راپۆرتێکی نوێ سەبارەت بە رابردووی سەرۆکی روسیا

09:54 - 2024-01-31
جیهان
152 جار خوێندراوەتەوە

کامەران ئەحمەد سلێمان

ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا خۆی وەک سیخوڕێکی دەستەبژێری پێشوو پیشان دەدات کە رۆڵی گەورەی لە دەزگای هەواڵگری یەکێتیی سۆڤیەتدا هەبووە، بەڵام راپۆرتێکی نوێی دێرشپیگڵ بانگەشەی ئەوە دەکات کە وێنەی پوتین وەک ئەفسەرێکی هەواڵگریی زەق و دیار راست نییە، چونکە ئەو لەڕاستیدا تەنها ئەندامێک بوو.

رابردوویەک کە داپۆشراوە
بەگوێرەی ماڵپەڕی ئینسایدەر، چیرۆکەکانی رابردووی پوتین دۆزینەوەیان ئەستەمە، چونکە ئەو قۆناغەی ژیانی پوتین بە نهێنی پۆشراوە. تەنها شتێک کە بەڕاستی لەبارەی سەردەمی سەرۆک کۆماری روسیا وەک ئەفسەرێکی هەواڵگری دەزانین، ئەوەیە کە میدیای دەوڵەتی و شایەتحاڵانی چاودێر لەبارەیەوە چییان وتووە.
چیرۆکێکی باو
بۆ نموونە یەکێک لە چیرۆکە باوەکانی ساڵانی سەرەتای پوتین ئەوەیە کە بە تەنیا ئۆفیسێکی سیخوڕی ئەڵمانیای خۆرهەڵاتی لە شاری درێسدن رزگارکرد لە تاڵانکردن لەلایەن گروپێکی تووڕە کە دوای رووخانی دیواری بەرلین لە دەرەوە پێکهاتبوو.
لە روسیا بەناوبانگ بووە
لە ساڵی 2009 فیلمێکی دیکۆمێنتاریی تەلەفزیۆنی دەوڵەتی روسیا رووداوەکەی بە ئەفسانەیی کرد، بە خستنەڕووی گێڕانەوەی شایەتحاڵانی کارەکانی پوتین و گێڕانەوەی چیرۆکی ئەوەی کە چۆن سەرۆکی داهاتووی روسیا دەمانچەیەک لەبەردەم خەڵکەکەدا هەڵدەدا و داوایان لێدەکات پاشەکشە بکەن.
کاردانەوەی (دووبارە)ی پوتین لە درێسدێن
بەپێی هەواڵێکی شایەتحاڵی رۆژنامەی تەلەگراف پوتین وتویەتی: ئەمە خاکی سۆڤیەتە و ئێوە لەسەر سنووری ئێمە وەستاون، واتا «مەبەستی ئەوەبووە تەقە لە تاوانباران دەکات» بە وتەی ئەو شایەتحاڵە.
چیرۆکێکی تری بەناوبانگ
پەڕەیەکی دیکەی ناسراوی ساڵانی سیخوڕیی پوتین، تێوەگلانی بوو لەگەڵ فراکسیۆنی سوپای سوور، کە گروپێکی چەپی دوورە لە ئەڵمانیای خۆرئاوا کە بەپێی راپۆرتێکی پۆلیتیکۆ، تایبەت بووە بە چاندنی وێرانکاری لە کۆماری فیدراڵی ئەڵمانیادا.
تەنها یاریدەدەرێکی کارگێڕی؟
بەڵام سەرەڕای قارەمانێتی گوماناوی لە درێسدن و پشتیوانی نهێنی لە گروپە توندڕەوە چەپەکان، رەنگە پوتین تەنها کرێکارێکی تری کۆلارە سپی بووبێت. گێڕانەوەی هاوکارەکانی پێشووی وێنەیەکی تاڕادەیەک مات لە سەردەمی خۆی وەک سیخوڕێک دەکێشێت.
راپۆرتێکی بنکۆڵکاری دێرشپیگڵ
بەپێی راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی دێرشپیگڵ، رەنگە پوتین لە درێسدن بریکاری باڵا یان ئەفسەرێکی هەواڵگری بیانی یەکێتی سۆڤیەت نەبووبێت، وەک ئەوەی حەزی لە وێناکردنی خۆیەتی، بەڵکو بە شێوەیەکی سەرەکی کاری ئیداریی کردووە.
لەبەشی قەڵەم کاری کردووە
بۆ نموونە، دێر شپیگل لە زاری یەکێک لە هاوکارەکانی پێشووی پوتینەوە نووسیوێتی کە «کارەکانیان بەشێوەیەکی سەرەکی پێکهاتووە لە راییکردنی داواکاری سەردانیی کەسوکاری ئەڵمانیای خۆرئاوا یان گەڕان بەدوای زانیاریدەران لەنێو خوێندکارە بیانییەکان لە زانکۆی تەکنۆلۆژیای درێسدن».
کاری ئیداریی سادە
پێدەچێت ئەو قسەیە لە وتارێکی پێشووتری شپیگڵەوە بێت لە ساڵی 2003دا، بەڵام هەندێکی دیکە وتوویانە کاری پوتین لە درێسدن وەک سیخوڕی کەی جی بی زیاتر کارێکی سادەی کارگێڕی بووە.
یادەوەرییەکانی ڤلادیمێر ئوسۆلتسێڤ
کاترین بێڵتۆن لە پۆلیتیکۆ لە ساڵی 2020دا نووسیوێتی: «ئەو هاوکارەی کەی جی بی کە پوتینی لەگەڵ گەیشت بە درێسدن لە ئۆفیسێکی هاوبەش بوو لەگەڵیدا، ڤلادیمێر ئوسۆلتسێڤە، کە توانی کتێبێک لەسەر ئەو کاتە بنووسێت، جەختی لەسەر ئاسایی کارەکانیان کردۆتەوە».
راپۆرتی بێمانا
بێڵتۆن وتی: ئوسۆڵتسێڤ زۆر کورتە لە وردەکارییەکان، کاتێک باس لە ئۆپەراسیۆنەکانی درێسدن دەکرێت، بەڵام ئاماژەی بەوەداوە چالاکانە و بە نهێنی کاریان کردووە بۆ دامەزراندنی کارمەند، بەڵام نزیکەی 70 %ی کاتەکانیان بە نووسینی «راپۆرتی بێمانا» بەسەر بردووە.
سەرۆکی ستاسی
ۆرست جەملیچ دوا بەرپرسی پۆلیسی نهێنی ئەڵمانیای خۆرهەڵات بوو، کە بە ستاسی ناسراوە و بە دێر شپیگڵی راگەیاندووە کە پوتین تەنها رۆڵێکی بچووکی لە درێسدن بینیووە و سەرۆکی روسیای بە «کوڕە ئەرکدارەکە» ناوبردووە.
فایلی کەم لەسەر پوتین ماوە
بە وتەی دێرشپیگڵ، ئەو فایلە کەمانەی لەسەر کارەکانی پوتین لە ئەڵمانیای خۆرهەڵات هەن، دوو ئەگەر دەوروژێنن: یان چالاکییەکانی لەوێ ئەوەندە نهێنی و مەترسیدار بوون کە ناچار بوون لەناوی ببەن، یان ئەوەندە بێ بایەخ بوو کە ستاسی بە شایستەی لێکۆڵینەوەی نەزانی.
راستی لە کوێدایە؟
رەنگە راستییەکانی مێژووی پوتین وەک سیخوڕێک لە شوێنێکدا لە ناوەڕاستی ئەو دوو توندڕەوییەدا بێت، کە هاوپەیمان و دوژمنەکانی پێشکەشیان کردووە. بە دڵنیاییەوە بەڵگە هەیە کە پوتین لە چەندین ئۆپەراسیۆنی زۆر گرنگدا لە درێسدێن بەشداربووە.
بەڵگە بۆ هەردوولا
بۆ نموونە کلاوس زوچۆڵد یەکێک بوو لە ئەندامەکانی ستاسی، بە ئاشکرا باسی رۆڵی سەرۆکی روسیای کردووە وەک مامەڵەکارێک بۆ رینەر سۆنتاگی بەناوبانگی نیو نازی، بەڵام ئەوەش دەزانین کە رەنگە چالاکییەکانی رۆژانەی پوتین کە کاری ئۆفیس بووە زۆر بێزارکەر بووە.
پوتین چ ئەرکێکی هەبووە
رەنگە پوتین نە پۆلیسێکی سەرەوە بووبێت و نە مشکێکی خۆڵەمێشی بووبێت لە درێسدن. لە شوێنێکی نێوانیاندا بووە، هەرچییەک بووبێت، دواجار بەهرەی ئەوەندەی هەبوو کە دەسەڵات لە روسیادا بگرێتە دەست و زیاتر لە 20 ساڵ واز لەو دەسەڵاتە نەهێنێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان