یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بەئامادەبوونی مستەفا سەید قادر و قوباد تاڵەبانی کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە رۆژی یەکشەممە، 11ی شوباتی 2024 لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ یەکخستن و لێکنزیککردنەوەی بۆچوون و هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان سەبارەت بە چۆنێتی چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و ئابوورییەکانی کوردستان و رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی بەستنی کۆنفڕاسی بزووتنەوەی گۆڕانی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن. دواتر پاش تاوتوێکردنی دۆخی سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستان، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پێکەوەکارکردنی یەکێتی و گۆڕان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان بۆ بەدیهێنانی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی سەبارەت بە پرسە چارەنووسسازەکان.
لە تەوەرێکی دیکەدا قسە لەسەر پرسی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کرا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی نابێت کاتی زیاتر بەفیڕۆ بدرێت و پێویستە هەڵبژاردن بکرێت.
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کرا و هەردوولا هاوڕابوون پێویستە هەموو لایەنەکان هاوکاربن بۆ ئەوەی شایستەی دارایی هەرێم تێکەڵ بە پرسە سیاسییەکان نەکرێت و لەگەڵ بەغدا بگەنە رێکەوتنێکی ریشەیی و مافی موچەخۆرانی هەرێم پارێزراو بێت.
هەروەها بڕیاردرا هەماهەنگی زیاتر بکرێت بۆ ئیدارەدانی باشتر و بە شێوازێک کە خزمەتی باشتری هاووڵاتیان بکرێت.