چیرۆكی وێنەیەک

لە زاری سەرۆك مام جەلالەوە

10:53 - 2024-02-08
کەلتور
540 جار خوێندراوەتەوە
چوونی یەکەم وەفدی یەکێتی لە گوندی زیخانەوە بۆ بەغدا بۆ گفتوگۆ - کانوونی یەکەمی 1983

عومەر ئیسماعیل باوزێی


دوای ئەوەی هاوینی ساڵی (1982) دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو لە نامەیەكدا داوای بینینی من [مام جەلال] و عەزیز محەمەدی سكرتێری حزبی شیوعی كردبوو، چونكە لەوكاتەدا د. قاسملوو لەلایەن حكومەتەوە راسپێردرابوو، كە ئەوان ئامادەن لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و حزبی شیوعی كوردستان گفتوگۆ  بكەن، ئەگەرچی دواتر حزبی شیوعی لەوكاتەدا كۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەگەڵ حكومەتی عیراق رەتکردەوە.
كاتێك چەند نێردراوێكی حكومەت، كە پێكهاتبوون لە (عەقید روكن خەلیل محەمەد شاكیر / ئەبو ئەحمەد، عەقید ئیحسان/ ئەبو عودەی و ئەبو محەمەد) رۆژی چوارشەممە (13/10/1982) هاتن و لە بارەگای حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لەگوندی گۆڕەشێری دیوی ئێران و بەرامبەر گوندی شێنێ‌ لە ناوچەی پشدەری باشوری كوردستان، بە ئامادەبونی هەر یەكە لە د. قاسملوو مەلا عەبدوڵڵای حەیاكی ناسراو بە (عەبدوڵڵا حەسەنزادە)، نوێنەرانی یەكێتیش هەر یەكە لە مام جەلال و نەوشیروان مستەفا كۆبوونەوە. لە درێژەی گفتوگۆكاندا، ئەوان لەسەر ئەوە پێداگربوون یەكێتیی نوێنەرانی خۆی بنێرێت بۆ بەغدا.
ئینجا دوای ماوەیەك نامەیەكمان بۆ هات، پاشان دەركەوت لەلایەن (تاریق عەزیز)ەوە نووسراوە، دواتر ئێمەش وەڵامێكمان بۆ نووسینەوە.

با مام جەلال بێت
رۆژی یەکشەممە (13/2/1983) جارێكی دیکە وەفدێكی حكومەت هاتنەوە، كە هەمان كەسەكانی پێشووتربوون و وەڵامی نامەكەی ئێمەیان هێنابۆوە، پاشان ئێمە لەكۆتایی مانگی (10/1983)دا (فەرەیدون عەبدولقادر)مان لە رێی حزبی دیموكرات-ەوە بەناوی نەخۆشییەوە نارد بۆ بەغدا و توانیبووی هەریەكە لە (بەرزان تكریتی و تاریق عەزیز) ببینێت. لەوكاتەدا، بەرزان ئەوەی باسكردبوو، كە سەدام تەنها لەگەڵ مام جەلال وەك سكرتێری گشتی یەكێتیی دەتوانێت قسە بكات، ئەگەر ئەتانەوێت مەسەلەكە ببڕێننەوە با مام جەلال بێت و ئێمە هەموو بەڵێنێك دەدەین و هەموو شتێك دەكەین و رێزی دەگرین.
كاتێك فەرەیدون هاتەوە، من (مام جەلال) لە دۆڵەرەقە بووم و كاتی شەڕی بێتواتە بوو، سەركەوتنی گەورەمان بەدەستهێنابوو، یەكەمجاربوو ناحیەیەك بگرین و ناوچەیەكی گەورە بكەوێتە ژێر دەسەڵاتمان و سەدان پارچە چەك و تەقەمەنییەكی زۆرمان دەستبكەوێت.

 

 

بەرزان تکریتی وتبووی سەدام تەنها لەگەڵ 
مام جەلال 
وەك سكرتێری گشتیی یەكێتی قسە دەکات و ئەگەر دەتانەوێت مەسەلەكە ببڕێننەوە 
با مام جەلال بێت 

 

 

بڕیارماندا بچینە بەغدا
دوای وەرگرتنی بڕیاری كۆنفرانسەكانی كۆمەڵە و چەند كۆبوونەوەیەك لەگەڵ لێپرسراو و كادرەكانی پێشمەرگە و  پرسكردن بەكەسانی ئەدیب، رۆشنبیر، شاعیر، مامۆستای زانكۆ و كەسانی ناسرا و لە شارەكان، بڕیارماندا بچینە بەغدا. دوای ئەوەی ئێمە بە (د. قاسملوو)مان راگەیاند ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەت، پاشان كۆبوونەوەیەكی كۆمیتەی سەركردایەتی كرا. رۆژێك د. عەبدولڕەحمانی قاسملوو هات و لەلایەن حكومەتیشەوە بە هەلیكۆپتەر موقەدەمێكی ئیستخبارات/ هەواڵگری سەربازی هاتە گوندی زیخان و لەگەڵ برادەران کەوتینەڕێ. ئەوانەی لەگەڵمان بوون بریتیبوون لە: (مولازم عومەر، فەرەیدون عەبدولقادر، د. خدر مەعسوم، مەلا بەختیار و چەند کەسێکی دیکە) كاتێک گەیشتینە بەغدا پێشوازییەكی باشیانكردین، نوێنەری حكومەتی عیراقیش بە سەرۆكایەتی (هیشام سەباح فەخری) کە بەڕێوەبەری موخابەراتی گشتی بوو. كۆبوونەوەكە لەسەرەتاوە بە باسكردنی شتی گشتی دەستیپێكرد و بۆچوونمان لێك نزیكبوو، بەڵام هەتا وردتر ئەبووینەوە جیاوازیی پەیدا دەبوو، دواتر لەكۆبوونەوەیەكدا بوو بە شەڕ لەگەڵ تاریق عەزیز، چونكە كاتێك باسی زانكۆی سلێمانی كرا كە لابراوە و گوێزراوەتەوە بۆ هەولێر، منیش [مام جەلال] گوتم: زانكۆی سلێمانی بۆتە زانكۆی سەڵاحەدین، با ئەو زانكۆیە نەگەڕێتەوە و لە هەولێر بمێنێتەوە، بەڵام ئێمە زانكۆی كوردستان دادەنێین. ئەویش قسەیەكی نەشیاوی كرد و منیش زۆر توڕەبووم، هەموو شتەكانی بەردەمم كۆكردەوە و چاویلكەكەم لەچاوم كردەوە و كورسیەكەم وەرگێڕا و گوتم: (ئەمن قسە لەگەڵ تۆ ناكەم). دوای ئەوەی چەند جارێك داوای لێبووردنی كرد، من هەر قبوڵم نەكرد، بەڵام لەو كاتەدا د. قاسملوو كە لە كۆبوونەوەكەدابوو، نامەیەكی بچوكی دامێ‌ و نووسیبوی: (بەڕای من لێبووردنەكەی تاریق عەزیز قبوڵبكە). دوای ئەوەی راوێژی برادەرانم كرد، مەلا بەختیار و مولازم عومەر و ئەوان گوتیان: ئێمەش پێمان باشە قبوڵی بكەیت، منیش قبوڵمكرد. هەرچەندە كۆبوونەوەكە نەختێك تێكچوو، بەڵام دوایی دەستمان پێ كردەوە. دوای چەند كۆبوونەوەیەكی دیکە، ئینجا چاوپێكەوتنێكمان لەگەڵ سەدام حسێن دانا.
سەرئەنجامی هەوڵەكان كۆبوونەوە فراوانەكەی سورداش-ی لەساڵی (1984)ی لێكەوتەوە.

ئەو رۆژە دیمەنێكی سەیری هەبوو
لەوبارەیەوە نەوشیروان مستەفا لەکتێبی (خولانەوە لەناو بازنەدا) نووسیویەتی: (لە یەكێك لە رۆژەكانی سەرەتای مانگی (12/1983)دا، دوو هەلیكۆپتەر لەگوندی (زیخان)ی ناوچەی خۆشناوەتی نیشتنەوە، کە موقەدەمێكی هەواڵگری سەربازی حكومەتی عیراق بە ناوی (ئەبو سەرحان) سەرۆكایەتی تیمەكەی دەكرد، جگە لە د. قاسملوو، هەر یەكە لە (مام جەلال، مولازم عومەر عەبدوڵڵا، فەرەیدون عەبدولقادر، د. خدر مەعسوم، مەلا بەختیار و  عومەر عەزیز) بەرەو بەغدا بەڕێكەوتن.
لەڕاستیدا، ئەو رۆژە دیمەنێكی سەیری هەبوو، چونكە هەموو ئەو پێشمەرگانەی لە بەرزایی شاخەكان بۆ پارێزگاری ناوچەكە لەڕووداوی چاوەڕێ‌ نەكراو داماننابوون، بە پێچەوانەی ئەو فەرمانەی پێیاندرابوو دابەزیبوون و بەقەمسەڵەی بەڵەك، كە لە سەربازی حكومەتی عیراق و جاشەكان گیرابوون، وەك نەدی و بدی لەدەوری كۆپتەرەكان وروكابوون، بۆیە نموونەیەكی خراپی بێ‌ دیسپلینی و نیشانەیەكی ئاشكرای ماندوویەتی پێشمەرگەبوو. دوای ئەوەی دەستەی نوێنەرایەتی یەكێتیی لەگەڵ د. قاسملوو و ئەبو سەرحان سواری كۆپتەر بوون، لەمەشدا چەند كەسێك خۆیان فڕێدایە ناو كۆپتەرەكان، كە نە ئەندامی شاندەكە و نە راوێژكار و نە پێشمەرگەی پارێزگاری بوون، ئەمەش دیسان نیشانەیەكی دیکەی بێ‌ دیسپلینی بوو، دواتر برادەران لە بەغدا لەگەڵ نوێنەرانی حكومەت بە سەرۆكایەتی (هیشام سەباح فەخری) كە تازە لەشوێنی (بەرزان تكریتی) بە لێپرسراوی هەواڵگری حكومەتی عیراق دانرابوو، هەروەها هەر یەكە لە (عیزەت دوری، تاریق عەزیز، سەعدی مەهدی ساڵح و د. فازیل بەڕاك) كۆببوونەوە.

سەرچاوەكان:
١. سەڵاح رەشید: مام جەلال دیداری تەمەن، لە لاوێتییەوە بۆ كۆشكی كۆماری، بەشی دووەم، چاپی دووەم، چاپخانەی كارۆ، (سلێمانی، 2017)، ل14٧-15٦، ١٧٤.
٢. نەوشیروان مستەفا ئەمین: (خولانەوە لەناو بازنەدا) دیوی ناوەوەی رووداوەكانی كوردستانی عیراق (1984-1988)، چاپی دووەم، چاپ و بڵاوكردنەوەی مەڵبەنی ئاوەدانی كوردستان، بەرلین، (ئەڵمانیا، 1999) .

بابەتە پەیوەندیدارەکان