ئەمستردام و پاسكیلە نقومبووەكانی

11:29 - 2024-02-18
دووتوێ
270 جار خوێندراوەتەوە

ئا: فەرید دڵشاد

 ساڵانە زیاتر لە 15 هەزار پاسكیل لە كەناڵی ئاوی ئەمستردام لە هۆڵەندا دەهێندرێنە دەرەوە، لەلایەن جۆرە حەفارەیەكی تایبەتەوە ئەو پاسكیلانەی فڕێدەدرێنە ئەو كەناڵە ئاوییەوە دەهێنرێنە دەرەوە و تێچوویەكی زۆریش لە سەر حكومەتی خۆجێی شارەكە دەكەوێت.
چیرۆكی فڕێدانی ئەو پاسكیلانە بۆ ناو كەناڵی ئاوی ئەمستردام دەگەڕێتەوە بۆ ئەو چەتە و رێگرانەی لە شارەكەدا هەن و پاسكیل لە گەشتیاران و هەرزەكاران دەسەنن و دوای بە كارهێنانیان فڕێی دەدەنە ناو كەناڵە ئاوییەكەوە.
لەبارەی ئەو جۆرە رەفتارەوە هۆڵەندییەكان نوكتەیەكیان هەیە دەڵێن، ئەگەر كەسێك هاوار بكات و بڵێت هێی ئەو پاسكیلە هی منە ئەوا لایەنی كەم سێ‌ كەس لەو ناوەدا کە پاسكیل لێدەخوڕن پاسكیلەكانیان دەخەنە ناو كەناڵە ئاوییەكەوە.
 ئەمستردام پێشتر بە گوندی راوچی ماسی ناسراوە و ئێستا بووەتە پایتەخی پاسكیلسواری لە جیهاندا، پیشەی دەرهێنانی پاسكیل لە ناو كەناڵی ئاوی ئەمستردام بووەتە پیشەكی رەسمی و بە یەكێك لە سەرسوڕهێنەرترین پیشە لە جیهاندا دادەنرێت.
لە هۆڵەندا پاسكیل لە پەنیر و گوڵی تۆلیب زیاترە، چونكە ژمارەی پاسكیلەكان لە ژمارەی دانیشتوانی هۆڵەندا زیاترە، بە جۆرێك 23 ملیۆن پاسكیل هەبووە، بەڵام هۆڵەندا ژمارەی دانیشتوانی 17 ملیۆن بووە و رۆژانەش پێنج ملیۆن كەس پاسكیل لێدەخوڕن.
هەرچەندە تێگەیشتن لە زمانی هۆڵەندی قورسە، بەڵام پاسكیل زمانی لێكتێگەیشتنە لە نێوان هۆڵەندییەكان و گەشتیاراندا، «فیتس» كە بە مانای پاسكیل دێت كۆد و وشەی نهێنی ئەو لێكتێگەیشتنەیە.
هۆكاری زۆر بە كارهێنانی پاسكیل لە هۆڵەندا دەگەڕێتەوە بۆ باشی رێگەوبانەكان كە وەك ئاوریشم قیرتاو كراون، هەروەها ژێرخانێكی گونجاو و شوێنی وەستانی باش بۆ پاسكیل دابین كراوە، هەوڵی دەسەڵاتدارانیش بۆ بە كارهێنانی پاسكیل هۆكارێكی ترە بەتایبەت بۆ ئەو گۆڕانكارییانەی بەسەر كەشوهەوادا هاتووە، چونكە پاسكیل هەم دۆستی ژینگەیە هەم لێخوڕینیشی سوودی بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە.

سەرچاوە: العین الأخباریة

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان