لێکەوتەکانی دوای هێرشەکانی ئەمریکا لە عیراق و سوریا

09:55 - 2024-02-04
ڕاپۆرت
265 جار خوێندراوەتەوە
دیمەنێک لە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئامانجەکانی لە سوریا - ئەرشیف

ئازاد ئیبراهیم _ ئاژانسەکان


كۆشكی سپی ئەمریكا رایدەگەیەنێت: لە بەرامبەر كوژرانی سێ سەربازیان لە بنكەیەكی سەربازی لە ئوردن، فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەیان، لە ماوەی نیو سەعاتدا ھێرشیان كردۆتەسەر زیاتر لە 85 پێگەی گروپە چەكدارەكان.
هەر لەو بارەیەوە، ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویانکردۆتەوە کە ئەمریکا 85 بنکە و بارەگای کردۆتە ئامانج و بەو هۆیەوە 16 کەس لە عیراق و 23 کەس لە سوریا کوژراون، لە عیراق 36 بریندار و لە سوریاش 25 بریندار هەیە.
کەناڵی ئەلشەرق دەستی گەشتۆتە سەرچاوەی زانیارییەکانی سوریا و بڵاویکردۆتەوە، هێرشەکان لە سوریادا فڕۆکەخانەی سەربازی دێرەزۆر و ناوچەکانی دەوروبەری و شارۆچکەی حەویجە سەقر و ناوچەیەکی شاخاوی کە دەڕوانێتە گەڕەکی حەرابێش لە شاری دێرەزۆر، کردۆتە ئامانج.

عیراق ماتەمینی رادەگەیەنێت
دوای هێرشەکانی ئەمریکا لە عیراق و سوریا، نووسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق، 3 رۆژ ماتەمینی بۆ قوربانیانی ئەو رووداوە راگەیاند کە لە هێرشەکانی ئەمریکادا بۆ سەر 85  بنکە و ناوەند لە سوریا و عیراق، گیانیان لەدەستدابوو.
لای خۆشییەوە، باسم ئەلعەوادی وتەبێژی حکومەتی عیراق رایگەیاندووە کە لایەنی ئەمریکی بە ئەنقەست راستییەکانیان شێواندووە، لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو ژمارە کوژراوەی کە هەیە، خەڵکی سیڤیلیشیان تێدایە.


رەوشەکە ئاڵۆزتر دەبێت 
لێپرسراوێکی باڵای ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەمریکا ھێرشی کردۆتەسەر بارەگای گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بۆ ئەوەی ھێرشەکانیان بۆ سەر ھێزەکانی ئەمریکا بوەستێنن. وتیشی: لە ئەگەری بەردەوامی ھێرشەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، رەوشەکە ئاڵۆزتر دەبێت. دەشڵێت، بایدن بە وردی لێکدانەوەی بۆ بابەتی ھێرشەکەی سوریا و عیراق کردووە و نەیویستوە پەلە بکات، بەڵام ئەگەر ھێرشی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بەردەوام بن، ھیچ بژاردەیەکیان بۆ نامێنێتەوە و راستەوخۆ ھێرش دەکەنەسەر ئێران.
هاوکات، مایکڵ کۆرێلا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندووە، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە جووڵەکانی و هەرچی پێویست بێت دەیگرێتەبەر بۆ لێپرسینەوە لەو کەسانەی کە هەڕەشە لە سەلامەتی هاووڵاتیانی ئەمریکا دەکەن لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.

هێرشە ئاسمانییەکان بە ئەنقەستە
لە درێژەی ئەو دەرهاویشتە و لێکەوتانەدا کە هێرشەکانی ئەمریکا بەدوای خۆیدا هێناوێتی، ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاندووە، روسیا ئیدانەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر عیراق و سوریا دەکات و ئەو دۆخە پێویستی بە لێکۆڵینەوە هەیە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە. ئاماژەی بەوەشداوە: روونە کە هێرشە ئاسمانییەکان بە ئەنقەست بۆ زیاتر فراوانبوونی ململانێکان داڕێژراوە و بۆ پاڵنانی گەورەترین وڵاتانی ناوچەکەیە بۆ ناو  ململانێکان و تێوەگلانێتی لە شەڕدا.

«هێرشەكان پێشێلكردنی سەروەریی عیراقە»
یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراقیش رایگەیاندووە: هێرشەكانی ئەمریكا لە قائیم و ناوچە سنوورییەكانی عیراق، پێشێلكردنی سەروەریی وڵاتەکە و تێكدانی هەوڵەكانی حكومەتی عیراقە. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هێرشانە هەڕەشە بۆ عیراق و ناوچەكە دروست دەكات و بەرەو دەرئەنجامێكی خراپ رایدەكێشێت.

هەڵوێستی ئێران
ناسر كەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەركۆنەی هێرشەكەی ئەمریكای كرد بۆ سەر چەند ئامانجێكی گرووپە چەكدارییەكان لە عیراق و سوریا. 
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، هێرشەكان سەركێشی و هەڵەیەكی ستراتیژییە، دەبێتە مایەی هەڵكشانی گرژیی و ناسەقامگیریی زیاتر لە ناوچەكەدا، دەستدرێژیكردنە بۆ سەر سەروەریی عیراق و سوریا و پێشێلكارییەكی روونی یاساكانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانە.

سیاسەتی بایدن بەرامبەر ئێران
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا رایدەگەیەنێت، سیاسەتی ئیدارەی بایدن بەرامبەر ئێران سەركەوتوو نەبووە و زیان بە جیهان دەگەیەنێت.
مایك جۆنسن سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا رایدەگەیەنێت، پێویستە ئیدارەی بایدن هەست بەوە بكات كە ستراتیجەكەیان بەرامبەر ئێران سەركەوتوو نەبووە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرەو لەناوچون دەبات و زیان بە سەقامگیریی هەرێمی دەگەیەنێت. 
ئاماژەی بەوەشكردووە، پێویستە ئەمریكا دژی ھەر ھەوڵێك بوەستێتەوە كە زیان بە ئەمریكا دەگەیەنێت و وەڵامی هەڕەشە و مەترسییەكان دژی هاوپەیمانەكانیشی بدرێتەوە. 
وتووشیەتی: ئێستا كاتی ئەوەیە كە بایدن هەست بەوە بكات سیاسەتەكەی بەرامبەر ئێران شكستی ھێناوە و لە مانگی تشرینی یەكەمی 2023وە زیاتر لە 160 هێرش كراوەتەسەر بنكە سەربازی و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست.

ئوردن هاوبەشی لە هێرشەکانی ئەمریکادا رەتدەکاتەوە
ئاژانسی هەواڵی رەسمی ئوردنیش لە رێگەی سەرچاوەیەکی سەربازییەوە بڵاویکردۆتەوە، بە هیچ جۆرێک ئوردن هاوبەشی نەکردووە لە هێرشەکانی ئەمریکادا لە عیراق و سوریا، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو راپۆرتە رۆژنامەوانیانەی کە بانگەشەی ئەوەیانکردبوو ئوردن بەشداری ئەو هێرشە ئاسمانیانەی ئەمریکای کردبێت.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە «هێزە چەکدارەکانی ئوردن رێز لە سەروەریی خاکی عیراقی برایان دەگرن و قووڵایی ئەو پەیوەندییە برایەتییەی ئوردن لەگەڵ هەموو وڵاتانی عەرەبی یەکدەخەن»
شایانی باسە، شەوی هەینی، جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاند» بە بڕیاری من، هێزەکانی ئەمریکا ئامانجەکانیان لە عیراق و سوریا بۆردوومانکردووە کە ئەو ئامانجانە سوپای پاسدارانی ئێران و میلیشیاکانی سەر بە ئێران بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانمان بەکاری دەهێنن».

بابەتە پەیوەندیدارەکان