چۆن خوێندنگەکانمان بكەین بە دۆستی ژینگە؟

09:56 - 2024-02-12
ڕاپۆرت
476 جار خوێندراوەتەوە
خوێندنگەی جگەرخوێن نموونەیەک لە دۆستایەتیی ژینگە

مەعروف مەجید*


ئێستا لەسەر ئاستی جیهان ناونیشانێك بۆ ناوەندەكانی خوێندن زیادیكردووە، ئەویش بریتییە لە خوێندنگە سەوزەكان،  كە لە هەندێک وڵات  هەوڵی جێبەجێكردنی دەدەن لەپێناوی پاراستنی ژینگە و هۆشیاركردنەوەی خوێندکاران و قوتابیان و بڵاوكردنەوەی كەلتوری ژینگە دۆستی.
 لێرەدا كۆمەڵێك بیرۆكەی نوێ دەخەینەڕوو، كە هەندێك لە پسپۆڕان لەسەری رێكەوتوون بۆ یارمەتیدانی خوێندنگەکان، بۆئەوەی ببنە خوێندنگەی سەوز و دۆستی ژینگە.

دەبێ بە کردار ژینگە دۆستییان بسەلمێنن
ئەوەی گرنگە پێش خاڵەكان، دەبێ بەڕێوەبەر و مامۆستایان و فێرخوازان كەسانی ژینگەدۆست بن، بە كردار بیسەلمێنن كە ژینگەیان خۆشدەوێ، ئەگەرنا لە هەوڵەكانیاندا سەركەوتوو نابن. واتە ئەو ناونیشانە خوێندنگە سەوزەكان، بۆ وەرگرتنی نمرە و دەستخۆشی و سوپاس و پێزانین نییە، بەڵکو دەبێت لە واقیعدا ژینگدۆستییەكە لەئارادابێت، لەبەرئەوەی ژینگە پێش ئەوەی گوفتار بێت، كردارە.

دەبێت لە ماستەرپلاندا هەبێت
بۆیە پێویستە، لە ئێستا بەدواوە، لەكاتی دروستكردنی بینای نوێی خوێندنگاكاندا، بە پێی ماستەرپلانێك هەوڵبدرێ بیناكان دۆستی ژینگەبن، هەر لەو كەلوپەل و پێداویستیانەی كە بیناكانی پێ بنیاتدەنرێت، تا ناوچەی سەوزایی و دووبارە بەكارهێنانەوەی ئاوی ئاوەڕۆكان بۆ ئاودانی و زۆرشتی تر.

یەكەم: شوێنی سەوزایی
فەزای سەوزایی لە خوێندنگەكاندا یەكێكە لە گرنگترین ئەو بیرۆكانە، ئەمەش لە یەكەم نیگاوە دەرخەری ئەوەیە كە نیگەرانیی ژینگەیی هەیە، بەوپێیە گرنگە پارچە زەوییەك لە گۆڕەپانی هەر خوێندنگەیەکدا بۆ سەوزایی تەرخان بكرێت، بۆئەوەی منداڵان بتوانن فێری گرنگیی كشتوكاڵ و جۆرەكانی رووەك و سەوزە بن وەك سەرچاوەی خۆراك. بەشێك لە وانەكانیش بكرێنە پراکتیکی و خوێندكاران بە پراکتیکی كاری تێدا بكەن.

دووەم: خواردنی تەندروست
هەندێك خوێندنگە هەن كە ژەمەكان بۆ منداڵان دابین دەكەن، بە تایـبەتی خوێندنگە ناحكومییەكان، ئەگەر ئەم خوێندنگەیە حەزی لە گرنگیدان بێت بە ژینگە، ئەوا دەبێت هەوڵبدات كەمترین پاشماوەی هەبێ و زیاتر گرنگی بە خۆراكە رووەكییەكان بدات، بە تایبەتی ئەو رووەك و خۆراكانەی لەناو وڵاتدا بەرهەم دەهێنرێن.

سێیەم: قەدەغەكردنی بەكارهێنانی پلاستیك
پێویستە خوێندنگە سەوزەكان، هانی خوێندكاران بدەن كە بە قۆناغ واز لە بەكارهێنانی مادە پلاستیكییەكان بهێنن بۆ زیادكردنی هۆشیاریی كرداری لەسەر پرسی پیسبوونی ژینگە، هەروەها هانیان بدەن بۆ بەكارهێنانی بوتڵی ئاوی تەندروست لەبری بوتڵی پلاستیك.

 چوارەم: جلوبەرگ و كتێب
هەر خوێندنگەیەک جلوبەرگی تایبەتی خۆی هەیە و كۆمەڵێك قۆناغی خوێندنی هەیە، هەروەها خوێندكاران هانبدرێن ساڵ بە ساڵ جلوبەرگی خوێندنگە و كتێبی خوێندن ئاڵوگۆڕ بکەن، واتە دەكرێ لەبری فڕێدانی، جلوبەرگەكان بدرێت بە كەسە نزیكەكان، یاخود ئەو كەسانەی باری بژێوییان خراپە، ئەو كات جلوبەرگەكان نابنە پاشماوە و فڕێنادرێن.

 پێنجەم: بەكارهێنانی پاسكیل
  پێویستە خوێندنگە سەوزەكان هانی خوێندكاران بدەن كە بەپێ یاخود بە پاسكیل  هاتوچۆ بكەن و پێویستیشە شوێنێك بۆ وەستاندنی پاسكیلی خوێندکارەکان تەرخان بكەن و پەروەردەیان بكەن سەبارەت بە گرنگیی بەكارهێنانی ئامرازەكانی گواستنەوەی بەردەوام بۆ كەمكردنەوەی پیسبوونی هەوا و ژینگە بەگشتی.

شەشەم: نەمام و گوڵ رواندن 
پێویستە مامۆستایان، خوێندکارەکان هانبدەن لە ساڵیادی لەدایكبوونیاندا لە باخچە یاخود لەناو پۆل و رێڕەوی خوێندنگەکەیاندا گوڵ و نەمام بڕوێنن، دەكرێت بۆ هاندان بكرێن بەناوی خۆشیانەوە و رۆژانەش چاودێریی بكەن، ئەمەش وایلێدێت هەر لە تەمەنی منداڵییەوە گوڵ و نەمامیان لەلا خۆشەویست دەبێت و خوێندنگەکەش لێی سوودمەند دەبێت لەڕووی زیادبوونی رێژەی سەوزاییەوە.

حەوتەم: جیاكردنەوەی پاشماوەكان
پێویستە خوێندنگە سەوزەكان، كاری لەپێشینەیان، فێركاری بێت بۆ خوێندکارەکانیان، هەرچەندە تا دەكرێت نابێت پاشماوەی جۆراوجۆریان هەبێت، ئەگەر هەیان بوو، پێویستە بە چەند سەبەتەیەکی تایبەت، پاشماوەكان لەیەكتری جیابكرێنەوە، واتە، كاغەز، شووشە، پلاستیك، خۆراك و...هتد، ئەوكات دەكرێت پاشماوەكان بگەیەنرێتە شوێنی تایبەت بە ریسایكلكردن. 

هەشتەم: گرووپی ژینگەپارێزی
بۆئەوەی سەرجەم خوێندکاران و مامۆستایان رۆڵی بەرچاو بگێڕن لە پاراستن و بنیاتنانی ژینگەی خوێندنگەکەدا، پێویستە چەند گروپێكی ژینگەدۆستی دروستبكرێت، ئەویش رۆژانە یاخود هەفتانە چالاكیی كرداری بکەن. بۆ نموونە هەڵمەتی پاكردنەوە، نەمام رواندن، چاودێریی پاك و خاوێنی گۆڕەپان و  تەوالێتەکان، هەروەها پێویستە باجێكی تایبەت بەو گروپە هەبێت، تەنانەت هێلەکی تایبەتیان هەبێت، بۆئەوەی بناسرێنەوە كە ژینگەپارێزن.

نۆیەم: رێزلێنانی ژینگەیی
پێویستە هەفتانە لەلایەن بەڕێوەبەری خوێندنگەوە، سوپاس و پێزانین و تەنانەت نمرەش بدرێت بەو قوتابی و خوێندکارانەی كە لەو گروپەدا بەشدار دەبن و رۆڵیان هەیە لە پاراستنی ژینگەدا، ئەمەش تەنها بۆ ئەوەی كە خوێندکارەکان بە تیم و گروپ كاربكەن و ببێتە هاندانێك بۆیان. 

ئەمانە چەند هەنگاوێكن تا لەداهاتوودا، خوێندنگەکانمان ببنە دۆستی ژینگە، ئەگەرنا دەكرێت چەندین هەنگاوی دیکە بنرێت بۆئەوەی پڕۆسەی پاکڕاگرتنی ژینگە لە ناوەندەكانی خوێندندا رەنگبداتەوە.
 
*سەرۆكی رێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان