ئه‌گه‌ر بزانیت، هه‌رگیز نایخۆیته‌وه‌

پێنج هۆكار بۆ وازهێنان له‌ بتڵی ئاوی پلاستیكی

10:28 - 2024-02-14
ژینگە
394 جار خوێندراوەتەوە

ئا: مه‌عروف مه‌جید* 


خه‌ڵكێكی زۆر په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر به‌كارهێنان و كڕینی ئاوی بتڵی پلاستیكی به‌ تایبه‌تی له‌ كاتی سه‌فه‌ركردن و گه‌شته‌كاندا، به‌ڵام به‌ پێی ماڵپه‌ڕی (DW) ژماره‌یه‌ك زانای بواری ژینگه‌ ئامۆژگاری گۆڕینی ئاوی قوتووی پلاستیكی به‌ ئاوی ئاسایی ده‌كه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی كێشه‌ی زۆره‌ و به‌كارهێنانی زیانی زۆرتره‌ بۆ ته‌ندروستی مرۆڤ به‌ گشتی، هۆكاره‌كانیش ئه‌مانه‌ن:

1-پیسبوونی كیمیایی
زۆرێك له‌ بتڵی پلاستیكی له‌ جۆری ( ئیتیلێن تێرێفتالات) دروستكراون كه‌ مادده‌ كیمیاییه‌ زیانبه‌خشه‌كان ده‌رده‌كه‌ن بۆ ناو ئاوه‌كه‌، جگه‌ له‌ پێكهاته‌كانی بیسفینۆڵ، كه‌ ده‌توانێت دزه‌ بكاته‌ ناو ئاوه‌كه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی هه‌ندێك كێشه‌ی ته‌ندروستی و ئه‌گه‌ری تووشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌ زیاد ده‌كات، هه‌روه‌ها كاریگه‌ریی له‌سه‌ر زاوزێ ده‌بێت و ده‌بێته‌ هۆی تێكچوونی هۆرمۆنه‌كان كه‌ سه‌ره‌نجام كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كۆرپه‌له‌ و گه‌شه‌ی منداڵی ساوا زیاد ده‌بێت، بۆیه‌ ئامۆژگاری ده‌كه‌ن كه‌ بتڵی ئاوی پلاستیكی بگۆڕن به‌ ئاوی له‌ شووشه‌كراو. 

2- كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ژینگه‌
فڕێدانی بتڵی پلاستیكی كێشه‌ی ژینگه‌یی دروست ده‌كات، به‌و پێیه‌ی سوود له‌ سووته‌مه‌نی ده‌بینرێت بۆ به‌رهه‌مهێنانی پلاستیك، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ده‌ردانی غازی گه‌رمخانه‌یی و گۆڕانی كه‌شوهه‌وا، بۆ دروستكردنی بتڵی پلاستیكی بڕێكی زۆر ئاو و وزه‌ به‌كارده‌هێنرێت، ئه‌مه‌ش واته‌ ده‌رهاویشتنی بڕێكی زیاتر له‌  دووه‌م ئۆكسیدی كاربۆن، یان هه‌ر غازێك كه‌ هۆكاره‌ بۆ په‌نگخواردنه‌وه‌ی گه‌رما له‌سه‌ر گۆی زه‌وی، له‌به‌رئه‌وه‌ ئاوی ئاسایی هه‌ڵبژارده‌یه‌كی ته‌ندروستره‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ژینگه‌.

3- سه‌رچاوه‌ی ئاو نادیاره‌
زۆر كه‌س پێیان وایه‌ ئاوی پلاستیك له‌ ئاوی بیر و كانیاوه‌ سروشتییه‌كانه‌وه‌ دێت، به‌ تایبه‌ت كاتێك كه‌ ریكلامی جوانی بۆ ده‌كرێت و له‌ ریكلامه‌كاندا پیشان ده‌درێت، ئه‌و ئاوه‌ له‌ قه‌ڵبه‌زه‌ و تاڤگه‌ و جۆگه‌له‌و كانیاوه‌كانی چیاكانه‌وه‌ وه‌رده‌گیرێت، به‌ڵام له‌ چه‌ندین وڵات ده‌ركه‌وت كه‌، ئاوی ئاسایی بتڵی پلاستیكی له‌ رووبار و ده‌ریاچه‌كانه‌وه‌ وه‌رده‌گرن و كۆمپانیا گه‌وره‌كانیش له‌ پشت ئه‌م كاره‌وه‌ن و وه‌ك ئاوی كانزایی ده‌یفرۆشن.

4- زیادبوونی تێچوون
زۆر كه‌س پاره‌یه‌كی زۆر ده‌ده‌ن بۆ ئاوی بتڵی پلاستیكی كه‌ جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵ ئاوی ئاساییدا نییه‌، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ بارگرانی له‌سه‌ر تاكه‌كان دروست ده‌كات، نیشانه‌ی نه‌بووی هۆشیاری پێویستیشه‌ له‌لایه‌ن تاكه‌كانه‌وه‌ وه‌ك به‌كاربه‌رێك به‌رامبه‌ر به‌و ته‌كنیكانه‌ی كه‌ كۆمپانیاكان به‌كاری ده‌هێنن، تا به‌رهه‌می زیاتر ساغ بكه‌نه‌وه‌ و پاره‌ی زیاتریان ده‌ست بكه‌وێت، بێئه‌وه‌ی گوێ به‌ سه‌لامه‌تی ژینگه‌ و ته‌ندروستی ژینگه‌ بده‌ن.

-5- به‌كارهێنانی وزه‌
بتڵی پلاستیكی، جگه‌ له‌وه‌ی هه‌ر له‌ دروستكردنیدا بڕێكی زۆر دووه‌م ئۆكسیدی كاربۆن به‌رهه‌م دێت و ژینگه‌ پیس ده‌كات، گواستنه‌وه‌شی بڕێكی زۆر وزه‌ی ده‌وێت و خۆ ئه‌گه‌ر به‌ رێگا باوه‌كان بگوێزرێته‌وه‌، ئه‌وا بڕێكی زۆر له‌ ده‌ردانی كاربۆن زیاد ده‌كات و كاریگه‌ریی نه‌رێنیی قورسیشی له‌سه‌ر ژینگه‌ ده‌بێت و ده‌بێته‌ هۆی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا له‌سه‌ر زه‌وی رووی داوه‌.

*سه‌رۆكی رێكخراوی ئاینده‌ بۆ پاراستنی ژینگه‌

بابەتە پەیوەندیدارەکان