كەی كۆمەڵە لە شاری خانەقی دروستكرا؟

09:59 - 2024-02-05
ڕاپۆرت
179 جار خوێندراوەتەوە

مامۆستا جەعفەر

كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان، كە پێشتر ناوی كۆمەڵەی ماركسی-لینینی كوردستان (كملك) بوو، پێش 1971 بەڕەسمی هیچ كۆمیتە و شانەیەكی لە شاری خانەقی نەبووە. تەنانەت شانەی رۆشنبیریشی لێ نەبووە. لەناو گەنجەكاندا چالاكی و جموجوڵی رۆشنبیریی چەپئامێز هەستی پێدەكرا، بەڵام رێكخستن و كاری رێكخراوەیی سەلماندی بۆ من ئاسان نییە. پاژێك لەو كەسانە لەناو یەكێتیی لاوان و یەكێتیی قوتابیانی كوردستاندا دەجووڵانەوە. بەڵام بە نهێنی؛ كۆمیتە و شانەی كۆمەڵە، ساڵێك دواتر دروستكراوە.
رۆژی 10/6/1970 لە بەغدای پایتەخت، كۆمەڵە دروست دەبێت، ئەمە ناوی دەستەی دامەزرێنەرەكەیەتی (مام جەلال، شیهابی شێخ نوری، فوئاد قەرەداخی، فازیڵی مەلا مەحمود، فەرەیدون عەبدولقادر، دلێر سدیق). مام جەلال پەیوەندیی كۆنی لانی كەم لەگەڵ چوار كەس دەبێت لە كادر و ئەندامە پێشكەوتووەكانی باڵی مەكتەبی سیاسی، كە ئەم كەسایەتیانە بوون (نەسرەدین رۆژبەیانی، دارای مەلا عەبدوڵڵا، نەریمان دەربەند فەقەرەیی، سەڵاح حەسەن خەسرەو) ئەم چوارە: نەریمان ئێستا لە ڤییەنایە، مامۆستا سەڵاح لە هۆڵەندا و هەولێرە، نەسرەدین رۆژبەیانی و دارای مەلا عەبدوڵڵا لە كەلارن.
1-نەسرەدین رۆژبەیانی: لە شەستەكانی سەدەی پێشوودا پێشمەرگە و كادر بوو. ئەو پێش 1969 لێپرسراوی ناوچەی خانەقی بوو. ساڵی 1970 لە بەغدا دەژیا و لە یەكەم ئەڵقەی رۆشنبیری بەشداربووە. ساڵی 1971 بۆ خانەقی وەكو ئەندام ناوچەی پارتی گەڕایەوە، یەكەم دەستەی رێكخستنی كۆمەڵەش بوو.
2-نەریمان دەربەند فەقەرەیی: كادر و پێشمەرگەی پارتی بوو. ساڵی 1969 كۆلێجی ئیدارە و ئیقتیسادی زانكۆی بەغدای تەواوكردووە. ساڵی 1971 وەكو بەڕێوەبەری دائیرەی ئامار (احصا‌ء)ی خانەقی دەستبەكاربوو. پەیوەندیی كۆنی لەگەڵ مام جەلال دا هەبووە. لە زانكۆش زۆربەی ئەندامانی كۆمەڵەی ناسیوە. نەریمان ئۆتۆمبێلەكەی دائیرەی ئامار (احصا‌ء) بۆ هێنانی نامە و بڵاوكراوە لە بەغداوە بۆ خانەقی، بەكاردەهێنێت.
3-دارای مەلا عەبدوڵڵا: پێشمەرگە و كادری پارتی. پیشە: فیتەر. پاش بەیانی 11ی ئازاری 1970 كرایە لێپرسراوی ناوچەی خانەقی باڵی مەكتەبی سیاسی. كۆبوونەوەكان لە ماڵی ئەوان دەكران. ساڵی 1971 بە ئەندامی ناوچەی خانەقی دانرا. ئەم لە بەغدا وەكو كۆمەڵە پەیوەندی بە مام جەلال-ەوە كردووە و پێش سەفەری مام جەلال بۆ لوبنان، لە چۆمان سەردانی مام جەلال دەكات. مام جەلال بەڕوونی پێیدەڵێت: من لێرە نامێنمەوە، بۆ دەرەوەی وڵات دەڕۆم.
4-سەڵاح حەسەن خەسرەو: مامۆستای وەرزش و ئەندامی ناوچەی خانەقی، باڵی مەكتەبی سیاسی بوو. ئەمیش ساڵی 1970 هەر لە بەغدا پەیوەندی بە مام جەلال-ەوە هەبوو. نەسرەدین رۆژبەیانی ساڵی 1972 بۆ ناوچەی پێنجوێنی پارتی دەگوازرێتەوە. نەسرەدین بە مامۆستا سەڵاح دەڵێت: لەمەودوا پەیوەندی بە كاك شیهاب-ەوە بكە. ئەمیش دەڵێت: كاك شیهاب چۆن بدۆزمەوە؟. نەسرەدین دەڵێت: بڕۆ بۆ دائیرەی (انحصار التبغ) لای (ساحە الطیران) وێنەی جۆرج حەبەشت بینیوە، ئەوە خۆیەتی! مامۆستا سەڵاح؛ كاك شیهاب بەئاسانی دەناسێتەوە. پاش ئەو یەكتربینینە، كاك شیهاب سەردانی شاری خانەقی دەكات و لەوێ مامۆستا سەڵاح و نەریمان دەبینێت. ئەو پێیان دەڵێت: لەم قۆناغەدا شانە دروست مەكەن. پەیوەندی بە تاكە كەسەوە بكەن... تاد.
هەر ئەو كاتە ژمارەیەك خوێندكاری خانەقی لە زانكۆكانی بەغدا بوون وەكو (جەبار فەرمان، ئیبراهیم حسێن...) پەیوەندییان بە رێكخستنی بەغداوە هەبوو.
هیوادارم ئەندامانی كۆمەڵە لە شار و شارۆچكەكانی تری كوردستان، بە كورتی مێژووی دامەزراندنی كۆمیتە و شانە و ئەڵقە رۆشنبیرییەكان بنووسنەوە، چونكە پاش چەند ساڵێكی تر رەنگە نووسینەوەی ئەو مێژووە ئاسان نەبێت.


*زانیارییەكان لەڕێگەی گفتوگۆی تەلەفۆنی لەگەڵ مامۆستا سەڵاح، نەریمان، نەسرەدین و دارا، وەرگیراوە.


بابەتە پەیوەندیدارەکان