بێبارانی هەڕەشەی چی لە كەركوك دەكات؟

09:56 - 2024-02-05
ڕاپۆرت
193 جار خوێندراوەتەوە
زۆرێک لە جووتیارانی داقوق لەبەر بێبارانی کاری بەخێوکردنی ماسی دەکەن، بەڵام بەم دواییانە حەوزی ماسییە

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد


ئەگەربێت ‌و بەراوردێكی رێژەی بارانبارین لە نێوان كەركوك و ناوچەكانی دیکەی هەرێمی كوردستاندا بكەین، دەبینین لەم دوو ساڵەی دواییدا رێژەیەكی كەم باران لە كەركوك و قەزاو ناحیەكانی دەوروبەری باریوە و رێژەكەش مەترسیدارە، چونكە كەركوك رێژەی سەوزایی زۆر كەمە و پارێزگاكە بەرەو وشكەساڵی ‌و بیابان بوون دەبات.
ئەوەی مەترسییەكە زیاتر دەكات، ئەوەیە هیچ پڕۆژەیەكی ستراتیژیی گرنگ لە شارەكەدا نییە جگە لە بەربەستی سەر رووباری خاسە، ئەویش تەواو نەكراوە و بە نیوە ناچڵی بەجێهێڵراوە.
لەو رووەوە بەڕێوەبەری فەرمانگەی كەشناشی كەركوك رایدەگەیەنێت: لە ساڵی 2023دا رێژەی بارانبارین (167.5) ملم بووە، ئەم رێژەیەش بەراورد نە پارێزگاكانی دیکە رێژەیەكە جێی مەترسییە، چونكە لە سەرەتای ئەمساڵدا تا ئێستا 102 ملم باران باریوە و رێژەكە بەراورد بە ساڵی رابردوودا، زۆر كەمیكردووە.

بارانبارین لەشوان لە ناوچەكانی تر زیاتر بووە
عەلی میرزا، جووتیار لە ناحیەی شوان-ی سەربە پارێزگای كەركوك، دەڵێت: ئەو بارانەی لە گوندەكانی دەوروبەری ناحیەكە دەبارێت، زیاترە لە سەنتەری كەركوك، بەڵام ئەو رێژەیەی كە لە گوندەكان دەبارێت، وەكو پێویست نییە بۆ پێگەیاندنی بەرهەمی گەنم و جۆ لەچاو ناوچەكانی دیکەدا، چونكە بارانی ئەم ساڵانەی دوایی وەك ساڵانی رابردوو نییە، چونكە ئەوکات رێژەیەكی زۆر باران دەباری، بۆیە ئەگەر بێت‌ و كەشەكە بەم شێوەیە بڕوات ئەوە قەبارەی ئەو گەنم و جۆیەی كە بەرهەمدێت وەكو پێویست نابێت ‌و هەندێكجار ئامێرەكانی دروێنەش بەزەحمەت بەرهەمەكەیان بۆ دەدووررێتەوە و جووتیاران زەرەرمەند دەبن لە چاوەڕوانی بەرهەمەكەدا.

هۆکارەکان و هەمەلایەنیی کێشەکان
هەر لەوبارەیەوە عەبدوڵڵا كەریم، جووتیارێکی قەزای داقوقە، لەسەر رێژەی بارانی ئەمساڵ، دەڵێت: چەند ساڵێكە رێژەی باران لە قەزاكەماندا زۆر كەمیكردووە و وەكو پێویست نییە، هەروەها بەرهەمی گەنم و جۆش پێویستی بە بارانی زۆرە، بۆیە بەشێك لە جووتیارانی قەزاكە روویان كردۆتە دروستكردنی حەوزی بەرهەمهێنانی ماسی.
دەشڵێت: لەپاڵ نەبوونی باراندا، هەندێك ساڵ لەكاتی پێگەیشتنی بەرهەمی گەنم و جۆدا، گروپە تیرۆریستییەكان بەرهەمەکان دەسووتێنن، ئەمەش وادەكات كە جووتیارانی قەزاكە بێ بەرهەم بمێننەوە و كەسیش نییە قەرەبوویان بكاتەوە.
 جگەلەوەش ئەمساڵ لەلایەن حكومەتی عیراقەوە بەشێكی زۆری حەوزی ماسییەكانی قەزاكە تێكدران و بەو هۆیەشەوە زیانێكی مادیی زۆر بەر جووتیارانی ناوچەكە كەوت.

لە ژێر ستانداردی جیهانیدا نیین
شكۆفە محەمەد، ئەندامی كۆمەڵەی كوردستانێكی سەوز، سەبارەت بە نەبوونی رێژەی بارانی پێویست لە سنووری پارێزگای كەركوك، رایگەیاند: چەند ساڵێكە رێژەی باران زۆر كەمیكردووە و لەگەڵ ئەوەشدا پانتایی سەوزایی لە شارەكەدا زۆر كەمە و لەخوار ستانداردی جیهانییەوەیە.
هەروەها وتی: ساڵ بەساڵ رێژەكەش بەرەو دابەزین و نزمبوونەوە دەچێت، ئەمەش مەترسیی لەسەر ژینگەی کۆی پارێزگاکە دەبێت.

رێژەکان جیاوازن
حەسەن عەلی، بەڕێوەبەری فەمانگەی كەشناسیی كەركوكیش لەو بارەیەوە دەڵێت: ئەگەر پارێزگای كەركوك لەگەڵ پارێزگاكانی دەوروبەریدا بەراورد بكەین، ئەوا دەگەیەنە ئەو راستییە كە رێژەی باران تێدا كەمە و وەكو پێویست نییە، چونكە دەبینین ساڵ لەدوای ساڵ رێژەی بارانەكە بەرەو كەمبوونەوە دەڕوات و هەر ناوچەیەكیش لەگەڵ ناوچەكانی دیکەدا جیاوازە، هۆكارەكەشی پیسبوونی ژینگەیە كە رۆڵێكی گەورە دەبینێت لە كەمیی باراندا، چونكە لە كەركوك كۆمپانیایەكی گەورەی وەكو كۆمپانیای نەوتی باكوور و كارگەی چیمەنتۆ هەن، جگە لەوەش بە سەدان كارگەی بێ مۆڵەت لە شارەکەدا كاردەكەن و ژینگە پیسدەكەن، ئەمەش كاریگەریی لەسەر باران و مەترسییەكانی بۆ سەر بەرهەمهێنانی گەنم و جۆ و دانەوێڵەكانی تر دەبێت.
وتیشی: هەڵكەندنی بیری ئیرتیوازی ئەوەندی تر رێژەی ئاوی سەر زەویی لە پارێزگاكەدا كەمكردۆتەوە، بۆیە ئەگەر بەنداوی سەر رووباری خاسە و دووبز نەبێت، ئەوا هاووڵاتیان تووشی کەمیی ئاوی خواردنەوەش دەبن.

كەم بارانی و وشكەساڵی  روو لە پارێزگاكە دەكات
زوهێر محەمەد، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركوكیش، لەبارەی مەترسییەكانی وشكە ساڵی‌ و كەم بارانییەوە رایدەگەیەنێت: كەركوك زەویوزاری كشتوكاڵیی زۆری هەیە، بەڵام دوو ساڵە پارێزگاكە بەدەست كەمی بارانەوە دەناڵێنێت و رێژەی بەرهەمهێنانی گەنم و جۆش وەكو پێویست نییە، چونكە بەرهەمەكەی لە جۆرێكی باش ناڕوێت لەبەرئەوەی پێویستی بە ئاوێكی زۆری بارانە.
هەروەها دەڵێت: پڕۆژەكانی ئاودێریش وەكو پێویست نیین بۆ ئاودانی دەغڵودان و ئەو بارانەش کە لەمساڵدا باریوە، وەك پێویست نییە و بارانەكە لەكاتی پێویستدا نابارێت یان پچڕپچڕە و رێژەكەشی كەمە، ئەمەش وادەكات بەرهەمی دانەوێڵە بەگوێرەی پێویست نەبێت.
هەروەها رایگەیاند: دیاردەیەكی تریش كە كاریگەریی بەسەر زەوییە كشتوكاڵییەكانەوە هەیە ئەوەیە لەكاتی پێگەیشتنی دەغڵوداندا چەند دەستێكی نادیار هەن كار بۆ سووتاندنیان دەكەن، جگەلەوەش بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی كەركوك کود (سماد) ی پێویستی نییە تا لەو رێگەیەوە یارمەتیی جووتیاران بدات‌ و دەغڵودانەكانیان لە نەخۆشییە کشتوکاڵییەکان بپارێزێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان