ئەوەی پێویستە سەبارەت بە بەرزەپەستانی خوێن بیزانیت

11:18 - 2024-02-18
دووتوێ
117 جار خوێندراوەتەوە
زۆرکات نەخۆشی بەرزەپەستانی خوێن هیچ نیشانەیەکی نییە

لە ئینگلیزییەوە: والی عەلی

فشاری خوێن بریتییە لەو پەستانەی خوێن لەسەر دیواری بۆرییەكانی خوێن دروستیدەكات و زیادبوونی ئەم فشارە لە حاڵەتی ئاسایی، پێیدەوترێت بەرزەپەستانی خوێن كە یەكێكە لە بەربڵاوترین نەخۆشییەكان لە جیهاندا و تاڕادەیەك مەترسیدارە، ئەمانەی خوارەوە چەند زانیارییەكی سەرنجڕاكێشن سەبارەت بەم كێشە تەندروستییە:
- ژمارەی توشبوانی بەرزەپەستانی خوێن لە جیهاندا کە تەمەنیان لەنێوان 30-79 ساڵیدایە، بە یەك ملیار و 280 ملیۆن كەس دەخەمڵێنرێت، زۆربەی ئەوانەش (دوو لەسەر سێیان) لە وڵاتانی خاوەن داهاتی كەم و مامناوەندا دەژین.
- ژمارەی ئەو كەسە پێگەیشتوانەی ئەم نەخۆشییەیان هەیەو بێئاگان لەوەی هەیانە،  46 ٪ ی توشبوان دەخەمڵێنرێت.
- پێوانەی ئاسایی فشاری خوێن بریتییە لە كەمتر لە 120 لەسەر 80.
- زۆربەی كات ئەم نەخۆشییە هیچ نیشانەیەكی دیاری نییە، بۆیە نازناوی «بكوژی بێدەنگ» ی لێنراوە.
- كەمتر لە نیوەی توشبوانی پێگەیشتوی ئەم نەخۆشییە 42 ٪ یان نەخۆشییەكەیان دەستنیشاندەكرێت و چارەسەردەكرێت.
- لە هەموو پێنج توشبوویەكی پێگەیشتووی ئەم نەخۆشییە، نزیكەی یەكێكیان، نەخۆشییەكەی لەژێر كۆنتڕۆڵدایە.
- ئەم نەخۆشییە هۆكارێكی سەرەكیی مردنی پێشوەختەیە لە سەرتاسەری جیهاندا.
- ئەم نەخۆشییە، دەتخاتە بەر مەترسیی نەخۆشییەكانی دڵ و جەڵتەی دەماغ كە هۆكاری سەرەكیی مردنن لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.
- تەنها لە ساڵی 2020 دا زیاتر لە 670 هەزار حاڵەتی مردن لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بەهۆی بەرزەپەستانی خوێنەوە  بووە.
- نزیكەی نیوەی پێگەیشتوانی دانیشتوانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا 47 ٪ ی دانیشتوانەكەی یان 116 ملیۆن کەس بەرزەپەستانی خوێنیان هەیە.
سەرچاوە: كتێبی زانیاریخانە/ چاپی 33

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان