شاجوانی ژاپۆن، به‌هۆی په‌یوه‌ندییه‌كه‌وه‌ تاجه‌كه‌ی دانا

10:31 - 2024-02-13
هەمەرەنگ
415 جار خوێندراوەتەوە

ئا: هێلین محه‌مه‌د

 

شاجوانی ژاپۆنی به‌ ره‌گه‌ز ئۆكراینی به‌هۆی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ پیاوێكی خاوه‌ن ژن و مناڵدا ئاشكرابوو تاجی شاجوانی ته‌سلیم كرده‌وه‌. كارۆلینا شینو، یه‌كه‌م كچی به‌ ره‌گه‌ز ئه‌وروپی بوو كه‌ له‌ كۆتایی مانگی یه‌كی ئه‌مساڵدا به‌ شاجوانی ژاپۆن هه‌ڵبژێردرا.
كارۆلینا شینو كه‌ ته‌مه‌نی 26 ساڵه‌، له‌ كۆتایی مانگی یه‌كی (2024)دا كاتێك به‌ شاجوانی ژاپۆن هه‌ڵبژێردرا، مشتومڕێكی زۆری نایه‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌یه‌كی زه‌ردی ژاپۆنی په‌یوه‌ندی شاجوانی له‌گه‌ڵ پیاوێكی خاوه‌ن ژن و مناڵدا ئاشكرا كرد، له‌گه‌ڵ داوای لێبووردندا تاجی شاجوانییه‌كه‌ی گه‌ڕانده‌وه‌.
كارۆلینا شینو كه‌ له‌ ئۆكرانیا له‌دایكبووه‌ و له‌ ژاپۆن گه‌وره‌ بووه‌، كاتێك به‌ شاجوانی ژاپۆن هه‌ڵبژێردرا، وێنه‌كانی زۆر به‌خێرایی له‌ میدیاكانی ژاپۆن و دنیادا چووه‌ سه‌ری سه‌ره‌وه‌ی هه‌واڵه‌كانه‌وه‌.
زۆركه‌س پێشوازییان له‌ هه‌ڵبژاردنی كرد به‌ شاجوانی ژاپۆن و وه‌كو نیشانه‌ی هه‌مه‌ڕه‌نگیی كه‌لتوری  ژاپۆن لێكیان دایه‌وه‌، شانازیشیان به‌وه‌وه‌  ده‌كرد كه‌لتوری كۆمه‌ڵگای ژاپۆن هه‌مه‌ڕه‌نگه‌ و ئه‌مه‌شیان وه‌كو جوانیی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ و كه‌لتوره‌كه‌ی  لێكدایه‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئه‌و كه‌سانه‌ كه‌م نه‌بوون كه‌ دژی هه‌ڵبژاردنی ئه‌م شاجوانه‌ بوون و ئه‌وه‌ له‌سه‌ر دڵیان قورس بوو، ئه‌وروپییه‌ك ببێته‌ شاجوانی وڵاته‌كه‌یان و ترادسیۆنی خۆیان به‌ بنه‌مای پێوه‌ری جوانی لێك ده‌دایه‌وه‌، نه‌ك پێوه‌ری ئه‌وروپی، بۆیه‌ بۆ ئه‌م شاجوانه‌ له‌ بۆسه‌دا بوون و دواجاریش گۆڵی خۆیان كرد و تاجه‌كه‌یان لێ سه‌نده‌وه‌. 
چه‌ند رۆژێك دوای هه‌ڵبژاردنی شاجوان رۆژنامه‌یه‌كی زه‌ردی ژاپۆنی كه‌ زۆر به‌ربڵاوه‌ په‌یوه‌ندی كارۆلینای له‌گه‌ڵ پیاوێكی خاوه‌ن ژن و مناڵی ناسراودا ئاشكرا كرد و بۆمبه‌كه‌ی به‌دڵی ناڕازییه‌كان ته‌قانده‌وه‌.
نووسینگه‌ی خانمی شاجوان وێڕای ئه‌وه‌ی نكۆڵی له‌ مه‌سه‌له‌ی په‌یوه‌ندییه‌كه‌ نه‌كرد، ئه‌وه‌شی راگه‌یاند كارۆلینا ئاگای له‌وه‌ نه‌بووه‌ هاورێكه‌ی خاوه‌نی ژن و مناڵه‌. به‌ڵام دوای نزیكه‌ی دوو حه‌فته‌ پاش هه‌ڵبژاردنی وێڕای داوای لێبووردن له‌ تیمه‌كه‌ی كه‌ بووه‌ته‌ هۆی سه‌رلێشواندنیان، دانی به‌وه‌دا نا له‌ رێگه‌ی میدیاكانه‌وه‌ به‌وه‌ی زانیوه‌ هاوڕێكه‌ی خاوه‌نی ژن و مناڵه‌ و تاجی شاجوانییه‌كه‌ی ته‌سلیم كرده‌وه‌. ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م ره‌فتاره‌ی شاجوان به‌پێی كه‌لتوری ئه‌وروپی بوایه‌، ره‌نگه‌ هیچ كاریگه‌رییه‌كی نه‌بوایه‌، به‌ڵام وادیاره‌ ژاپۆن هێشتا كه‌لتور و ترادسیۆنی خۆی ده‌پارێزێت.

سه‌رچاوه‌: bbc  فارسی 6/2/2024   

#هەمەڕەنگ

بابەتە پەیوەندیدارەکان