کەرنەڤاڵی راین لە ئەڵمانیا

11:21 - 2024-02-18
دووتوێ
268 جار خوێندراوەتەوە
#ساڵانە لە ئەڵمانیا دەیان فێستیڤاڵ و کەرنەڤاڵ بەڕێوەدەچێت

 

ساڵانە لە هەرێم و شارەکانی ئەڵمانیا دەیان فێستیڤاڵ و کەرنەڤاڵی جۆراوجۆر دەکرێت یەکێک لەوانە ناوی « راین» کە بە شەوی ژنان ناسراوە، لەو شارانە دەکرێت کە دەکەوێتە سەر رووباری راین وەک کۆڵن، دوسلدۆرف، ماینز، ئەو کەرنەڤاڵە ئایینی و کۆمەڵایەتی ئاهەنگ ئامێزە ساڵانە ملیۆنان کەس لە دەرەوەی وڵاتەوە لە چالاکییەکانیدا بەشداری دەکەن و شارەکان پڕدەبن لە گەشتیار، ئاهەنگ و میوزیک و سەما و خواردن و خواردنەوە دەبێتە سیمای دیاری ئەو ناوە، ئەمساڵ لە دووشەممەی یەکەمی مانگی رابردوودا سازکرا و ئەو رۆژە پێی دەڵێن « دووشەممەی گوڵ».

سەربردەی کەرنەڤاڵ
مێژووی کۆنی گەلان دەیگێڕێتەوە لە هەموو خێزانەکانی ناو کۆمەڵگەکاندا پیاوسالاریی هەبووە، ژنان تەنها گوێڕایەڵ و نیمچە کۆیلەبوون، مافەکانیان بەدەست پیاوانەوە بووە و ئەوانیش لە کەمترین ماف بێبەرییان کردوون، بۆیە بەر لە 200 ساڵ لە ئەمڕۆ یەکەمین سەنتەر و گروپی داکۆکیکەری ژنان لە شاری بۆنی ئەڵمانیا دروست بوو یەکەمین چالاکیشیان بەو کەرنەڤاڵە دەست پێکردووە، بەدرێژایی ئەو هەموو ساڵە رۆژی سازدانی ئەو چالاکییە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و بۆ پیرۆزکردنی هەمیشە بەستوویانەتەوە بە ئاینی کریستیان و لەو رۆژانەدا کردوویانن کە پیرۆز بوون.

ژنان بۆینباخی پیاوان دەبڕن
لەم رۆژەدا تا درەنگانی شەو ژنان بە جلی رەنگاوڕەنگ و کۆمیدییەوە و بە روخساری سەیروسەمەرە و بە ماکیاژی تۆخ و ترسناک خۆیان نمایشدەکەن و هەڵدەکوتنەسەر بینای قائیمقامیەت و شارەوانی و دەزگا گرنگەکانی شار، ئەو رۆژە بە تەواوەتی کۆنترۆڵی شاریان دەکەوێتە دەست تیایدا هەڵدەپەڕن و گۆرانی دەڵێن، بەڵام تەنها رۆژێک وەک نمایشێکی شانۆیی ئیدی دوای ئەوە کە رۆژی کەرنەڤاڵ تەواو ئەوانیش وادێن و پەیامی خۆیان دەگەیەننە حکومەت و رای گشتی، نەریتێکی تری سەیری ئەو کەرنەڤاڵە ئەوەیە ژنانی بەشدار دەچن بۆینباخی پیاوان بە مقەست یان چەقۆ دەبڕن،  وەک هێمایەک بۆ رووبەڕووبونەوە و بەرەنگاری دێت تا مافەکانیان بدەنێ، بەڵام ئەوەش تەنها نواندنە و دوای ئەوە ژنان و کچان دەچن ماچێک دەبەخشنە پیاوە بۆینباخ قرتاوەکان.

بووکەڵەی سیاسییەکان
لەدوای تەواوبوونی ئەو خۆنمایشکردنەی ژنان ئیدی ئاهەنگ دەست پێدەکات و سەرتاپای شار دەبێتە گۆڤەند و دیلانێ، سەما و خواردنەوە لەسەر شانۆکانی شار شانۆیی کۆمیدی و چالاکی هەمەجۆری وەک یاری سێرک و فێڵەکانی فاڵچی و بەرهەمی لێهاتووی بەهرەمەندەکان پێشکەش بە ئامادەبوان دەکرێت، بێگومان سیاسەتمەدارانیش دوور نین لەو چالاکییانە، جگە لە ئامادەبوونیان ئاهەنگێڕان بە کەژاوەی گەورەوە بووکەڵەی سیاسیەکانی ناوخۆ و دەرەوە نمایش دەکەن و کۆمیدیانە هەڵیان دەخەن و رەخنەیان لێ دەگرن لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا.
سەرچاوە: Aachner Zeitung

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان