یادەوەریی وەرزشی

10:54 - 2024-02-13
وەرزش
84 جار خوێندراوەتەوە
بەکر شێخ مستەفا

خەسرەو گورون

102

لەو خولی دۆستانەیەی تۆپی پێدا کە بۆ یانەکانی کوردستان لە هەولێر ساڵی 1990رێکخرا و (ئەمانەی عاممەی رۆشنبیری و لاوانی حوکمی زاتی ئەوسا) رێکیخست، ئێمە وەک تیپی یانەی سلێمانی یەکێک بووین لە یانە بەشدارە دیارەکانی خولەکە.
لەگەڵ ئێمەدا تیپی یانەکانی (سیروان، زاخۆ، هەولێر، برایەتی) بەشدار بوون، یارییەکانیش لە یاریگای (ئیدارە محەلی هەولێر)ی ئەوسا بەڕێوە بران.
لە یەکەم یارییماندا کە رۆژی 20/8/1990 کرا 0-2 بە یانەی برایەتی دۆڕاین، رۆژی 21/8/1990دووەم یاریمان لەم خولەدا 1-0 لە تیپی یانەی هەولێر بردەوە، رۆژی 22/8/1990 سێیەم یاریی خۆمان لەم خولەدا لەگەڵ یانەی سیرواندا بوو، 2-1 ئەم یارییەشمان بردەوە، رۆژی  23/8/1990 چوارەم یارییمان کە یاریی پێش کۆتایی خولەکە بوو، بەرامبەر یانەی زاخۆ کردمان و پاش یەکسان بوون 0-0 لە کاتی یاسایی یارییەکەدا، دواتر ئێمە بە پەنالتی یارییەکەمان بردەوەو گەیشتینە یاریی کۆتایی کە بەرامبەر تیپی یانەی برایەتی بوو.
یاریی کۆتایی رۆژی 24/8/1990 سەعات 6 ی ئێوارە لەنێوان ئێمە وەک یانەی سلێمانی و یانەی برایەتیدا کرا، هاندێکی زۆر ئامادە بوون، تیمێکی ناوبژیوانی شاری هەولێر (غازی، فەیسەڵ، ئازاد) ئەم یارییەیان بەڕێوە برد، ئێمە بەدرێسی سپییەوە یاریمان دەکرد و برایەتیش درێسی سووریان لە بەردا بوو، عومەر خەتاب و حەمە بچکۆل راهێنەرانی ئێمە بوون، خوالێخۆشبوو دکتۆر عەتا چارەسەرکەری تیپ بوو.
یارییەکە سەرۆکی مەجلیسی تەشریعی حوکمی زاتی و سەرۆکی رێکخراوی قوتابیان و لاوانی ناوچەی حوکمی زاتی و لێپرسراوانی ئیداری و حزبی ئەوسای هەولێر ئامادەی بوون، لەبەر ئامادە بووان لە یارییەکەدا تیمی ناوبژیوانی یارییەکە، زۆر خاتری تیپی برایەتییان دەگرت، پیكهاتەی ئێمە وەک یانەی سلێمانی بە پلانی 5-3-2 یارییمان دەکرد، پێکهاتەکەشمان لەم یارییدا بەم جۆرە بوو:
*گۆڵچی: سیروان محەممەد-عەبۆل.
* بەرگری: خەسرەو گورون-کاپتنی تیپ، نەوزاد مستەفا، کاوە سدیق، ئامانجی سەید برایم و شەماڵە ڕەش.
*ناوەند:جەعفەر تۆفیق، ئالان قادر، سڵاحی شێخ ئەمین
*هێرشبەر: بەکر شێخ مستەفا و ئومێدی شێخ حسێن.
لە یارییەكەدا هەردوو راهێنەر ئەم گۆڕانكارییانەیان كرد: خوالێخۆشبوو عەتای گۆڵچی بۆ شوێنی سیروان، تەنیا حەسەن تەنیا بۆ شوێنی شەماڵ، ئاسۆ قەلە بۆ شوێنی بەکر، یاریزانە یەدەگەکانیشمان (کاژاو کەمال و شوان عەتوف و عەتا سوور و شەهید هەرسین رەسوڵ) بوون.
یارییەکەش بە بردنەوەی یانەی برایەتی 3-1 کۆتایی هات، برایەتی لە دەقیقەکانی 17، 35، 69 دا گۆڵەکانی خۆیان کرد، تەنیا گۆڵەکەی ئێمەش ئالان قادر لە دەقیقەی 27 دا کردی کە گۆڵی یەکسان بوونی 1-1 بوو، بەمەش برایەتی یەکەم و سلێمانی دووەمی ئەم خولە بوون.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان