فریای یانەی سەیدسادق بكەون

11:17 - 2024-02-06
وەرزش
146 جار خوێندراوەتەوە

ستادیۆم

ماوەی چەند ساڵێكە تیپی تۆپی پێی یانەی سەیدسادق یەكێكە لە تیپە باش و ئاست بەرزەكانی كوردستان، بە لێهاتوویی خۆی لە خولی پلەیەكی كوردستانەوە خۆی گەیاندە خولی نایابی یانەكانی كوردستان، جەماوەر و هاندەرانێكی زۆر زەوەند و دڵسۆز و باشی هەیە كە هەمیشە پاڵپشتێكی تەواوی تیپەكە بوون و ئەمان بەشێكی سەرەكی بردنەوەو ئەنجامە باشەكانی بوون.

ئاستێكی جیاواز لە ساڵانی رابردوو
بەڵام ئەمساڵ لە خولی نایابدا بە پێچەوانەی دووساڵی رابردووەوە لە ئاستێكی زۆر خراپدا دەبینرێت، ئێستا دوا تیپی ریزبەندیی خولی نایابە، ئەمە لەكاتێكدا وەرزی رابردوو 2022-2023 لەپلەی شەشەمی ریزبەندیی خولی نایابدا وەستا، ساڵی پێشتر لەپلەی سێیەمی خولەكەدا بوو،  بەڵام ئەمساڵ پاش تەواو بوونی 17 هەفتە لەیارییەكان تەنیا 4 یاریی بردۆتەوە، 4 یارییش یەكسان بووە، 9 یاریی دۆڕاندووە و 16 خاڵی هەیە و دوا تیپی ریزبەندییە و لە پلەی 16 یەمیندایە.
دابەزینی ئاست و ئەم ئەنجامە خراپانە، مایەی نیگەرانیی هاندەرانی یانەكە و هەموو لایەكمانە، یانەیەك كە گەنجانێكی زۆری سنوری شارەزووری لەدەوری خۆی كۆكردبێتەوە و بەدڵ و بە گیان هاندەر و لایەنگر و پاڵپشتی یانەكە بن، هەق نییە ئاوای لێبەسەر بێت كە ئێستا بەسەری هاتووە، كەس لێی ناپرسێتەوە، ئەم فەرامۆشكردنەی تیپەكە و یانەكە بۆتە مایەی نیگەرانی و جێی باس و خواسی هەموو لایەك.

بارودۆخێكی خراپ
ستادیۆم بۆ بەدواداچوونی ئەم ئاستە خراپ و ئەنجامە خراپانە و هاتنە دواوەی تیپەكە، سەرەتا پەیوەندی بە تەیب محەمەد رەشید سەرۆكی یانەی سەید سادقەوە كرد، ئەو سەبارەت بەم خراپی بارودۆخەی تیپەكەیان لە خولی نایابی یانەكانی كوردستاندا ووتی: هۆكاری سەرەكی خراپییەكە باری داریی یانەكەمانە كە لە خراپترین بارو دۆخیدایە، یانەكەمان هیچ داهاتێكی نییە من كاتێك كرام بە سەرۆكی یانەكە خۆم بۆخۆم چیم لەدەستهاتبێت بۆ تیپەكە كردوومە و لەگیرفانی خۆم مەسەرەفی تیپەكەم كردووە، دواتر بۆ ئەو قەیرانە داراییەی توشمان بوو، سەردانی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتم كرد و یارمەتییەكی داین و توانیمان تا ڕادەیەك كێشەكانمان چارەسەر بكەین، بەڵام ئێستا هاتووینەتەوە سەر خاڵی سەرتا كە خراپترین بارو دۆخە.
هەروەها ووتی: هەر ئەم بارو دۆخە وایكرد زۆربەی هەرە زۆری یاریزانەكانمان ئەمساڵ بچنە یانەیەكی تر و لەو یانانە موچەی باشیان هەیە، كە ئێمە ناتوانین بۆیان دابین بكەین، لە نێو ئەو یاریزانانەدا هاوكار جەمال چووە پێشمەرگەی سلێمانی، فەرمان عوسمان چووە یانەی سۆران، بەڵێن فایەق چووە یانەی چوارقوڕنە، ئێستا زیاتر لە 10 یاریزانی سەید سادق كە یاریزانی باش و لێهاتوون یانەكەمانیان جێهێشتووە و چونەتە یانەیەكی تر.

داوا دەكەن ئاوڕێكیان لێبدرێتەوە
لەكۆتاییدا ووتی؛ من لەرێگەی ستادیۆمەوە داوا لە بەرپرسانی حكومی و حزبی ناوچەكەمان و كوردستان دەكەم بێن بە هانای یانەكەمانەوە، گەنجانێكی زۆری سنورەكەمان لەم باردودۆخە خراپەی یانەکە نیگەرانن، هیوادارم ئەو جەماوەرە زۆرەی سنورەكە ئاشت بكەنەوە و پاڵپشتی داریی یانەكەمان بكەن تا بگەڕێینەوە ئاستە باشەكەی جارانمان.

هەمان رای سەرۆكی یانەكەی هەبوو
دواتر  پەیوەنمانی بە بەهادین زەڕایەنییەوە کرد کە نووسەر و شیكەرەوەی وەرزشییە و كەسێكی نزیكیشە لە یانەكە، ئەو بۆ ئەم كێشەیەی كە رووبەڕوی یانەكەیان بۆتەوە هەمان راو بۆچوونی سەرۆكی یانەكەی هەبوو، ئەمیش داد  و بێدادی بوو لەوەی كە یانەكە زۆر بێخاوەنە، جەماورێكی باشی یانەكە ئەمساڵ دڵشكاو بوون بەوەی كەس ئاوڕێكیان لێناداتەوە، كێشەی دارایی وایكردووە زۆربەی یاریزانە باشەكانی یانەكە رووبكەنە یانەكانی تر و سەید سادق جێبهێڵن.
لەكۆتاییدا هیوادارین ئەم سكاڵا و داواکاری و كێشانەی كە بەرۆكی یانەی سەید سادقی گرتووە چارە سەر ببن و  لێپرسراوانی حزبی و حكومی شارەكەو ناوچەكەو كوردستان بەپیریانەو بچن و هاندەرانی تۆراوی سەید سادق ئاشت بكەنەوە تا تیپەكە بگەڕێتەوە ئاستە باشەكەی ساڵانی رابردووی.

 بەهادەین زەڕایەنی

تەیب محەمەد رەشید

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان