دیاردەی كارداشیان یان شێرپەنجەی جیهان

10:43 - 2024-02-04
دووتوێ
1532 جار خوێندراوەتەوە

پرژە زاهیر جەلال


كیمبێرلی نۆیڵ كارداشیان ناسراو بە كیم كارداشیان لە 21 ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1980 لە لۆس ئەنجلۆس-ی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەدایك بووە. كارەکتەرێکی تەلەفزیۆنی، نمایشكار، ئەكتەر، دیزاینەری پۆشاكە، سەرەتای دەركەوتنی لەگەڵ پاریس ھیڵتۆن بوو كە ھاوڕێی یەكتر بوون، دوای ئەوەی ساڵی 2003 گرتەی سێكسی كیم و ھاوڕێ كوڕەكەی بە ناوی(رەی جەی) بڵاوبووەوە بەناوبانگ بوو پاشان لە ساڵی 2007 دا كیم و خێزانەكەی دەستیان کرد بە دەركەوتن لە تەلەفزیۆندا بە زنجیرەی Keeping Up with the Kardashians.   ئەوەی پێیدەوترێت تەلەفزیۆنی واقیع لە ساڵی 2010 دا كیم بوو بە بەرزترین  كەسایەتی تەلەفزیۆن، لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئاستی قازانجی بە 6  ملیۆن دۆلار مەزەندە كرا، لە ساڵی 2015 دا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئاستی قازانجی بە 53 ملیۆن دۆلار راگەیاند.

بۆچی كیم دەبێتە شێرپەنجەی جیهان؟
لە ساڵەكانی 2015 وە تا ئێستا جەستەی ئەم خانمە ئەمریكییە بەشێوەیەكی جیهانی بڵاوبۆتەوە و توانیویەتی بچێتە نێو مێشكی زۆربەی خانمان و پیاوانی تەواوی دنیا و دەرگای نەشتەرگەرییەكی بێشوماری جوانكاری بەڕووی پزیشكەكانی جیهاندا کردۆتەوە و بۆتە مایەی خێر بۆ دەرمانخانەكان و مۆڵی پۆشاك و جیهانی كۆزمەتیكی رۆژهەڵات و رۆژئاوا.

كارداشیان بووە بە سیستم و لە دیاردە دەرچووە
کارداشیان لە جیهانی ئەمڕۆدا خواستێكی زۆری لەسەرە، نەك تەنیا لەلایەن خانمانەوە، بەڵكو زۆرێك لە پیاوانیش ئارەزووی وەها لەشولارێك دەكەن بۆ ئارەزووەكانیان، كوردستانیش بەدەر نییە لە ئالوودەبوون بەم سیستمەوە ناویان لێ ناوە جەستەی «نەوەد، شەست، نەوەد»

شێوەی جەستەی كیم چۆنە ؟
جوانكارییەكانی لە رووخسارییەوە دەستپێدەكات تا پێیەكانی جەستەیەكی ناسروشتی هەیە، كە بە ژمارەیەكی زۆری نەشتەرگەری توانیویەتی پێیبگات، سنگێكی گەورە و ناوقەدێكی باریك، سمتێكی گەورە.

كێن ئەوانەی سوود لەم سیستمە دەبینن؟
بەهۆی ئەوەی خواستێكی زۆر لەسەر سمت و سنگێكی گەورە لە كوردستان هەیە، پزیشكەكانی جوانكاری پشكی شێریان بەردەكەوێت، لەگەڵ كۆمەڵێك پەیجی ئۆنلاین و دوكانە جوانكارییەكان و دەرمانە سرووشتییەكان، كە رێژەیەكی زۆر دەرمانی مەترسیداری وەك: حەب و كرێم و شاف و پاودەری سمت و سنگ گەورە كردن بەبێ هیچ كوالیتی و کۆنترۆڵێک دەفرۆشن بە خانمان.
 ئەوانەشی قوربانیی ئەم دیاردەیەن بێگومان خانمان بە پلەی یەك دێن ئینجا زۆربەی پیاوان، دواجاریش خێزانەكان كه هەندێكیان لێک هەڵوەشاونەتەوە، چونكە جەستەی خانمەكانیان وەك كارداشیان نەبووە .
هەروەها زۆربەی هەرزەکاران بۆ گەیشتن بەو جەستەیە تووشی چەندین دەستدریژی سێكسی و داڕمانی دەروونی و رێجیمی سەخت و پڕ نەخۆشی بوونەتەوە.
بەشێوەیەك ئێستا زۆربەی خانمان ئەوەندەی لایان گرنگە سنگ و سمتیان لە وێنەدا جوان دەربچێت نیو هێندە روخساریان گرنگ نییە بەلایانەوە.

چۆن ئەم شێرپەنجەیە تێپەڕێنین؟
پێویستە راگەیاندنەكان و پزیشكەكان بە تایبەت هۆشیاری تەواو بدەنە هاووڵاتیان، ئاگاداریان بكەنەوە لە ئەنجامی خراپی نەشتەرگەریی و دەرمانە ناپزیشكییە بازرگانییەكان، جگەلەوە كۆرسی دەروونی و كۆمەڵایەتی بكرێتەوە بۆ كچان و كوڕان، تێیدا ئەو پەیامە بگەیەنرێت كە شێوەی جوانی خۆیان پەسەند بكەن وەك ئەوەی هەن، دەبێت حكومەتی هەرێمیش رێگربێت لە هێنان و فرۆشتنی ئەو دەرمانانەی تەنیا بۆ مەبەستی بازرگانییە و هیچ كوالیتییەكی پزیشكی نییە.
بە تێپەڕاندنی كارداشیان و هۆشیاركردنەوەی كچان و كوڕان، دەتوانین ئاستی پێكهێنانی خێزان زیاد بكەین و كەلتور و شێوەی رەسەنمان بپارێزین.
سەرچاوە: روسیا الیوم

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان