سەرۆك كۆمار، تەئكیددەكاتەوە لەسەر «پشتیوانیی كۆمسیۆن و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بڕیارەكەی حكومەتی عیراق سەبارەت بە داخستنی كەمپەكان و یەكلاكردنەوەی دۆسێی ئاوارەكان و كۆتاییهێنان بە ژیان و بارودۆخی تراژیدییان و گەڕاندنەوەیان بۆ ناوچەكانیان و دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆیان».
رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان پێویستە هەوڵەكانیان چڕتربكەنەوە
دوێنێ لە بەغدا، د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، پێشوازی لە جۆن نیكۆلا بۆز نوێنەری كۆمسیاری باڵای نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران و وەفدی هاوڕێی، كرد و لە دیدارێكدا تاوتوێی چۆنێتی باشتركردنی هاریكارییەكانی نێوان عیراق و كۆمسیۆنی باڵای نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران كرا بۆ پشتیوانی و بەردەوامبوونی هەوڵەكان بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ پەنابەران و ئاوارەكان و كەمكردنەوەی بارگرانییەكانیان. سەرۆك كۆمار داوایكرد «هەنگاوی كرداری و بەپەلە بنرێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان و تا ئەو كاتەش رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان پێویستە هەوڵەكانیان چڕتربكەنەوە بۆ بەدەنگەوەچوونی ئەو كەس و خێزانانەی زێدی خۆیان بەجێهێشتووە و چاودێرییەكی باشتر بكرێن».
نوێنەری كۆمسیۆنی نەتەوەیەكگرتووەكان: پشتیوانی لە چارەسەركردنی دۆسێی ئاوارەكان دەكەین
نوێنەری كۆمسیۆنی نەتەوەیەكگرتووەكانیش، ستایشی هەوڵەكانی عیراقی لە دابینكردنی پێداویستی بۆ پەنابەر و ئاوارە، كرد و جەختیكردەوە كە «پشتیوانی لە بەهێزكردنی هاریكاری و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی عیراق دەكەین بۆ چارەسەركردنی یەكجارەكیی دۆسێی ئاوارەكان».
بە چەندین شێوە هاوكاریی خێزانە گەڕاوەكان دەكرێت
بەپێی زانیارییەكان، وەزارەتی كۆچ و كۆچەرانی عیراق پلانی هەیە بۆ كۆتاییهێنان بە دۆسێی ئاوارەكان و گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان، كە زۆرترین ئاوارە لە هەولێر و دهۆكدا نیشتەجێن. پلانەكەش بەشێوەیەكە هەر خێزانێك بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی؛ هاوكاریی مادی و مەعنەوی دەكرێت و هەر خێزانێكی كەمپەكانیش بڕی چوار ملیۆن دیناری پێدەدرێت و قەرەبوو دەكرێتەوە و دادەمەزرێنرێن و كاریان بۆ دەدۆزرێتەوە لە كەرتی تایبەتدا، هاوكات وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتیش بە چەندین شێوە هاوكاریی خێزانە گەڕاوەكان دەكات. هەروەها سندوقی بنیاتنانەوەی شنگال و دەشتی نەینەوا راسپێردراون بۆ تەرخانكردنی زەوی بەمەبەستی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ ئەو خێزانانەی دەگەڕێنەوە.
«هەوڵەكان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و كۆتاییهێنان بەو دۆسێیە؛ زۆر گرنگە»
هەر لەو بارەیەوە، داود كالۆ جوندی لێپرسراوی مەڵبەندی شنگالی یەكێتی، بە PUKMEDIAی راگەیاندووە: حكومەتی عیراق، بۆ چارەسەری كێشەی ئاوارەكان و گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان بودجەیەكی تایبەتی دیاریكردووە، وەك هەنگاوی یەكەمیش 10 هەزار خێزانی ئاوارەی نیشتەجێی هەرێم، قەرەبوو دەكرێنەوە. «هەنگاو و هەوڵەكان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و كۆتاییهێنان بەو دۆسێیە؛ زۆر گرنگە».