د.لەتیف رەشید لە کۆشکی بەغدا پێشوازیکرد لە یەشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیا و وەفدی یاوەری و جەختیکردەوە، پێویستە چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە سنوور و دۆسییەی ئەمنیی نێوان ھەردوو وڵات، لە رێگەی راوێژ و ھەماھەنگی ھاوبەش و پێکھێنانی لیژنەی ئەمنی لە نێوان ھەردوولا بێت.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە پێویستی رێزگرتن لە سەروەریی عیراق و راگرتنی ئەو پێشێلکارییە سەربازیانەی دەکرێنە سەر خاکی عیراق لە نێویاندا شارەکانی ھەرێمی کوردستان.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشکرد، راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی دەبێتەھۆی تێکدانی ھاریکاری ھاوبەش و رێگری لە پاراستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان ھەردوو گەل دەکات.
لای خۆیەوە، یەشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیا پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری عیراق نیشاندا و ھەروەھا ویستی خۆی نیشاندا بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سلێمانی و شارەکانی تورکیا.