پارێزه‌ر/ رێناس عه‌لی
هه‌تا ته‌مه‌نم پتر هه‌ڵده‌كشێت، گه‌وره‌بوونی منداڵه‌كان ده‌بینم، زیاتر و زیاتر بیری تۆ ده‌كه‌م. زیاتر له هه‌موو كات له هه‌ر ساڵیادێكتدا، غه‌مگینی بۆ دنیای دوای تۆ دامده‌گرێت، تۆ له‌گه‌ڵ هه‌ر ئاوابوونێكدا، مه‌زنتر و رۆشنتر ده‌رده‌كه‌ویته‌وه، ئه‌وه تۆی به‌و هه‌موو تین و تاوه‌ته‌وه نایه‌ڵیت لێم ئاوا بیت، نایه‌ڵیت نه‌تبینم و ئه‌وه‌ش منم ده‌بێت بۆ هه‌میشه له ژێر تیشك و تیرۆژی چاوی دووربینی تۆدا سه‌یری به‌رپێی خۆم بكه‌م.
هه‌ر جارێك، سه‌ردانی سنووره‌كه‌مان ده‌كه‌م، له‌سه‌ر تاشه به‌رده‌كان و دۆڵ و چیا و ره‌وه‌زه‌كانی ئه‌و كوێستانانه، جامانه‌ی تۆزاویی خه‌باتت، بریسكه‌ی هه‌ناسه‌كانت ده‌بینم، هه‌ست ده‌كه‌م تاشه‌به‌ردێك نا یه‌كێكی دیكه، ئه‌و پێچه نا ئه‌وه‌ی دیكه، تۆ به تفه‌نگ و كۆڵه‌پشته‌كه‌ته‌وه كه‌ڵه‌گه‌ت له‌گه‌ڵ باڵای چیادا وه‌ستاوی، به‌ڵام تۆ له نیشتمان و نیشتمان له تۆدا ئاوێزان بوون، ئێستا تێده‌گه‌م تۆ ته‌نها جه‌سته‌یه‌ك نه‌بووی، به‌ڵكو وزه و گیانێك بووی به زێدی مندا په‌رش بوویت و له‌گه‌ڵ هه‌ر گه‌ردێكدا تۆ هه‌ڵده‌مژم و له‌مسی تۆ ده‌كه‌م، ئه‌ی نیشتمانی وجودی من.
بابه گیان، ناكرێت راستی و رازێكت لێ بشارمه‌وه، ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستا تێیداین، هێدی هێدی جوانییه‌كان تیایدا كاڵ ده‌بنه‌وه، خه‌ریكه ورده ورده نیشتمانپه‌روه‌ری و كوردایه‌تی ده‌بنه لاشه‌یه‌كی قورس به‌سه‌ر خاك و لاوێتییه‌وه، ده‌بنه سه‌راب له دڵی ئه‌و نه‌وه تازه‌یه‌دا. خه‌ریكه دونیایه‌ك دێته پێش زۆر نامۆبێت به ئێوه و خه‌ونه‌كانی خه‌بات و گه‌نجیتان، ئیدی خۆڕاگربوون له به‌رده‌م ته‌وژمی ئه‌م پوچگه‌راییه نوێیه‌دا، ئازایه‌تییه‌كی گه‌وره‌ی ده‌وێ، گه‌ر ئازایه‌تی تۆ له مندا واتای نه‌بوایه، بێگومان منیش راده‌ستی شه‌پۆل و گێژاوه‌كانی ده‌بووم، بۆیه زۆر شانازی و چێژبه‌خشه بۆم كه كوڕی تۆم، ده‌مه‌وێ رۆحی تۆ له وجودی خۆمدا به‌رز و زیندوو راگرم، ئه‌مه ته‌نها وه‌فای رۆڵه‌كه‌ت نییه، به‌ڵكو وزه و هێزی مانه‌وه و تێكۆشانم پێده‌به‌خشێت، تێكۆشانێك كه هه‌میشه ئه‌ركه و له ئه‌ستۆمدایه.
بابه گیان، ئێستا وه‌ك جاران هه‌مان ئه‌و خه‌مانه‌ی نیشتمان، كه سه‌ری تۆ و هاوڕێكانتی به‌رز و سپی كرد و خه‌ونه‌كانیانی بۆ دروستكردنی كیانێك، خاڵی له تووڕه‌یی گه‌نجه‌كانی ده‌رهه‌ق به تێكۆشان و رابردووی ئێوه هه‌ر وه‌ك خۆیه‌تی و زیاتریش بووه، ئه‌فسوس ئێستا له رۆژگارێكدا له‌گه‌ڵ ره‌وانی پاك و به‌رزی تۆدا ده‌دوێم كه رووبه‌ری نیگه‌رانی و تووڕه‌یی، زۆر له مه‌ودای ئومێد زیاتره، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا ده‌بێت به‌شوێن چرای هیوای رزگارییه‌وه بین بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وامبین، بۆ ئه‌وه‌ی باوه‌ڕ و توانا‌مان بۆ ئه‌و نه‌مامه هه‌بێت كه چاوه‌ڕوانیمان هه‌یه ببێته دره‌ختێكی سه‌وز و گه‌وره هه‌تا له سێبه‌ریدا سه‌ربه‌رز بژین، هه‌تا چاوه‌ڕوانییه‌كانی ئێوه له ئێمه‌دا ببێته به‌هار، له‌گه‌ڵتدام بابه گیان، له هه‌موو ساته جوانه‌كان و خه‌مه‌كاندا، تۆ كه هه‌رگیز ده‌سته‌كانت به‌رنه‌داوم، منیش له پێده‌شتی نائومێدی بێت، یان له لوتكه‌ی شادی‌دا، هێشتا هه‌ر به باڵای تۆدا هه‌ڵده‌زنێم و ده‌نك ده‌نك له هێشووی مه‌زنێتی تۆ ده‌خه‌مه گه‌روومه‌وه، گه‌روویه‌ك مه‌گه‌ر ته‌نها له باوه‌شی تۆدا ئاوازێكی بۆ ژیان چڕیبێت.
فه‌رمانده‌ی نه‌مر عالی مه‌لا باس- عه‌لی ئاغای بوران، له‌دایكبووی ساڵی 1952ی گوندی (بوران)ی ناحیه‌ی قه‌سرێ.
به‌شداریی شۆڕشی ئه‌یلولی كردووه و یه‌كێكیشه له پێشمه‌رگه سه‌ره‌تاییه‌كانی ساڵی 1976ی شۆڕشی نوێ، فه‌رمانده‌یه‌كی دیار و كاریگه‌ربووه، ساڵی 1988 ئاواره‌ی ئێران بووه و له راپه‌ڕینی 1991دا به‌شداریی له رزگاركردنی كوردستاندا كردووه، دواتر چه‌ندین ئه‌رك و لێپرسراوێتی پێسپێردراوه، ئه‌ندامی هه‌ردوو كۆنگره‌ی یه‌كه‌م و دووه‌می ی.ن.ك بووه.
رۆژی 10/2/2018 كۆچی دوایی كرد.