گیرۆدەبوونی خوێندكار

لە نێوان كتێبی خوێندنگە و مەلزەمەدا

09:45 - 2024-02-13
ڕاپۆرت
466 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

پەروەردە لە بەرنامەی خۆیدا كۆمەڵێك كتێبی بۆ خوێندکارانی قۆناغە جیاجیاکان داناوە، كە لە پڕۆگرامی ساڵانەدا دەخوێنرێن، لە رابردوودا مامۆستایان و خوێندكاران پابەندبوون بەو پڕۆگرامەوە ‌و لە رێنماییەكانی وەزارەتی پەروەردە دەرنەدەچوون، مامۆستایان بەو پێیە زانیارییەكانیان بە خوێندكاران دەدا كە گونجاو بوو لەگەڵ پڕۆگرامە رەسمییەکەی پەروەردەدا، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا، بەتایبەتی لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عیراقەوە، بەهۆی ئازادییەک کە دراوە بە مامۆستایان و خوێندكاران و ئەو گۆڕانكارییانەش کە لە پڕۆگرامەكانی پەروەردەدا روویداوە، مامۆستایان و خوێندكاران لەلایەک لە دەرەوەی خوێندنگە پەنایان بردۆتە بەر وانەی تایبەتی و لەلایەکی دیکەشەوە پەنایان بردۆتە بەر (مەلزەمە)ی پڕۆگرامەكانی خوێندن.
 هەموو ئەمانەش کاریگەریی دروستکردووە و هەندێک جار جۆرێک لە سەرلێشێواندنی بۆ خوێندكاران دروستکردووە لە رووی تێگەیشتنییانەوە لە پڕۆگرامەكانی خوێندن، چونكە هەمەجۆریی مەلزەمەكان لە بازاڕدا، رۆڵیان هەبووە لە پەڕاگەندەبوونی خوێندکار لە پڕۆگرامێکی پەسەندکراوی هەمەلایەنە لە خوێندندا.

دیاردەیەكی نامۆیە
لەو رووەوە پەروین فاتیح، بەڕێوەبەری یەكەی سەرپەرشتیاری لە پەروەردەی كەركوك، رایگەیاند: بەهۆی ئەو كەشە ئازادەی كە لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عیراقەوە هاتۆتە ئاراوە، پەروەردەش بێبەش نەبوو لەو گۆڕانكارییانە و  هەندێكجار بە زیان بەسەر خوێندكاراندا شکاوەتەوە.
وتیشی: سەرهەڵدانی بازرگانیكردن بە خوێندن لە بازاڕ و خوێندنگەكاندا بۆتە هۆی سەرهەڵدانی چەندین جۆر پڕۆگرام لە هەندێک لە مەلزەمەكاندا كە هەندێكیان زانیارییەکانیان پێچەوانەی یەكترن، ئەوە جگە  لەجیاوازیی تێگەیشتنی خوێندکار و هەڵەی زمانەوانی و بابەتی زانیاری جۆراوجۆری دیکە کە لەگەڵ پڕۆگرامە رەسمییەكانی خوێندندا یەكناگرنەوە و خوێندكار تووشی جۆرێک لە سەرلێشێوان و خراپبوونی باری دەروونی دەكات و وادەکات خوێندكار تێگەیشتنی بۆ بابەتەكان ناتەوا و بگرە ئەستەم بێت.

سنوورێكی دیاریكراوی نییە
هەروەها دەڵێت: ئەو دیاردەیە تا دێت بەرەو زیادبوونیش دەچێت و چوارچێوەیەكی ترسناكی بەخۆوە بینیووە و بۆتە كێبڕكێ لە نێوان مامۆستایاندا لە ئامادەکردنی مەلزەمە، ئەم كارەش بە نەرێنی بەسەر خوێندكاراندا شکاوەتەوە و ئەوان زەرەمەندی یەكەمن لەو دۆخە.

یاسایەكی پەروەردەییمان نییە
خاتوو پەروین هەروەها روونیکردەوە کە  هیچ یاسایەكی بواری پەروەردەمان نییە بۆ رێگریی لەو دیاردەیە و لەوەش خراپتر بە شێوەیەكی بەرچاو لە خوێندنگە و شوێنە گشتییەكاندا ریكلام بۆ مەلزەمەکان دەكرێت و پێیوابوو کە کاتی ئەوەیە سنوورێك بۆ ئەو دیاردەیە دابنرێت تا بتوانرێت سەرچاوەكەی بنبڕ بكرێت و وابکرێت کە خوێندكار تەنیا لە كتێبی پڕۆگرامە رەسمییەكانی پەروەردە سوود وەربگرێت نەك  پەنا بۆ مەلزەمەی كورتكراوە ببات، چونكە ئەو بابەتانەی لە تاقیكردنەوەكاندا دەهێنرێنەوە، تەنیا لە كتێبە رەسمییەکانەوە سەرچاوە دەگرن.

مامۆستایانیش هۆكارن
جوانڕۆ محەمەد، خوێندكاری پۆلی شەشەمی ئامادەیی بەشی زانستی، لە خوێندنی كوردی، دەڵێت: ئێمەی خوێندكار کەوتووینەتە نێوان بەرداشی مەلزەمەی مامۆستاكان‌ و كتێبی پڕۆگرامی رەسمیی خوێندنگەکانەوە، چونكە هەندێك لە مامۆستاكان خۆیان رێگە خۆشكەرن بۆ كڕینی مەلزەمە لە پەڕاوگەكانی بازاڕ، كاتێكیش لە بازاڕ سەرنج دەدەین، چەندین جۆر مەلزەمەی یەك بابەتی هەیە، كە هەر یەكەیان مامۆستایەك دایناوە و لە بازاڕیش ریكلامی جۆراوجۆری بۆ دەكرێت كە لە رووی كوالێتیی چاپیشەوە بە چەندین شێوە رازێنراونەتەوە كە سەرنجی خوێندكاری بۆ  رادەكێشرێت و هەندێك جار رووكەشی دەرەوەی مەلزەمەكە خوێندکاران و قوتابیان دەكاتە ناو چوارچێوەی كۆمەڵێك زانیارییەوە كە هەرهەموویان جیاوازییان هەیە.

كڕینی مەلزەمەكان ئارەزوومەندانە نییە
هۆشەنگ مەجید، خوێندكار لە ئامادەیی ئاڵا، لەسەر مەلزەكانی پەڕاوگەكان، دەڵێت: هەندێك لە مامۆستاكان لە قوتابخانەكان خوێندكار ناچار دەكەن بە كڕینی مەلزەمەكانیان، چونكە ئەو وانەیەی كە لە قوتابخانەكە دەیڵێتەوە، زانیارییەكانی زۆر كەمە، بۆیە خوێندكار ناچار دەكات بە كڕینی مەلزەمەكە بۆئەوەی زانیاریی زیاتری لێوە دەستبكەوێت، هەندێ خوێندکاریش هەن ئارەزووی ئەوە دەكەن مەلزەمەكان بكڕن، چونكە بە شێوەیەكی كورتكراوە پۆلین كراوە بۆئەوەی كتێبی پڕۆگرامەكانی خوێندن نەخوێنێت. مامۆستاكانیش خوێندكار دەكەنە چوارچێوەیەكی دیاریكراوەوە كە ناچاربێت پەنا بۆ مەلزەمە ببات، چونكە شێوازی پرسیارەكان، زۆربەی لە چوارچێوە پرسیاری مەلزەمەكاندا دێنەوە.
هەروەها وتی: هەندێك مامۆستا وانەكانیان بە شێوەیەكی رێكوپێك لە پۆلدا ناڵێنەوە و ئاماژە بەوە دەكەن كە لە مەلزەمەكانیاندا پاشماوەی بابەتەكان بخوێننەوە، هەروەها هەندێكجار مامۆستاكان لە خوێندنگە مەلزەمەكان بە قوتابییەكانیان دەفرۆشنەوە كە ئەمەش بە زیانی مادیی و بەدەستهێنانی زانیاری نێو كتێبەكە بەسەر خوێندكاراندا دەشكێتەوە.

شڵەژانی دەروونی دروست دەكات
تیشك مەجید، توێژەری كۆمەڵایەتی، لەبارەی کاریگەریی ئەو دیاردەیە لەسەر دەروونی خوێندكار رایگەیاند: كڕینی مەلزەمە كاریگەریی دەروونی ‌و مادی و زانستی گەورە لەسەر خوێندنكار دروست دەكات، كە هەندێكجار خوێندكارەكە تووشی شڵەژانی دەروونی دەكات و دەیخاتە چوارچێوەیەكی سەرلێشێواندنەوە كە ناتوانێت راستییەكان بە جوانی بپێكێت.
وتیشی: پێویستە پەروەردە بە جدی بیر لەم دیاردەیە بكاتەوە و یاسایەكی بۆ دابڕێژێت مامۆستا و خوێندكار پابەند بكات بە پڕۆگرامەكانی خوێندنەوە، چونكە خوێندنكارانی شەشەمی ئامادەیی خۆیان بەردەوام لە دڵەڕاوكێدان، كڕینی مەلزەمەش ئەوەندی تر تووشی دڵەڕاوكێیان دەكات و بەمەش تووشی سەرلێشێوان دەبن.

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان