ئه‌م رقه‌ چییه‌ له‌ كتێب؟!

09:58 - 2024-02-15
ئەدەب و هونەر
532 جار خوێندراوەتەوە
پەیکەری جیمس جۆیس لە دبلن

مه‌حموود نه‌جمه‌دین 



وه‌ختێ په‌یكه‌ری نووسه‌رانی دنیا ده‌بینین چۆن خه‌ڵكی له‌ پاڵیاندا به‌ شانازییه‌وه‌ وێنه‌ ده‌گرن. خه‌ڵكی دبلن له‌ پاڵ په‌یكه‌ره‌كه‌ی جه‌یمس جۆیسدا ده‌حه‌وێنه‌وه‌، وێنه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌گرن، عاشقی كتێبه‌كانی ده‌بن له‌ پاڵ په‌یكه‌ره‌كه‌دا داده‌نیشن و هێدی هێدی رسته‌كانی خۆی بۆ ده‌خوێننه‌وه‌ و پێی ده‌ڵێن ئارام بنوو تۆ ده‌خوێنرێیته‌وه‌. له‌ زۆرێك له‌ وڵاتانی پێگه‌یشتوو و تێگه‌یشتوودا وێنه‌ی په‌یكه‌ری خوێنه‌ر ده‌بینین، زۆر به‌ جوانی ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌بێته‌وه‌ گه‌لانی هۆشیار چه‌ند گرنگی به‌ كتێب ده‌ده‌ن و چۆن ده‌خوێننه‌وه‌! چاوێكیش له‌م وڵاته‌ی خۆمان ده‌كه‌ین ده‌بینین به‌شێكی زۆر له‌ خه‌ڵكی پشتیان له‌ كتێب كردووه‌ و سه‌رقاڵی تیكتۆك و فه‌یسبووكن و خنه‌خن خه‌ریكی كۆمێنت نووسینن. كۆمێنتی چی؟! ئه‌وه‌ی ده‌ینووسن رووی خوێندنه‌وه‌ی نییه‌ و بۆنی خوێنی لێ دێ. لێشاوێك له‌ خه‌ڵكی له‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ جنێو بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ و بێ باكن له‌وه‌ی ده‌یڵێن. وه‌ختێك كه‌سێك باس له‌ كتێبێك ده‌كات ئه‌وان به‌ ئیمۆجی پێكه‌نین یان به‌ كوردییه‌كی سه‌قه‌ت گاڵته‌ی پێده‌كه‌ن. یه‌ك سه‌عات چاو له‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییان بكه‌ین ئه‌وسا بۆمان روون ده‌بێته‌وه‌ خه‌ڵكی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ چه‌ند رقیان له‌ كتێبه‌. چه‌ند سه‌یر و حه‌لامه‌ته‌ كه‌سێك رووی بێت گاڵته‌ به‌ كتێب بكات! ئاوا به‌ ئاشكرا و بێ په‌روا گاڵته‌ به‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی و زمان و كه‌لتوری خۆی بكات! و سه‌دان كه‌س كۆمێنتی بۆ بنووسن و ئه‌شهه‌دوبیلای ناحه‌قی بۆ بكه‌ن! ئێستاكێ به‌شێكی زۆری ئه‌م نه‌ته‌وه‌ به‌دبه‌خته‌، به‌تایبه‌ت كوردی ئه‌م باشووره‌ حه‌یاته‌ خۆشگوزه‌رانی له‌هه‌ر شتێكدا ببینن له‌ كتێبدا نایبینن. له‌ رۆمانه‌وه‌ بیگره‌ تا ده‌گات به‌ كتێبی شیعر و شانۆ و شانامه‌ و مێژوو و جوگرافیا... له‌ دوای راپه‌ڕینی به‌هاری 1991ه‌وه‌ هه‌زاران كتێب نووسراوه‌ و وه‌رگێڕدراوه‌ و چاپ كراون. تیراژی زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ئه‌م كتێبانه‌ له‌ پێنج سه‌د دانه‌ زیاتر نییه‌ و به‌شی زۆریشی نه‌فرۆشراون و له‌ ژێرزه‌مینی چاپه‌مه‌نییه‌كاندا تۆزیان له‌سه‌ر نیشتووه‌. گه‌لێك چوار دوژمنی رق ئه‌ستووری هه‌بێ و خاوه‌نی دۆزێكی گه‌وره‌ و پڕ له‌ كێشه‌ و گرێ و گۆڵ بێ، مێژوویه‌كی خوێناوی هه‌بێ، كه‌چی ئه‌م نه‌سله‌ ئاگایان له‌و مێژووه‌ خوێناوییه‌ نییه‌ و كوێرانه‌ و له‌ رقی ده‌سه‌ڵاتداره‌ گه‌نده‌ڵه‌كه‌ی خۆی ستایشی سه‌دام حسێن ده‌كات. عاشقی ئۆتۆمبێل و ئایفۆنن و خه‌ون به‌ پیاسه‌یه‌كی ته‌قسیمه‌وه‌ ده‌بینن. به‌ڵام ئاماده‌نین كتێبێك بكڕن و بیخوێننه‌وه‌. ئاماده‌ن مۆبایلێكی زیره‌ك به‌ هه‌زار دۆلار بكڕن ئاماده‌ نین سێ هه‌زار دینار بده‌ن به‌ كتێبێك و شه‌وێك به‌دیارییه‌وه‌ دانیشن و بیخوێننه‌وه‌. 
هه‌رچییه‌ك بڵێین و بنووسین ئه‌م باسه‌ پڕ له‌ شه‌رمه‌زارییه‌ ته‌واو نابێ. گه‌لێك ئه‌وه‌نده‌ به‌دبه‌خت بێ هه‌موو دنیا بناسێ و خۆی نه‌ناسێ. له‌وه‌ش سه‌ختتر ئه‌وه‌یه‌ به‌شێك له‌ نووسه‌ره‌كانیش ناخوێننه‌وه‌. به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌م قسه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌م باشووری كوردستان به‌ گوێری چاپی كتێبه‌كان بێت زیاتر له‌ هه‌زار ئه‌دیبمان هه‌یه‌، كه‌چی رۆمانێك یان كۆمه‌ڵه‌چیرۆكێك به‌ تیراژی پێنج سه‌د دانه‌ چاپ ده‌كرێ، دوو سه‌د دانه‌ی لێ نافرۆشرێ. چاپه‌مه‌نییه‌كه‌ هاواری لێ هه‌ستاوه‌، ده‌ڵێ زه‌ره‌ر ده‌كه‌م، كتێبه‌كه‌ نافرۆشرێ. جا خۆ هه‌ر نووسه‌ره‌كان كتێبی یه‌كتری بكڕین و بیخوێنینه‌وه‌، هه‌ر كتێبێك هه‌زار به‌ره‌و ژووری لێ ده‌فرۆشرێ!. ئه‌مه‌یه‌ حاڵی گه‌لێك كه‌ خاوه‌نی دۆزێكی ره‌وایه‌ و له‌ چوار لاوه‌ ژه‌هری بۆ رۆده‌كه‌ن. 
كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌مانان كه‌ خه‌می خوێندنه‌وه‌ و هۆشیاربوونه‌وه‌ی خه‌ڵكمانه‌ و داوا له‌ خه‌ڵك ده‌كه‌ین بخوێنێته‌وه‌، كۆمه‌ڵێكی دیاری كراوین، له‌ چاوی عه‌وامدا كۆمه‌ڵێك سه‌رلێشێواوین و زۆرجار به‌ شێت له‌ قه‌ڵه‌ممان ده‌ده‌ن. ده‌ڵێن نووسه‌ر ته‌واو نییه‌، شێته‌... تا ئێستا سه‌دان وتار و چه‌ندین كتێب نووسراون، چه‌ندین كۆڕ و سیمینار سازكراوه‌ له‌باره‌ی گرنگی خوێندنه‌وه‌، ئایا ئه‌و كۆڕ و سیمینار و كتێب و بابه‌تانه‌ تا چه‌ند توانیویانه‌ وا له‌خه‌ڵك بكه‌ن بخوێنێته‌وه‌؟! من ده‌ڵێم ئاسنی سارد كوتانه‌. چون ئه‌و خه‌ڵكه‌ی وا ناخوێننه‌وه‌ هه‌رگیز روو له‌و كۆڕ و سیمینارانه‌ ناكه‌ن و كتێب ناخوێننه‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌و جۆره‌ كارانه‌ خۆ به‌ خۆ بۆ نووسه‌ر و ئه‌و رێژه‌ كه‌مه‌یه‌ له‌ خوێنه‌ر. ئه‌و قسانه‌ له‌ نێوان خۆمان دایه‌ و په‌یامه‌كه‌ ناگات به‌و مه‌خلوقه‌ زۆره‌ی كه‌ شه‌و و رۆژ خه‌ریكی تیكتۆكن و گاڵته‌ به‌ مه‌عریفه‌ و زانست ده‌كه‌ن. ده‌بێ ئالیه‌تی كاره‌كه‌ بگۆڕدرێ. ده‌بێ سایت و په‌یج و تیڤییه‌كان ئه‌م كاره‌ بكه‌ن، ئه‌و لێشاوه‌ له‌ سایت و په‌یج و كه‌ناڵ كه‌ به‌رده‌وام خه‌ریكی به‌لاڕێدا بردنی خه‌ڵكن، ده‌بێ به‌رنامه‌ی كاركردنی خۆیان بگۆڕن و هانی خه‌ڵك بده‌ن بۆ خوێندنه‌وه‌. به‌ڵام ده‌یكه‌ن؟ نایكه‌ن! نانه‌كه‌ی ئه‌وان له‌وه‌دایه‌! خه‌ڵكی ناهۆشیار بێ و كه‌س هۆشی به‌سه‌ر ئه‌م وڵاته‌وه‌ نه‌بێ. ئه‌وانه‌ نان و برنجه‌كه‌یان له‌ حزبه‌وه‌ بۆ دێ و له‌ به‌رانبه‌ریشدا ئیشه‌كه‌یان ئه‌وه‌یه‌ به‌ قسه‌ی قۆڕ و به‌ پۆستی پڕوپووچ و كۆمیدی خه‌ڵكی سه‌رقاڵ بكه‌ن. هه‌واڵی گرنگی كه‌ناڵه‌ پڕۆفیشناڵه‌ به‌ناو بێلایه‌نه‌كان چییه‌؟! ژنێك هه‌رامه‌ی پیاوه‌كه‌ی بڕیوه‌. پیاوێك سی ساڵه‌ سمێڵی نه‌بڕیوه‌ و ئه‌وه‌نده‌ درێژ بووه‌ تا سه‌رپێی درێژ بۆته‌وه‌. سه‌رۆكی فڵان حزب سه‌رۆكی فیسار حزبی بینی و پێی گوت... ئه‌مه‌ هه‌واڵ و باسوخواسی كه‌ناڵه‌كانه‌!  ئه‌مه‌یه‌ ئامانجی كه‌ناڵه‌ به‌ناو بێلایه‌نه‌كان! تا به‌م حاڵه‌ی ئه‌مڕۆیان گه‌یاندووین. كابرا خۆی قه‌شمه‌ر كردووه‌ و ده‌ڵێ من داهێنه‌رم. قۆشمه‌چی خۆی لێ بووه‌ به‌ ئه‌رستۆ و به‌ته‌مایه‌ خۆی بۆ په‌رله‌مان كاندید بكات. نووسه‌ر و هونه‌رمه‌نده‌ داهێنه‌ره‌كانیش هه‌ژار و هیلاك و په‌راوێزخراو ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن و راقیسه‌ و كچه‌ مۆدێل و به‌ناو هونه‌رمه‌ندیش فڕۆكه‌ی تایبه‌تیان هه‌یه‌. چی تر بنووسم؟ چی بڵێم؟! هه‌رچی بڵێم به‌هه‌وادا ده‌چێ. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان