پەیوەندی نێوان مرۆڤ و هێلكە چییە؟

11:15 - 2024-02-18
دووتوێ
1287 جار خوێندراوەتەوە
هەرگیز ئامێر نابێتە شوێنگرەوەی هەستە زیندووەکان

پرژە زاهیر جەلال

بەدرێژایی ژیان مریشك و هێلكە لەگەڵ مرۆڤدا لە پەیوەندییەكی بەردەوامدا بوون، ئەو پەیوەندییەی مریشك لە ماوەی كڕكەوتنی لەسەر هێلكەكانیدا دەیبەستێت، پەیوەندییەكی سادە و لەدایكبوونێكی ئاسان نییە، بە پێچەوانەوە گەر بە شێوەیەكی لۆژیكی لێی بڕوانین چەندین وانەی بنەڕەتی ژیانی لێوەردەگرین.

دوو وانەی گرنگ
لێرەدا پێویسته دوو وانەی گرنگتان لەگەڵ بەش بكەم: هەندێك لە پەیوەندییەكانی مرۆڤ وەك (سۆزداری، خێزانی، هاوڕێیەتی، دۆستایەتی، كار...هتد) لە هێلكەی ژێر مریشكێك دەچێت.
بەشێك لە مرۆڤەكان هەمیشە لە هەوڵ و تێكۆشاندان بۆ بەرەوپێشچوونی پەیوەندی نێوان خۆیان و ئەو كەسانەی گرنگن بۆیان، بەڵام هەمیشە ماندوون بەدەست خراپبوونی لەناكاوی پەیوەندییەكانیانەوە، بە هۆكار و بێ هۆكار، كاتێك دەبینن لایەنی بەرامبەریان نەك هیچ هەنگاوێكی دۆستانەی هاوشێوە نانێت، بەڵكو هەر زوو پەیوەندییەكە بێ ئەرزش دەكات و بە شێوەیەكی خراپ و شكێنەر كۆتایی پێدەهێنێت.!
لەم كاتەدا مرۆڤ هەمان هەستی ئەو مریشكەی بۆ دروست دەبێت، كە دوای ماوەیەكی درێژ لە كڕکەوتن و ماندوو بوون، هیوا هەڵچنین لەسەر هێلكەكانی كە هەڵدەستێت، دەبینێت نیوەی هێلكەكانی پیسن، تەنیا نیوەیان بوونەتە جووچك.!
چونكە لە بنەڕەتدا پیسەكان بێ تۆو بوون، پاكەكان تۆودار بوون، گەر سەد جاری تریش مریشكەكە لەسەریان كڕبکەوێتەوە، بێ سوودە و نابنە جووچك، چونكە بێ تۆو هەمیشە پیس دەبێت، بەڵام خۆ لە دەرەوە هێلكەیەكی سپی و جوانە، تا ئەو كاتەی دەیشكێنیت جا بۆگەنەكەی كاست دەكات.!
ئەم وانەیە پێمان دەڵێت، هەندێكجار تاوانی ئێمە نییە گەر پەیوەندییەك خراپ بوو، چونكە تەواوی هەوڵی خۆمان داوە، هیوامان پێی هەبووە، بەڵام ئەوە مرۆڤەكان خۆیانن پێمان دەڵێن، دەكرێت لەناو هێلكەیەكی وا سپیدا چ رەشییەك كۆببێتەوە و ئێمە نەیبینین.!

وانەی دووەم
زۆرینەی منداڵەكانی ئەم سەردەمە پێشكەوتووە، منداڵی باش نین.!
-باشە بۆچی؟
*چونكە زۆرینەی منداڵەكانی جیهان به گشتی و كورد بە تایبەتی، لە هێلكەی ناو ئامێرە هەڵهێنەرەكان دەچن، گەرمی دایكانە و باوكانە نابینن، راستەوخۆ فڕێیان دەدەنە ناو دنیایەكی دەستكردەوە كە پێی دەوترێت تەكنەلۆژیا، ئێستا شاشەیەكی رۆشنی ترسناك منداڵەكان هەڵدەهێنن، نەك دایك و باوكان، ئەوە شاشەی تەكنەلۆژیایە پەروەردەكاری منداڵە، ئەو بڕیار دەدات چ نەوەیەك دروست بكات.
ئەم وانەیە پێمان دەڵێت، وەك مریشكێك بە گەرمی و هەست و سۆزەوە هێلكەكانی خۆتان هەڵبێنن، چونكە ئامێرەكان هەرگیز نابنە شوێنگرەوەی هەستە زیندووەكان، خۆتان بڕیار بدەن كە پەروەردەی نەوەی داهاتوو چۆن بێت.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان