رهوهز ئیسماعیل
رۆژی دووشەممە 29/1/2024 لە چوارچێوەی یارییەكانی جامی وڵاتانی ئاسیادا كەلە قەتەر بەڕێوەدەچێت، لە سێیەم یاریی قۆناغی 16 هەڵبژاردەدا ئوردون 3-2 لە عیراقی بردەوە و گەیشتە قۆناغی 8 هەڵبژاردە، باباسی بەڕێوەچوونی یارییەكە نەكەین، چونكە كەم كەس هەیە سیناریۆیەكانی دۆڕاندنی عیراق و بردنەوەكەی ئوردونی نەبینبێت.
گۆڵێكی بێ سوود
بەشی یەكەمی سیناریۆی یارییەكە ئەوەبوو عیراق لە دەقیقەی 76 دا 2-1 پێشدەكەوێت، بەشی دووەمی پاش ئەو گۆڵە دەستپێدەكات كە ئەیمەن حسێن لە دەقیقەی 76 دا دەیكات، ئیتر وەك دەڵێن لێرەوە هەموو روداوەكان ئاوەژوو دەبنەوە و خۆشی و شادی عراقییەكان و هاندەرانی عیراق پێچەوانە دەبنەوەو دەگۆڕدرێن بۆ توڕەیی و گریان و هێرشی توند بۆ سەر ناوبژیوانی یارییەكە (عەلی رەزا فیغانی) ئوستورالی كە بە ڕەگەز ئێرانییە.
ئەیمەن حسێن کە گۆڵی دووەمی 2-1 ی عیراق دەكات، ئاهەنگی خۆشییەكی هیستیری دەگێڕێت، لە یاریگا دەچێتە دەرەوەو بە پشتی گۆڵی ئوردونییەكاندا و لە سەر تراكی یاریگاكە بەرامبەر هاندەرانی عیراق و لەنێو یاریزانانی یەدەكی عیراق ئاهەنگەكەی دەگێڕێت و زیاتر لە دەقیقەو نیوێك دەخایەنێت، دواتریش پاش چەندین فیكەی ناوبژیوانی یارییەكە كە بانگی دەكاتەوە بۆ ناو یاریگا، ئەم لەسەرخۆ دێتەوە ناو یاریگا و جارێكی تریش لەسەر چیمەنی یاریگاكە دادەنیشێتەوە و دەست دەكات بە (مەنسەف) خواردن، ئەمەش لەوەڵامی ئاهەنگی خۆشی پێنج یاریزانی ئوردونییەكان كە بەدەستی راستیان (مەنسەف) دەخۆن كە خواردنێكی ناوداری ئوردونییەكانە، ئەمەش ناوبژیوان والێدەكات كاتێك ئەیمەن كە هەڵدەستێتەوە سەرپێ، كارتی زەردەی دووەمی دەداتێ و پاشان كارتی سوور و دەیكاتە دەرەوە، ئیتر ریتمی یاریی و باڵانسی هێزی عیراق تێکدەچێت و لە روی دەرونیشەوە تێکدەچن و ناتوانن ئەو ماوە كەمەی یارییەكە كەماوە، پارێزگاری لە پێشكەوتنەكەیان 2-1 بكەن، بەپێچەوانەوە ئوردونییەكان جڵەوی یاریی دەگرنە دەست و باڵانسی یاریی بەلای خۆیاندا دەشكێننەوە و لە دەقیقەی 95 دا گۆڵی یەكسان بوونەوە 2-2 دەكەنەوەو دوو دەقیقە دوای ئەم گۆڵەش گۆڵی بردنەوەی 3-2 دەكەن و یارییەكە دەبەنەوە و دەگەنە قۆناغی 8 هەڵبژاردە و عیراقیش دەكرێتە دەرەوە.
گرژی نێو كۆنگرەی رۆژنامەوانییەكە
لەكۆنگەری رۆژنامەوانی پاش تەواو بوونی یاریەیكەدا، لە نێوان رۆژنامە نووسانی عیراقی كە ئامادەی كۆنگرەكەبوون و كاساسی راهێنەری هەڵبژاردەی عیراق گرژی درووست دەبێت و رۆژنامە نووسەكان بەشێكی دۆڕاندنەكە دەگێڕنەوە بۆ راهێنەر، كاساس وەڵامیان ناداتەوەو ئەوانیش توڕە دەبن و كۆنگرەكە جێدەهێڵن.
هاشتاگ
هاندەرانی عیراقیش لەلای خۆیانەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هاشتاگێك درووستدەكەن تا گوشاربكەن بۆ ئەوەی یارییەكە دووبارە بكرێتەوە، یەكێتیی تۆپی پێی عیراقیش بەرەسمی ناڕەزایەتی خۆی راگەیاند، بەڵام هەموو ئەمانە بێسوود بوون، نەتوانرا یارییەكە دووبارە بكرێتەوە وەك ئەوەی چۆن لە یارییەكانی پاڵاوتنی مۆندیالی 2006 ی نێوان بەحرەین و ئۆزبەكستاندا ئەم یارییە دووبارە كرایەوە.
رایەکان جیاواز بوون
زۆربەی شیكەرەوەكانی بواری ناوبژیوانی بۆ كارتە سوورەكەی ئەیمەن حسێن نەیانتوانی لەسەر یەك رای تەواو یەكبگرن، هێندێكیان پێیان وابووە دەكرا ناوبژیوان چاوپۆشی لە كارتی دووەم بكردایە، هێندێكیشیان پێیان وابووە ناوبژیوان یاسای جێبەجێكردووە، بە وتەی عومەر مەهننای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی و شیکەرەوەی وەرزشی، دەبوو ناوبژیوانی یارییەکە هەستیارانەتر مامەڵەی لەگەڵ دۆخەکەدا بکردایە، رۆژنامە جیهانییەکانیشدا ئەو رووداوە بووە جێگای باس و خواسییان، بەشێک نەک سەرجەم لە راگەیاندنەکان کردنە دەرەوەکەیان بە نادادپەروەرانە ناوبرد، بەتایبەت لەو کاتە هەستیارەدا.
هەریەکە لە رۆژنامەکانی ئەی ئێس - ی ئیسپانی و سپۆرتس بایبڵی بەریتانی و ژمارەیەک لە رۆژنامە وەرزشییە ئاسیایی و ئەوروپییەکانیش، بڕیارەکەی ناوبژیوانیان بە کارێکی سەیر و سەمەرە ناوبرد، بەتایبەت لە پاڵەوانێتییەکی نێودەوڵەتی وەک جامی ئاسیادا.
دوا پێشهات
ئیستا بارو دۆخەکە ئارام بۆتەوە، هیچ هیوایەک نەماوە بۆ عیراقییەکان تا یارییەکە دووبارە بکرێتەوە، تەنانەت یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیاش بێدەنگی کردووە لەسەر سزادانی ناوبژیوان و دووبارە کردنەوەی یارییەکە، بەپێچەوانەوە بە رەسمی ئیدانەی کاردانەوەکانی دوای تەواو بوونی یارییەکەیان کردووە، بەتایبەتیش ئەو ئاژاوەیەی رۆژنامە نووسانی عیراق نایانەوە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی پاش تەواو بوونی یارییەکە.
یەکێتیی تۆپی پێی عراقیش تەسلیم بوو
یەکێتیی تۆپی پێی عیراقیش گەیشتە ئەو راستییەی کە ئەنجامی یاریی وەک خۆی تۆمار کراوە، هیچ گۆڕانکارییەک روونادات، هیچ شتێک دادیان نادات، بۆیە وەک تەسلیم بوونێک بە ئەمری واقیع، عەدنان درجال - ی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عراق لە شوێنی مانەوەیان لە دۆحەی پایتەختی قەتەر، لەگەڵ ستافی راهێنەری و ئیداری هەڵبژاردەی عیراق و تیپەکە کۆبۆتەوە و ستایشی بارودۆخی خراپیانی کردووە پاش ئەو دۆڕاندنەو داوای لێکردوون لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە و بۆ دوای ئەم خولە خۆیان بۆ یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیال ئامادە بکەن، هەروەها پشتگیری تەواوی خۆی بۆ ستافی راهێنان و کاساسی راهێنەر دووپات کردۆتەوە.