ئەحمەد كامیل: كاك بافڵ دڵنیایكردینەوە كە یاسا سەروەر دەبێت

11:25 - 2024-02-13
کوردستان
232 جار خوێندراوەتەوە

جەعفەر شێخ مستەفا:
هەر كەسێك لە هەر پێگەیەكدا بێت، حەقێكی لای هاووڵاتی یان سەرمایەدارێكە، گوایە ئەو زەویە موڵكی ئەوانە، پێویستە ئەو كەیسانە لەڕێگەی یاساوە یەكلابكرێنەوە، نەك هەڵكوتانەسەر و سەرانەوەرگرتن، وەك ئەوەی لە كەیسێكی لەم شێوەیەدا روویداوە

 

 

برینداركردنی ئەحمەد كامیلی سەرمایەدار
شەوی 29\30/1/2024 لە سلێمانی، ئەحمەد كامیلی سەرمایەدار، لە گەراجی ئۆتۆمبیلەكانی یانەی كۆمەڵایەتی، تەقەی لێ دەكرێت و برینداردەبێت.
لەبارەی رووداوەكەوە، ئەحمەد كامیل، وتی: ئەو شەوە، لەكاتی سەركەوتنم بۆ سەیارەكەم، دوو كەس كە نەمدەناسین، بە جلوبەرگی مەدەنییەوە هاتن بۆ لام و داوای ناسنامەیان لێكردم و خۆیان بە لایەنی ئەمنی ناساند، ئەوەبوو پاش كەمێك؛ ناسنامەكەیان دامەوە و میلی دەمانچەیان لێ راكێشام و چوار فیشەكیان نا بە هەردوو قاچمەوە.

«زیاتر لە ملیۆنێك دۆلاری وەك سەرانە لێسەندووین»
ئاماژەی بەوەشكردووە كە دوای رووداوەكە، داوای یاسایی تۆماركردووە و دوای دوو رۆژیش لە رووداوەكە زانیویانە ئەو دوو كەسە كێن، كە سەر بە فەرماندەیەكی سەربازین بەناوی دێرین ئەحمەد ناسراو بە كوێخا دێرین، وتیشی: كوێخا دێرین، لە رابردوودا چەند جارێك بەناوی سەرانەوە پارەی لێسەندوین بە بڕی زیاتر لە ملیۆنێك دۆلار، كە ئێمە پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوونمان هەیە و لەسەر پڕۆژەكە هاتۆتە سەرمان و پارەی لێوەرگرتووین وەك سەرانە و سەرانەكەشی بەو هۆكارە لێسەندوین كە ئەو دەسەڵاتداری ئەو ناوچەیەیە و ئەو ناوچەیە لەژێر دەستی ئەودایە و بەقسەی خۆشی ئەو زەویانەی لەو سنوورەدان موڵكی باوباپیرانێتی، هەر كەسێكیش لەو ناوچەیەدا پڕۆژەیەك یان باخێكی دروستكردبێت، ئەو كوێخا دێرینە سەرانە و پارەی لێسەندون.

رێگە بە هیچ كەسێك نادرێت كاری نایاسایی بكات
سەبارەت بە بڕیاری دەستگیركردن بۆ كوێخا دێرین و تۆمەتبارەكانی، ئەو سەرمایەدارە، دەستخۆشی لە دادوەر و هێزە ئەمنییەكان كرد و وتی: ئێمە سەربەرزین بەو بڕیارە كە دەبینین یاسا رێگەی خۆی دەگرێت و سوپاسی كاك بافڵ-یش دەكەین كە دوای رووداوەكە پەیوەندیی پێوە كردووین و خۆی بە خاوەنی كەیسەكەی ئێمە زانی و دووپاتیكردەوە كە یاسا سەروەر دەبێت و رێگە بە هیچ كەسێك نادرێت كاری نایاسایی بكات.

دەبێت هێزە ئەمنییەكان زۆر بە توندی بچنەوە بەگژ ئەو دیاردە و كەسە لەیاسادەرچووانەدا
هەر لە بارەی رووداوەكەوە، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێم، رایگەیاند: ئەم رووداوە كارێكی تەواو نایاسایی و خراپە و رەفتارێكە هەندێ كەس فێربوون سەرانە لە سەرمایەداران وەردەگرن، كە دەیانەوێت پڕۆژەیەك بخەنەگەڕ، وتیشی: ئێمە بە توندی ئیدانەی ئەو كارە نایاساییانە دەكەین و دەبێت هێزە ئەمنییەكان زۆر بە توندی بچنەوە بەگژ ئەو دیاردە و كەسە لەیاسادەرچووانەدا و پارێزگاری بكەن لە سەروەت و سامانی خەڵكی، بەوەش ئاسایش بۆ هەموو خەڵكی كوردستان دابین دەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو كە هەر كەسێك لە هەر پێگەیەكدا بێت، حەقێكی لای هەر هاووڵاتی یان سەرمایەدارێكە كە پڕۆژەیەك جێبەجێ دەكات، گوایە ئەو زەویە موڵكی خۆی و بنەماڵەكەیەتی، پێویستە ئەو كەیسانە لەڕێگەی دادگا و یاساوە یەكلابكرێنەوە، نەك هەڵكوتانەسەر و پارە و سەرانەوەرگرتن لە كەسانی خاوەن پڕۆژە، وەك ئەوەی لە كەیسێكی لەم شێوەیەدا روویداوە، پێویستە هەر کەسێکیش داوای سەرانە و پارەی لێکرا، دەمودەست لایەنە ئەمنییەکان و دادگا ئاگاداربکاتەوە، وتیشی: ماوەی 10 رۆژە هەوڵی زۆر دراوە تۆمەتبارانی ئەم كەیسە خۆیان بچنە بەردەم یاسا، كە نەچووە؛ هێزە ئەمنییەكان ناچاربوون بەو شێوەیە بچن بۆ دەستگیركردنی، كە هیوادارین خۆی بداتە دەست یاسا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان