عیماد ئەحمەد: پێویستە دراوسێکانمان سەروەرییمان بپارێزن

08:48 - 2024-02-10
کوردستان
373 جار خوێندراوەتەوە

هەڤاڵ عیماد ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە نوێنەرایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداری لە ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران دا کرد کە لە کونسوڵخانەی ئێران لە سلێمانی بەڕێوەچوو.
 لە وتەیەکدا عیماد ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی باسی لەو گۆڕانکاییانە کرد کە بەهۆی شۆڕشی ئیسلامییەوە هەم لە ئێران و هەمیش لە ناوچەکەدا هاتە ئاراوە و رایگەیاند، "رژێمی شاهەنشای ئێران دۆستی دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکان و دوژمنی گەلانی ناوچەکە بوو، بەجۆرێک  رۆڵ و دەستی هەبوو لە شکستپێکهێنانی شۆڕشی ئەیلول کە گەورەترین شۆڕشی گەلی کورد بوو لە عیراق".
لەو مەراسیمەدا کە سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران و نوێنەری ژمارەیەک لە حزب و لایەنە سیاسییەکان ئامادەیبوون، عیماد ئەحمەد دووپاتیکردەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لەیاد ناکات کە پشتیوانی گەلی کورد بووە لە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە و کۆڕەوی گەلی کورد و شەڕی تیرۆریستانی داعش و وتی: "کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی بوو لە دژی دیکتاتۆری عیراق و رژێمی بەعسی سەدامی" و رۆڵی رەوانشاد سەرۆک مام جەلالی بەبیرهێنایەوە کە ئەندازیاری ئەو پەیوەندییە بووە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و باڵای گەلەکەمان.
هەڤاڵ عیماد ئەحمەد دووپاتیکردەوە کە پێویستە وڵاتانی دراوسێمان خاک و سەروەرییمان بپارێزن، وەک چۆن ئێمە نابینە بەشێک لە کێشە بۆ دراوسێکانمان، بەڵکو بەشێک دەبین لە چارەسەر.
هەروەک دووپاتی کردەوە کە دەتوانرێت بەزمانی دیالۆگ و ئاشتی ئاسایش و ئارامی بۆ هەردوولا دەستبەر بکرێت و وتی: "ناوچەکە لە کێشەدایە و یەکێتی بە ئەرکی خۆی دەزانێت گەل و ناوچەکەمان لە شەڕ و ناسەقامگیری بپارێزێت".

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان