عیراق له‌ ململانێی دۆلاردا

10:03 - 2024-02-12
ئابووری
209 جار خوێندراوەتەوە

ئا: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید


فوئاد حسێن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراق، به‌ ته‌له‌فۆن قسه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌نتۆنی بلینكنی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كرد و باس و خواسی گرنگی نێوانیان بابه‌تی ئه‌و سزایانه‌ بوو كه‌ ئه‌مریكا به‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك بانكی عیراقیدا سه‌پاندوویه‌تی، ئه‌و بانكانه‌ ژماره‌یان هه‌شت بانكن و پێشتریش ئه‌مریكا سزای به‌سه‌ر 14 بانكی عیراقیدا سه‌پاندبوو. ئه‌م باس و خواسه‌ په‌یوه‌ندی به‌ نرخی دیناره‌وه‌ هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌ دۆلار.
ئێستا بانكی ناوه‌ندیی عیراق رۆژانه‌ له‌ زیاد كردنێكی ئاشكرادا دۆلار ده‌فرۆشێت به‌و بازرگانانه‌ی ئه‌ركی هاورده‌كردنی پێویستییه‌كانی عیراقیان له‌ ئه‌ستۆدایه‌، له‌ بابه‌تی كاڵا و خزمه‌تگوزرایی، هه‌روه‌ها ده‌یفرۆشێت به‌و كه‌سانه‌ی پێویستیان به‌ دۆلاره‌ بۆ سه‌فه‌ر بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات.
كێشه‌كه‌ لێره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات، پێشتر ئه‌مریكا چه‌ندین جار ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، كه‌ سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر بانكه‌كانی عیراقدا به‌ مه‌به‌ستی رێگرتنه‌ له‌ سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ و دزه‌كردنی دۆلاری ئه‌مركی بۆ وڵاتانی دراوسێی عیراق.
د. عه‌بدلره‌حمان ئه‌لمه‌شهه‌دانی پسپۆڕی ئابووری له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێ: خه‌ڵكی عیراق تا ئێستاش به‌و جۆره‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پاره‌دا ده‌كه‌ن، ئه‌وجا پاره‌كه‌ دینار بێت، یان دۆلار، له‌ ماڵه‌وه‌ هه‌ڵی ده‌گرن و له‌ بانك دایانانێن، كاتێكیش هاووڵاتییه‌كی عیراقی ده‌چێت بۆ بانك و دۆلار ده‌كڕێت، پاره‌ی وشكه‌، یان نه‌ختینه‌ ده‌دات به‌ بانك بۆ كڕینی ئه‌و بڕه‌ دۆلاره‌ی پێویستییه‌تی، بێ ئه‌وه‌ی بانكه‌كه‌ بزانێت سه‌رچاوه‌ی ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ كوێیه‌ و چییه‌، ئه‌م بابه‌ته‌ په‌ل بۆ سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ ده‌هاوێ، به‌ تایبه‌ت كه‌ عیراق %90ی پێویستییه‌كانی خۆی له‌ ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ ده‌كات.
ئه‌لمه‌شهه‌دانی ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، كه‌ بانكی ناوه‌ندیی عیراق له‌ ساڵی 2023وه‌ پێگه‌یه‌كی ئه‌لیكترۆنی دروستكردووه‌ بۆ كڕینی دۆلار، ئێستا ئه‌م پێگه‌یه‌ تاكه‌ شوێنه‌ كه‌ بتوانن دۆلاری لێ بكڕن، كاتی سه‌ردانی پێگه‌كه‌ش، داوای زانیاری ورد و ته‌واو له‌ بازرگانه‌كه‌ و سه‌رچاوه‌ی پاره‌كه‌ی و ئه‌و كاڵایه‌ش ده‌كات كه‌ به‌ نیازه‌ به‌ دۆلار بیكڕێت و هاورده‌ی بكات، هه‌روه‌ها زانیاری ته‌واوی ده‌وێت له‌ باره‌ی ئه‌و وڵاته‌ی كاڵاكه‌ی لێ ده‌كڕێت و ته‌نانه‌ت پرسیاری ئه‌و ده‌روازه‌ سنوورییه‌ش ده‌كات كه‌ كاڵاكه‌ی لێوه‌ هاورده‌ ده‌كرێت، ئه‌مه‌ زۆر كێشه‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ چاره‌سه‌ر ده‌كات.
به‌ڵام ئه‌م چاره‌سه‌ره‌ كاریگه‌ریی لاوه‌كیشی هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌، زۆر جار بارزگانه‌كان نایانه‌وێ له‌و رێگه‌ بیرۆكراتییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌كه‌یان بكه‌ن و دۆلار بكڕن، له‌به‌رئه‌وه‌ روو ده‌كه‌نه‌ بازاڕی ره‌ش و دۆلار له‌ بازاڕی ره‌ش ده‌كڕن، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی خواست له‌سه‌ر دۆلار به‌رز بێته‌وه‌ و به‌ هه‌ڵكشانی خواستیش نرخی دۆلار به‌رز ده‌بێته‌وه‌.
كه‌رتی پیشه‌سازی عیراق زۆر خراپه‌ و كه‌رتی كشتوكاڵه‌كه‌شی له‌ ئاست پێویستدا نییه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ به‌شی زۆری پێویستییه‌كانی رۆژانه‌ی هاورده‌ بكات، له‌ رووی جوگرافیاشه‌وه‌ نزیكترین وڵات، كه‌ سنوورێكی هاوبه‌شی فراوانی له‌گه‌ڵیدا هه‌بێت ئێرانه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ زۆرترین كاڵاو به‌رهه‌مه‌ هاورده‌كراوه‌كان له‌وێوه‌ دین، ئێرانیش له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ سزای ئابووری به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌ و به‌ گوێره‌ی ئه‌و سزایانه‌ نابێ دۆلاری ئه‌مریكا بگاته‌ ده‌ستی ئێران، بازرگان و بانكه‌كانی عیراقیش له‌و نێوانه‌دا رووبه‌ڕووی كێشه‌ ده‌بنه‌وه‌، چونكه‌ هه‌ر بانكێك به‌ دۆلار مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئێراندا بكات سزا ده‌درێت.
سه‌رچاوه‌: بی‌ بی‌ سی‌ العربیة‌

بابەتە پەیوەندیدارەکان