رزگاری و كۆیە پێشەنگن

11:11 - 2024-02-06
وەرزش
88 جار خوێندراوەتەوە

رۆژی پێنجشەممەی ئایندە 8/2/2024 جەولەیەكی نوێ لە یارییەكانی خولی پلە یەكی یانەكانی كوردستان دەستپێدەكەن كە یارییەكانی هەفتەی 11 یەمینە و رۆژی دواتر هەینی 9/2 كۆتاییاندێت.

یارییەكان
پێنجشەممە 8/2/2024

*هەڵۆ    ×     رواندز.
*بابان    ×    شۆرجە.
*تەناهی × چەمچەماڵ.
هەینی 9/2/2024
*پیشەسازی   ×       كۆیە.
*خاك        ×      رزگاری.
*خانەقین    ×    قەڵادزێ.
*سێمێل×هەڵەبجەی شەهید.
*سلێمانی    ×        بازیان.
خوێندنەوەیەک
هەفتەی رابردوو یارییەکانی هەفتەی دەیەمینی ئەم خولە کران، بە خوێندنەوەیەکی بە پەلەی ئەم خولە، دەردەکەوێت کە هەردوو یانەی رزگاری و كۆیە لە لووتكەی ركابەرییەكی توندان بۆ بردنەوەی نازناوی پاڵەوانی ئەمساڵی خولەکە و گەیشتن بە خولی نایابی وەرزی ئایندە و پیشەسازیش گوشاری لەسەر هەردووكیان درووستكردووە. 
ماوەی چەند هەفتەیەكە ئەم دوو تیپە لووتكەی ریزبەندییان گرتووە، هەردووكیان لە كۆی بردنەوەو یەكسان بوون و دۆڕاندندا وەكو یەكن، هەریەكەیان 8 یاریی بردۆتەوە و یەك یەكسان بوون و یەك دۆڕاندنیان هەیە، بەڵام بە جیاوازی گۆڵ رزگاری یەكەمەو 20 گۆڵی كردووەو 5 گۆڵی لێكراوە، بەڵام كۆیە دووەمی ریزبەندییەو 15 گۆڵی كردووەو 4 گۆڵیشی لێكراوە.
لە هەفتەی دەیەمی یارییەكانیشدا هەردووكیان براوە بوون، رزگاری هەشتەمین بردنەوەی تۆمار كردو لە نێو یاریگاو هاندەرانیدا 1-0 لە سێمێلی بردۆتەوە، كۆیەش لەدەرەوەی یاریگای خۆیدا ئەنجامێكی باشی تۆمار كردووەو 3-1 لە قەڵادزێی بردۆتەوە.
لەكۆی 14 یانەی تری بەشداری ئەم خولە، تەنیا یانەیەك كە تا ئێستا توانیویەتی گوشار بۆسەر ئەم دوو یانەیە درووستبكات یانەی پیشەسازییە، ئەم هەفتەیە ئەمیش لەدەرەوەی یاریگای خۆی بردنەوەیەكی باشی تۆمار كردوو 2-1 لە شۆرجەی كەركوكی بردۆتەوە،  ئەم تیپەش ئێستا سێیەمی ریزبەندییەو 24 خاڵی هەیە و تەنیا یەك خاڵ لەدوای رزگاری و كۆیەوەیە، پیشەسازی بەپێچەوانەی دوویانەی لووتكەوە هیچ یارییەكی نەدۆڕاندووە، بەڵام سێ یاریی یەكسان بووە. 
سەبارەت بەتیپەكانی تری بەشداری ئەم خولە، تا هەفتەی دەیەم هیچ كام لە 13 یانەكەی تری بەشداریی ئەم خولە، هیچیان نەیانتوانیوە ببنە ركابەرێكی توندی ئەو سێ یانەیە، چونكە سێمێلی چوارەم 19 خاڵی لە 6 بردنەوە و یەك یەكسان بوون و سێ دۆڕاندن هەیە، ئەم هەفتەیەش 0-1 بە رزگاری دۆڕاوە، قەڵادزێی پێنجەمیش 18 خاڵی هەیەو 5 یاریی بردۆتەوەو 3 یاریی یەكسان بووەو دوو دۆڕاندنیشی هەیە، هەرچی تیپی یانەكانی سلێمانی و شۆرجەو خاكە، ئەمان تاڕادەیەكی زۆر لە بازنەی ملمڵانێیەكان چوونەتە دەرەوە، هیوایەكی لاوازیان هەیە بگەنە پلە باشەكانی ریزبەندیی و سەركەوتن بۆ خولی نایابی كوردستان.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان