دوێنێ لە تەلاری هونەر لە سلێمانی، رێوڕەسمی كۆتایی دیداری یەكێتی بەڕێوەچوو.
سەرەتای رێوڕەسمەكە، بە ساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان، دەستیپێكرد. پاشان لە وتەیەكدا شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ، سوپاسی ئاڕاستەی لیژنەی باڵای دیداری یەكێتی و هەموو ئەوانەی بەشداربوون تیایدا، كرد و رایگەیاند: سێ رۆژە یەكێتییەكان، دۆست و لایەنگران و تەنانەت نەیار و دژەكانی یەكێتیش سەرقاڵن بەم دیدارە و قسەی جیاوازی لەسەر دەكەن، كە ئەمە خۆی لەخۆیدا گرنگیی دیدارەكە دەردەخات، لە دیدارەكەشدا هەڤاڵانی یەكێتی مەبەستیان بوو تێڕوانینی خۆیان بخەنەڕوو كە یەكێتی چۆن لە حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان و عیراق بەشداربێت و هەوڵبدات بۆ خزمەتكردنی گەلەكەی، كە ئەوەش دەرخەرو سەلمێنەری ئەوەیە یەكێتی خاوەن هێزێكی لەبننەهاتووی كادری بەتوانا و خەڵكی دڵسۆز و تێكۆشەرە.
«حزب وەسیلەی سەرەكییە بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵگە»
ئاماژەی بەوەشكرد كە حزب وەسیلەی سەرەكییە بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵگە، با هەریەكەو خۆنەویستانە لە خۆمانەوە دەستپێبكەین، بە هەڵەكانی خۆماندا بچینەوەو دەست لەسەر برینەكان دابنێین، نەڵێین فڵان بۆ وادەكات منیش دەیكەم، با هەریەكەمان لەخۆبردەبین و خۆمان بكەینە نموونەی جوان تا خەڵكیش چاومان لێبكات و بتوانین رابەرایەتی گەلەكەمان بكەین.
باسی لەوەشكرد كە یەكێتی لە 47 ساڵی تەمەنیدا بە زۆر هەورازو نشێودا تێپەڕیوە، كۆسپی زۆر گەورە هاتۆتەسەر رێگەی، جگەلەوەش هەمیشە لەناو یەكێتیدا دیدو بۆچوونی جیاواز هەبووەو دەبێت، زۆربەی كات بەشی زۆری كێشەو ململانێ جیاوازەكان لەپێناوی یەكێتی بووە، لەپێناوی ئەوەدا بووە خۆمان بەخاوەن زانیوە، خەباتمان كردووە بۆئەوەی گەشەی پێبدەین، سەرباری جیاوازییەكان هەموومان لەسەر یەك شت كۆكین، ئەویش پاراستن و گەشەپێدانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، ئەوەش لەو روانگەیەوەیە كە هەموومان خۆمان بە خاوەنی یەكێتی دەزانین، یەكێتی هی هەموو ئەو كەسانەیە كە رۆژێك لە رۆژان لەو حزبەدا خەباتیان كردووەو قوربانییان داوە، هەر ئەوەش یەكێتی بە زیندوێتی هێشتووەتەوەو هۆكاری مانەوەی یەكێتییە لە گۆڕەپانی سیاسیدا، یەكێتی حزبی دیدو بۆچوونە جیاوازەكانە، دووپاتیشیدەكەمەوە كە هەموومان پێكەوە خەبات دەكەین لەپێناوی یەكێتی، كە گرنگترین و كاریگەرترین وەسیلەیە بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان.
تەئكیدی لەسەر ئەوەش كردەوە كە یەكێتی هێزێكی گەورە و كاریگەرە لە كوردستان و عیراقدا، ئەزموونی رابردوو سەلماندوویەتی یەكێتییەكی بەهێز دەتوانێت باڵانسی سیاسی لە كوردستاندا رابگرێت و زامنی خزمەتكردنی باشتری خەڵكی كوردستان بێت، یەكێتی ئەوەشی سەلماندووە كە دەتوانێت لەگەڵ هەموو لایەكدا گفتوگۆبكات و بگاتە لێكتێگەیشتنێكی هاوبەش.
״كادران و هەڤاڵانمان لە تەواوی مەڵبەند و ئۆرگان و مەكتەبەكان بەدەنگ دیدارەكەوە بوون״
پاشان، د.یوسف گۆران ئەندامی لیژنەی باڵای دیداری یەكێتی، لە وتەیەكدا رایگەیاند: دوای شەش مانگ لە كاركردن و هەوڵی چڕ و بە گیانی یەك تیمی، سەرئەنجام توانیمان دیدارەكەمان بۆ یەك ئامانج و یەك بەرژەوەندی كە ئەویش سەرخستنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، سەربخەین و گەیاندمانە ئامانجی خۆی، كە لە دواجاریشدا بۆ سەرخستنی پڕۆسەی سیاسییە لە كوردستاندا، وتیشی: دوای سێ رۆژ گفتوگۆی چڕ، راپۆرت و پێشنیازو پڕۆژەی سەرجەم لیژنەكان و كادرانی بەشداربووی یەكێتی، بۆ پەسەندكردن و كارلەسەركردنی، ئامادەیە، كە ئەم راپۆرتانەش بەرهەمی كاری بەكۆمەڵی هەموو هەڤاڵانی یەكێتییە، كە بەخۆشحاڵییەوە كادران و هەڤاڵانمان لە تەواوی مەڵبەند و ئۆرگان و مەكتەبەكان لە تەواوی شار و قەزاو ناحیەكان، بەدەنگ دیدارەكەوە بوون و تا ئەوپەڕی توانایان هەوڵی سەرخستنیاندا، ئەوەش دەرخەری ئەو راستییەیە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەرچاوەیەكی لەبننەهاتووی كادری هەیە، نەك تەنها لەڕووی ژمارەوە، بەڵكو لەڕووی چۆنایەتی و چەندایەتیش، كە بە چەندایەتی بۆمان دەركەوت كە ژمارەی كادرەكانمان چەندە زۆرە، بە چۆنایەتیش بۆمان دەركەوت كە ژمارەیەكی زۆر لە پسپۆڕ و ئەكادیمست و گەنجان و كچان هەموو گۆشكردوو بە بیروباوەڕی یەكێتی، بەڵام بە پسپۆڕیی سەردەم، مامۆستایانی زانكۆ و پەروەردە، لاوان و وەرزشوانان و لە هەموو سێكتەرەكان، چەندە پەرۆشن بۆ سەرخستنی یەكێتی و رێباز و بەرنامە و پڕۆژەكانی، كە دیداری یەكێتی-ش سەلمێنەری ئەوەیە، كە تەواوی چینوتوێژەكان بە پەرۆشەوەبوون بۆ سەرخستنی دیدارەكە و گەیاندنی بە ئامانجەكانی.
دواتر، د.یوسف گۆران، راپۆرتەكانی كۆتایی لیژنەكانی دیداری یەكێتی، پێشكەشی قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری دیدارەكە كرد.
״هەنگاوە قورسەكەی یەكێتی لەئێستاوە دەستپێدەكات״
پاشان، قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری دیداری یەكێتی، لە وتەیەكدا رایگەیاند: ئەگەر لە ساڵانی رابردوودا لە رێگای ئاهەنگ و بۆنە جیاجیاكانەوە یادی یەكێتی-مان كردبێتەوە، ئەمساڵ بەشێوەیەكی جیاواز ئەو یادە دەكەینەوە، ئەویش بە هەنگاونان بەرەو نوێبوونەوە و چاكسازی، هەنگاوێكی گەورەمان ناوە بۆ راستكردنەوەی هەڵەكانی رابردوومان، بۆ ئاشتكردنەوەی یەكێتی لەگەڵ جەماوەر و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، هەنگاوێكی گەورەمان ناوە لەپێناوی دووبارە ناساندنەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، روئیای یەكێتی و سیاسەتەكانی لەگەڵ كۆمەڵانی خەڵكدا، كە هەنگاوە قورسەكە لەئێستاوە دەستپێدەكات.
لە درێژەی قسەكانیدا، سەرپەرشتیاری دیداری یەكێتی، سوپاسی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی كرد بۆ سەرخستنی دیداری یەكێتی، وتیشی: هەروەها سوپاسی هەموو ئەو كەسانە دەكەم كە هاوكاربوون بۆ سەرخستنی دیدارەكە، سوپاس بۆ سەرۆك كۆماری عیراق كە بەشداربوو و لەم پڕۆسەیەدا لەگەڵمان بوو، سوپاسی هەموو ئەو خۆبەخشانە دەكەم كە شەونخونییان كرد و رۆژ و شەویان خستەسەر یەك و ماندونەناسانە كاریانكرد بۆ ئەوەی دیدارەكەمان بەڕێكوپێكی بەڕێوەبچێت، سوپاسی رێكخەرانی دیدارەكە و لیژنەی باڵای دیداری یەكێتی دەكەم كە شەش مانگ كاریان بۆ كرد. وتیشی: لە یادی دامەزراندنی یەكێتی لە ساڵی داهاتوو دەرئەنجامی كاری ئەمساڵتان پێشكەش دەكەین، ئەم دیدارە بۆ یەك ساڵ نابێت، پڕۆسەیەكی بەردەوام دەبێت و هەموو ساڵێك ئەنجامی دەدەین، چونكە چاكسازی و نوێبوونەوە هەنگاوێك نییە یەكجار بیكەیت، چاكسازی و نوێبوونەوە پێویستی بەبەردەوامبوون هەیە.
״راپۆرتەكانی دیداری یەكێتی پێشكەش بە ئەنجومەنی سەركردایەتی دەكرێت و دوای گفتوگۆ بڕگە بە بڕگە دەخوێنرێتەوە و پەسەنددەكرێت״
باسی لەوەشكرد كە راپۆرتەكانی دیداری یەكێتی پێشكەش بە ئەنجومەنی سەركردایەتی دەكرێت و لەوێ دوای گفتوگۆ بڕگە بە بڕگە دەخوێنرێتەوە و پەسەنددەكرێت، كە پەسەندیش كرا هەر مەكتەبێك یان بەشێك یان بەرپرسێك دەستنیشان دەكرێت بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەشەی كە پەیوەندی بە مەكتەبەكەی خۆیەوە دەبێت، پاشان یەكەیەكی تایبەت پێكدەهێنین لە كادری شارەزا، پسپۆڕەكان بۆ چاودێریكردنی چۆنێتی جێبەجێكردنی راسپاردەكان و چاودێریكردن و هەڵسەنگاندنی چۆنێتی جێبەجێكردنی راسپاردەكان و بە بەردەوامیش ئەو پڕۆسەیە بە شەفافی پێشكەش بەكادرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكرێت، چونكە ئەو راسپاردانە نهێنی نین و نهێنی نابن و ئاشكرا دەكرێن و هەموو بەشداربوان راپۆرتی كۆتایی دەبینن.
لە كۆتایی قسەكانیشدا، وتی: ساڵی داهاتوو پێش یادی یەكێتی هەڵسەنگاندنێكی ورد دەكەین بۆ چۆنێتی جێبەجێكردنی راسپاردەكانی دیداری یەكێتی، لە ئێستاش بەدواوە یەكێتییەكی نوێتر دەبینن، كە خاوەن روئیا و دید و شوناس و سیاسەتی خۆی دەبێت، ئەو سیاسەتەش لەلایەن كادرانی یەكێتییەوە داڕێژراوە.