یاریمان لە خولی دۆستانەی تۆپی پێیی یانەکانی کوردستان کە لە هەولێر ساڵی 1990 رێکخرا، (ئەمانەی عاممەی رۆشنبیری و لاوانی حوکمی زاتی) ئەوسا سەرپەرشتی کرد و رێکیخست، تیپی یانەکانی (سلێمانی، سیروان، زاخۆ، هەولێر، برایەتی) تیایدا بەشدارییان کرد، یارییەکانیش هەموویان لە یاریگای ئیدارەمحەلی ئەوسای هەولێر بەڕێوە بران.
لە یەکەم یاریماندا کە رۆژی 20/8/1990 کرا، 0-1 بە یانەی برایەتی دۆڕاین، رۆژی 21/8/1990دووەم یاریمان لەم خولەدا لە تیپی یانەی هەولێر 2-0 بردەوە، رۆژی 22/8/1990 سێیەم یارییمان لەم خولەدا لەگەڵ یانەی سیرواندا بوو کە 2-1 ئەم یارییەشمان بردەوە.
تیمێکی ناوبژیوانی شاری هەولێر ئەم یارییەیان بەڕێوە برد کە (فاروق تۆفیق و فەیسەڵ و ئازاد) بوون، ئێمە بەدرێسی سپی و سیروانی شاری سلێمانیش درێسی سووریان لەبەردابوو، عومەر خەتاب و حەمە بچکۆل راهێنەرانی ئێمە بوون، خوالێخۆشبوو دکتۆر عەتا چارەسەرکەری تیپ بوو، دۆڕاوی ئەم یارییە دەکرایە دەرەوە، چونکە هەردووکمان یەکەم یاریمان دۆڕاندبوو، بۆیە هەردوولا بۆ بردنەوە یارییمان دەکرد، ماندوو بوونیش بە هەردوو تیپەوە دیار بوو چونکە پشوودان نەبوو، رۆژی یارییەکمان دەکرد، پیكهاتەی ئێمە وەک یانەی سلێمانی لەم یارییدا بەم جۆرە بوو:
*گۆڵچی: سیروان محەممەد-عەبۆل.
* بەرگری: هادی کەریم، شەماڵە ڕەش، نەوزاد مستەفا، کاوە سدیق.
*ناوەند: زانا، ئاسۆ قەلە، ئامانجی سەید برایم-کاپتنی تیپ.
*هێرشبەر:ئالان قادر و سەڵاحی شێخ ئەمین و ئومێدی شێخ حسێن.
لە یارییەكەدا هەردوو راهێنەر ئەم گۆڕانكارییانەیان كرد: خەسرەو گورون بۆ شوێنی هادی، تەنیا حەسەن تەنیا  بۆ شوێنی شەماڵە ڕەش، بەکری شێخ مستەفا بۆ شوێنی زانا، یاریزانە یەدەگەکانیشمان (کاژاو کەمال و شوان عەتوف و عەتا سوور و دێرێی دکتۆر لەتیف و خوالێخۆشبوو عەتای گۆڵچی و شەهید هەرسین رەسوڵ) بوون.
تاکە گۆڵی سیروانی نوێ لە دەقیقەی 8 دا کردیان، دواتر سەڵاحی شێخ ئەمین و خەسرەو گورون لە دەقیقەکانی 73 و87 دا هەردوو گۆڵی بردنەوەی یانەی سلێمانییان کردو یارییەکەش 2-1 سلێمانی بردییەوەو سیروانی نوێ کرایە دەرەوە.
بەمەش توانیمان بگەینە یاریی پێش کۆتایی و لە یاریی پێش کۆتاییشدا رووبەڕووی زاخۆ بووینەوەو لە ئەڵقەی داهاتوودا باسی ئەم یارییە دەکەم.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان