بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەراوێزی سێیەمین رۆژی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لەگەڵ ستیفن بیگن، جێگری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و جێگری سەرۆکی کۆمپانیای بۆینگ کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بەردەوامیی هەماهەنگی و هاریکارییەکان لە نێوان هەرێمی کوردستان، عیراق و ئەمریکا جەختیلێکرایەوە لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و کارکردنی پێکەوەیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە ئەمنییەکاندا.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ، پەرۆشیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ یەکخستنی هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکان لەپێناوی پاراستنی سەقامگیریی سیاسی لە ناوچەکە دووپاتکردەوە و رایگەیاند، هەوڵەکانی یەکێتی لەپێناوی پاراستن و دوورخستنەوەی وڵاتە لە ململانێکان، نامانەوێت خاکەکەمان ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان و ئاسایشی خەڵکەکەمان بکەوێتە مەترسییەوە.
لە بەرامبەردا ستیفن بیگن بەڕێزەوە هەوڵ و هەنگاوەکانی سەرۆک مام جەلالی بۆ پاراستنی تەبایی و ئاسایشی عیراقی وەبیرهێنایەوە و وتی، خۆشبەختم لە سەردانەکانمدا بۆ عیراق لە نزیکەوە سەرۆک مام جەلالم بینیوە و گفتوگۆمان لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی وڵاتەکە کردووە.