״کەمئەندامان پێویستیان بە یەکەی نیشتەجێبوونی زیاترە״

09:45 - 2024-02-05
ڕاپۆرت
120 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: ئازاد ئیبراهیم



سەرۆکی یەکێتیی کەمئەندامان لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستانی نوێ، دەڵێت: 5000 کەمئەندام لە رێکخراوەکەی ئێمە لە سنووری سلێمانی تۆمارکراوە، کە 60 %یان پێویستیان بە یەکەی نیشتەجێبوونە، بۆئەوەش چاومان لە دەستی حکومەت و خێرخواز و کۆمپانیاکانە یەکەی زیاتر بۆ ئەو کەمئەندامانەی شوێنی نیشتەجێبوونیان نییە، دروست بکەن.
لە لێدوانەکەیدا، سامان حسێن سەرۆکی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان سوپاسی هەموو ئەو لایەن و کەس و دەستە و رێکخراوانە دەکات کە دەستێكی خێریان هەبووە لە بە ئەنجامگەیاندنی جێبەجێكردنی بەڵێنی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی «ژیانەوە» بۆ كەمئەندامان. وتیشی: بەو هیوایەین بەهەمانشێوەی  ئەم پڕۆژەیە لە شارەكانی هەولێر و دهۆك و هەڵەبجەی  خۆشەویستیش بکرێت.

«سوپاسی قوباد تاڵەبانی دەکەین»
سەرۆکی یەکێتیی کەمئەندامان ئەوەشی راگەیاند، لەدوای ئەوەی کێشە و گرفتەکانی کەمئەندامانمان گەیاندە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، راستەوخۆ بەڵێنی ئەوەی پێداین کە یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمئەندامان دروست بکرێت، بۆ ئەوەش سوپاسی دەکەین.
 هاوکات سەرۆکی یەکێتیی کەمئەندامان لەسەر پرۆژەی یەکەی نیشتەجێبوونی کەمئەندامان وتی:  پڕۆژەکە لە هەزار شوقە پێکدێت و لەو ژمارەیە %24ی بۆ کەمئەندامانە و بەتایبەتیش ئەو کەمئەندامانە دەگرێتەوە کە مەرجەکانیان تێدایە.
سامان حسێن دەڵێت: ئەو مەرجانەی بۆ کەمئەندامان دیاریکراون، سادە و سەرەتایین و دەبێت ئەو کەسە پێناسی یەکێتیی کەمئەندامانی هەبێت و تەمەنی لەسەرو 18 ساڵەوە بێت و ئەو کەسەی فۆرمەکە پڕ دەکاتەوە مەرج نیە هاسەرگیری کردبێت.

بەشێوەی قەرزی درێژخایەن
سەرۆکی یەکێتیی کەمئەندامان لەبارەی ئەو بڕە پارەیەوە کە لە کەمئەندامان وەردەگیرێت، رایدەگەیەنێت، قیستی یەکەکان بەشێوەی قەرزی درێژخایەنە و مانگانە 150 هەزار دینار لە کەمئەندامان وەردەگیرێت، بەوەش بڕی پێنج هەزار دۆلار لە هەر کەمئەندامێک وەردەگیرێت و راستەوخۆ کلیلی پێدەدرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەو کەمئەندامانەی کە نەیانزانیوە و ئاگایان  لێنەبووە، لە ئێستاوە ستافێکی 15 کەسیمان داناوە و لە 4/2 تاکو 22/2 لە سەعات 2 تا 4ی ئێوارە، لە خزمەتی کەمئەندامانداین بۆ پڕکردنەوەی فۆرم، بەهیواین ئەو کەسانەی کە شمولیان دەکات شوقەکان وەربگرن کە ئەوە یەکەمین پڕۆژەیە بەناوی کەمئەندامانەوە بێت.

چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون
سامان حسێن باس لەوەشدەکات، لە سلێمانیدا نزیکەی 30 شاری نیشتەجێبوون خەریکە دروست دەکرێت، ئەگەر لەو ژمارەیە هەر کەسێک 10 یەکەی نیشتەجێبوون بدات بە بێوەژن و کەمئەندامان و پەککەوتە و ئافرەتی قەیرە، ئەوا بێگومان قەیرانی نیشتەجێبوون چارەسەر دەبێت،تەنانەت ئەگەر بەڕێژەی 2 %ش قەرزەکەیان لێوەربگیرێت.
لەبارەی شێوازی وەرگرتن و پڕکردنەوەی فۆرمەکانیشەوە، سەرۆکی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان دەڵێت: «ئەو فۆرمانە نزیکەی 13 مەرج و فۆرمێکی دیکە و بەڵێننامەی تێدایە، هەر کەمئەندامێک سەرەتا فۆرمەکە دەبات، لە ماڵەوە بە وردی سەیری دەکات، دوای هەفتەیەکیش دەتوانێت فۆرمەکە بهێنێتەوە، پاشان هەموو فۆرمەکانیش وردبینی دەکرێنەوە و دواتر بەشێوەیەکی ئاشکرا تیروپشکیان بۆ دەکرێت».

بابەتە پەیوەندیدارەکان