لە سەروبەندی ساڵڕۆژی جیهانیی شێرپەنجەدا

نەخۆشخانەی هیوا چی دەوێت؟

10:19 - 2024-02-07
ڕاپۆرت
238 جار خوێندراوەتەوە
#هیوا، نەخۆشخانەیەکی بە بینا بچووک و بە خزمەت گەورە

پێشکەوت عەبدوڵڵا

نەخۆشیی شێرپەنجە لە جیهاندا، بەشێوەیەکی ترسناک تەشەنە دەسەنێت، زۆریی خۆراکی ناتەندروست و کەرەستەی پاککەرەوە و گازی زیانبەخش بەشێکن لە هۆکارە سەرەکییەکانی  دروستبوونی ئەم نەخۆشییە کوشندەیە.

ساڵانێکی زۆرە وەک رۆژنامەنووس و هاوکات وەک یەکێک لەو کەسانەی کە ئازیزانمان بەدەست ئەو نەخۆشییەوە دەناڵێنن، سەردانی نەخۆشخانەی هیوامان دەکرد لە شاری سلێمانی و هاوکات بۆ سەنتەری ژیانەوە.
زۆر کەس لەسەر نەخۆشییەکە قسە دەکەن، بەڵام ئەوەی بەلای منەوە سەرنجە، دەمەوێت باس لە گرنگترین شێوازی چارەسەر بۆ ئەو نەخۆشییە بکەم کە (دەروونییە)، بەردەوام پزیشکە بەڕێزەکان باسیان لەوە دەکرد کە زۆرترین رێژەی چارەسەر ئیراده و دەروونی چارەخوازە. ئەگەر نەخۆشەکە ئامادەبێت لە رووی دەروونی و جەستەییەوە، ئەوا ئێمە لە رووی پزیشکییەوە سەرکەوتوو دەبین لە چارەسەرکردندا.
 لێرەدا زۆرم پێ ناخۆشە کە وشەی (بەداخەوە) بەکاردەهێنم، بەکارهێنانی ئەو وشەیە بۆ ئەوە نییە کە لە دڵسۆزی و خەمخۆری و خۆشەویستی بۆ نەخۆش لەلایەن پزیشک و کارمەندانی هیوا و ژیانەوە کەم بکەمەوە، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە تا ئێستا نەتوانراوە کەشوهەوایەکی گونجاو چ بۆ پزیشک و چ بۆ نەخۆشەکان بڕەخسێنرێت.

 

ساڵانێک سەرۆک مام جەلال، هەموو توانای خۆی بۆ دروستکردن و گەشەپێدانی نەخۆشخانەی هیوا خستبووەگەڕ

 

کاتێک سەردانی نەخۆشخانەی هیوا دەکەین، دەبینین بە سەدان چارەخواز بەرامبەر یەکتریی دانشتون و دەڕواننە روخساری یەکتری، هەندێکیان قۆناغی مەترسیداریان بڕیوە و هەندێکیشیان چاوەڕوانی قۆناغە خەمناکەن، کە بۆ خۆی چواردەورەکەی بیر لەوە دەکاتەوە ئایا ئەویش وای بەسەردێ یان نا؟
دەبێت بە چەندین سەعات چاوەڕێی چوونە ژوورەوە بۆلای پزیشک بکەیت لە ژوورێکی بچووک و هۆڵێکی بچووک و یاخود لە رێڕەوەکاندا.
ساڵانێک سەرۆکی کۆچکردوو مام جەلال، هەموو توانای خۆی بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەی هیوا خستەگەڕ، چەندین سەرمایەدار هاوکاریی ئەو ناوەندە بچووکە بوون کە لەڕووی بیناوە بچووکە، بەڵام  بەخزمەت گەورەیە، بەڵام هیچ شتێک وەک ئەوە نییە لە ڕووی دەرونیەوە بتوانرێت چارەخواز ئامادەبکرێت بۆ وەرگرتنی چارەسەر.
چی بکرێت؟
 دەکرێت بە گوشارێکی ناوخۆیی لەسەر سەرمایەدار  و لایەنی دەرەکی  وەک رێکخراوە جیهانییەکان، بینایەکی گەورەی چەند نهۆم و کەرت و بە رێژەیەکی زۆری سەوزایی نەخۆشخانەی هیوا دروستبکرێتەوە. 
هەر خاوەن پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون ناچار بکرێت رێژەیەک لە داهاتەکەیان بخەنە سەر حساب بانکیی هیوا، چەندین پڕۆژەی بچووک و مامناوەند بکرێتەوە و خاوەندارێتییەکەیان بخرێتە سەر نەخۆشخانەی هیوا، وەک مارکێت و بەنزینخانەو ... هتد.
 ئەگەر چارەخواز بچێتە ئەو شوێنەی من باسی دەکەم لەداهاتوودا، ئەوا خەرجیی چارەخواز کەمتر دەبێت و زووتر چارەسەر وەردەگرێت و چاک دەبێتەوە.



بابەتە پەیوەندیدارەکان