رەوەز ئیسماعیل
ئەمساڵ یانەی بارسیلۆنا لەباردۆخێكی هێندە خراپدایە كە زۆر دەمێكە بارودۆخی وەها خراپی بەخۆیەوە نەدیوە، رۆژنامەكانی كەتەلۆنیاش ئەم خراپی بارودۆخە بێ وێنەیە بەپلەی یەكەم بۆ چاڤی هێرناندێزی راهێنەر و ئاستی خراپی هێندێك لە یاریزانەكان دەگێڕنەوە.
ئامارێكی خراپ
سەرەتا با سەیری ئامارە خراپەكان بكەین كە ئەمساڵ ئەم تیپەی بلوگرانا لەسایەی چاڤی و خراپی ئاستی چەند یاریزانێكی وەك لیڤاندۆڤسكی و رۆمیۆ و سێرجی رۆبیرتۆ و كۆندی و تۆرێس تۆماریكردوون:
*لەم ماوە كورتەی رابردوودا، یانەكانی جیرۆنا و ریاڵ مەدرید و ئەتلەتیك بیلباو بە جیاوازی چوار گۆڵ لێیان بردۆتەوە، ئەم هەفتەیەش 3-5 بە ڤیاریاڵ دۆڕا.
*بۆ یەكەمین جارە لە ساڵی 1994 – ەوە بارسیلۆنا لەیاریگای خۆیدا پێنج گۆڵی لێ دەکرێت.
*لە ماوەی تەنیا دوو هەفتەدا، جامی سوپەری ئیسپانیای بە ریاڵ مەدرید دۆڕاندووە، لە جامی شای ئیسپانیا بەدەستی بیلباو كرایە دەرەوە، لە خولی ئیسپانیاشدا بێ هیوا بووەو ئێستا 11 خاڵ لە دوای یەكەمی ریزبەندییەوەیەو تەنانەت ترسی ئەوەشی لە سەرە پلەی چوارەمیی ریزبەندییش لە دەستبدات.
*ترسێكی گەورەتریشی لەسەرە کە ساڵی ئایندە لە جامی سوپەری ئیسپانیاشدا یاریی نەكات.
*چاڤی بووبە یەكەمین راهێنەری یانەی بارسیلۆنا لەمێژوودا زۆرترین دۆڕاندنی لە وەرزێکدا هەبێت و هێشتا وەرزیش چەند مانگێكی ماوە كۆتایی بێت.
ئەم هەموو ئەنجامە خراپانە وەك رۆژنامەكانی كەتەلۆنیا باسیان كردووە، پشكی شێری بەر چاڤی دەكەوێت لەبەر ئەوەی راهێنەرێكی بە ئەزموون نییە، خوێندنەوەی بۆ تیپی بەرامبەر نییە، لە دانانی تەشكیلە و گۆڕینی یاریزاندا سەركەوتوو نییە، لە دۆزینەوەی یاریزان بۆ تیپەكەی سەركەوتوو نەبووە، لەگەڵ چاڤیشدا ئیدارەی یانەكەو لاپۆرتای سەرۆك پشكێكی گەورە تریان بەردەكەوێت كە نەیان توانیوە بە باشی ئیدارەی تیپەكە بدەن.
لەگەڵ ئامەنەشدا چەندین یاریزانی وەك لیڤاندۆڤسكی و كۆندی و رۆمیۆ و سێرجیۆ رۆبیرتۆ و فرناندۆ تۆریس و رافینیا لە ئاستی ناو و پێگەی یانەی بارسیلۆنادا نین.
دۆڕاندنە دراماتیكییەكەی شەوی شەممەی رابردوو هەموو ئەمانەی دووپات و سەدپات كردەوە، تیپێك تایمی یەکەم 2-0 لە دواوە بووە، لە تایمی دووەمدا و پاش ئەوەی هەر لە سەرەتای تایمەكەدا سێ گۆڕانكاری كرد، توانی 3-2 پێشبکەوێت، بەڵام یاریزانانی بەرگری و ناوەند و هێرشبەر نەیانتوانی پارێزگاری لەم بردنەوەیە بكەن، بە پێچەوانەوە 3 گۆڵی تریان لە دەقیقەی 84 تا كۆتایی یارییەكە لێکرا، ئەمەش هیچ مانایەك هەڵناگرێت جگە لەوەی كە تیپەكە بێ سەرو بەرەیە و راهێنەرێكی لاوازیان هەیە و گیانی بەرگرییان نییە و ناتوانن پارێزگاریی لە ئەنجام بكەن.
ئێستا دوا بڕیار و پێشهات ئەوەیە كە چاڤی لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی پاش تەواو بوونی ئەو یارییە، رایگەیاند كە كۆتایی ئەم وەرزە لە مانگی 6/2024 دا بەرەسمی دەست لەكار دەكێشێتەوە.
سەرچاوەیەكی هەواڵی نزیك لە یانەی بارسیلۆنا راگەیاند: پاش تەواو بوونی یارییەكەیان بەرامبەر ڤیاریاڵ، ئیدارەی یانەكە كۆبوونەوەیەكی بەپەلەیان كردووە بۆ بڕیار دان لەسەر چارەنوسی تیپەكەو راهێنەر و ئەنجامە خراپەكان، چاڤی بە لاپۆرتای ووتوە با بەرەسمی بە راگەیاندنەكان رابگەیەنێت كە چاڤی لە پۆستەكەی دوورخراوەتەوە، بەڵام لاپۆرتا ئەمەی رەتكردۆتەوە، چونكە بە ڕای لاپۆرتا لەم كاتە ناسكەدا راهێنەر نییە بۆ ئەم ماوە كورتە، هەروەها پێی وتووە ئەگەر بەرژەوەندی تیپەكەی دەوێت تا كۆتایی وەرز بەردەوام بێت و پاشان یانە بیر لەوە دەكاتەوە راهێنەرێكی لێهاتوو بۆ یانەكە بدۆزێتەوە.
چاڤی لەسەر ئەم بۆچوونەی لاپۆرتا قایل بووە، بەڵام ئەوەی ووتووە كەلە كۆنگرەی رۆژنامەوانی پاش یارییەكەدا ئەوە رادەگەیەنێت كە كۆتایی وەرز دەست لە كاردەكێشێتەوە و هەرواش بوو، ئەوەبوو كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی چاڤی ماوەیەك بە هۆی ئەو كۆبوونەوەیەوە دوا كەوت، كاتێكیش چاڤیش ئامادە بوو، ئەم بڕیارەی بە رۆژنامە نووسان راگەیاند.