گرنگیی پلاندانان لە ژیانی رۆژانەماندا

09:50 - 2024-02-20
ڕاپۆرت
354 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/  هاوژین عەبدولواحید



چۆن بتوانین لەژیانی رۆژانەی خۆماندا پلانێک دابڕێژین بۆئەوەی کاتەکانمان و کارەکانمان و تێکەڵبوون و لایەنی کۆمەڵایەتیمان، چووونە دەرەوە و پشووەکانمان بخەینە بەرنامەوە بۆئەوەی تووشی سەرلێشێواویی نەبین؟
ئایا ئێمە توانیومانە کەسێکی تەندروست بین لە رووی دەروونییەوە؟ 
یاخود تووشی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی و پەستانی دەروونی بووینەتەوە بەهۆی ئاڵۆزیی و بێ پلانییەوە و تاچەند توانیومانە پلانی باشمان هەبێت و کاتەکانمان دابەش بکەین بەسەر کارەکانماندا؟


لەبارەی گرنگی پلانەوە
د. محەمەد ناسر مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی بواری دەرونناسی دەڵێت: پلان کارگەرترین هەنگاوی ئەرێنیی مرۆڤه، وێنایەکی هزری  پێشوەختەیە بۆ ئامانج و رەوت و دەرەنجامەکانی کار و چالاکییەکی دیاریکراو.
  پێویستە بگەین بەو بڕوایەی کە دەبێت ئامانجێکی دیاریکراومان هەبێت، پاشان پلانی بۆ دابنێین، چونکە دانانی پلان بەبێ ئامانج، هیچ سوودێکی نییە و شکستخواردووە.

پلان بۆ هەموو کات و دۆخێک
 مرۆڤ لە هەر ئاستێکدابێت، پێویستە پلانی هەبێت، بۆ نموونە منداڵ هەر لە تەمەنی سێ بۆ چوار ساڵییەوە پێویستە فێری کۆمەڵێک بەهای کۆمەڵاتی و یاسا و رێسا بکرێت، هەر لە کات و شوێنی یاریکردنەوە تا کاتی خەو و خواردن. هەموو ئەوانە دەگەڕێتەوە بۆ سەر پلانی دایک و باوک، ئایا بەپێی پڕۆگرامێکی دیاریکراو ژیانیان دادەڕێژن، یاخود بە شێوەیەکی رەمەکی رۆژەکانیان بەڕێدەکەن؟ ئەگەر دایک و باوک بتوانن پڕۆگرامێکی جوان دابڕێژن بۆ پلانەکانی خۆیان و ژیانیان، ئەوا بێگومان منداڵەکانیشیان چاو لە هەنگاوەکانی ئەوان دەکەن و دەبن بە پلان داڕێژەرێکی کاریگەر و باش بۆ ژیانی داهاتووی خۆیان.
ئەگەر راشکاوبم لەگەڵ خۆمدا، ئەوا دەتوانم بڵێم خاوەنی پلان نیم و ناتوانم کاتەکانم دابەش بکەم.

پلاندانان لە کەسابەتدا
هەر لەوبارەیەشەوە ئەحمەد محەمەد کە کەسێکی کاسبکارە رایگەیاند: کە وەک کاسبکارێک خاوەنی دوو دوکانە، دانەیەکیان خۆی بەڕێوەی دەبات و ئەوەی دیکەشیان شاگردەکانی بەڕێوەی دەبەن، بەڵام دەڵێت: سەرقاڵی وایلیکردووم کاتم نەبێت بۆ خێزانەکەم و منداڵەکانم و هەمیشە گلەیی ئەوەم لێ دەکرێت کە کاتم نییە  بۆیان.
وتیشی: بێ پلانیم لە ژیانی رۆژانەمدا وایکردووە کە کاتەکانم وەک تەسبیحێکێ پساو وابێت و نەتوانم دەنکەکانی کۆبکەمەوە، هەمیشە کارم هەیە و کاتم نییە، نە سوود لە کاتەکانی خۆم دەبینم لای خێزانەکەم و نە لای هاوڕێیان و خزمان، چونکە پلانم نییە بۆ ژیانی رۆژانەی خوم و هەمیشە سەرقاڵم و هەستدەکەم هیچیشی لێ سەوز نابێت.

نەخۆشیەکەی نەبۆتە رێگر 
هاوژین شوکر کە کچێکی 27 ساڵەیە و رۆژنامەنووسە، لەو بارەیەوە ئاماژە بەوە دەدات کە سوود لە هەموو چرکەیەکی دەبینێت و دەڵێت: نامەوێت هیچ ساتێک لە ژیانم بەفیڕۆ بدەم. 
ئەو هیشتا سەرقاڵی خوێندنە و سەرباری ئەوەش باری تەندروستی  ناجێگیرە و  نەخۆشیی شێر پەنجەی هەیە، بەڵام دەڵێت: لە ژیانی رۆژانەمدا گرنگی زۆر بە دانانی پلان دەدەم، دەتوانم بڵێم بەبێ پلان یەک هەنگاو نانێم، راستە لەبەر نەخۆشییەکەم بۆ من ژیان کەمێک قورسترە، بەڵام ئەگەر خاوەن پلان نەبم، ئەوا ناتوانم هیچ کارێک بکەم، بەڵام هیچ بارودۆخێک نەیتوانیووە رێگربێت لەبەردەم داڕشتنی پلان و بەرنامەدا بۆ ژیانی خۆم، چونکە بەپێی پلان کاتەکانم دابەشکردووە و توانیمە زۆر هەنگاوی باش بنێم و مانا بدەم بەژیانم و سوود لە چرکەکانی ژیانی خۆم ببینم.

پلاندانان هونەری خۆی هەیە
باخان بەختیار مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی دەروونناسیش دەڵێت: مرۆڤ هەمیشە بەو خەیاڵەوە دەژی کە خەونی پێوە دەبینێت، بیهێنە بەرچاوی خۆت مرۆڤێک هیچ خەون و ئامانج و روئیایەکی نەبێت، دەبێت ژیانی چۆن بێت؟ ئەو دەڵێت: مرۆڤ بەیانیان کە لەخەو هەڵدەستێت و پەردەی ژوورەکەی لادەدات، دەڵێت: ئەمڕۆ بۆچی دەژیم چی بکەم؟ لە کوێوە دەست پێبکەم؟
لەو نموونەیەوە بۆمان دەردەکەوێت چەندە گرنگە ئامانج لەژیانماندا هەبێت، چونکە ئەوە وادەکات مانا بدات بە ساتەکانی ژیان.
هەبوونی ئەو ئامانجە وادەکات کە ئەو مرۆڤە رێگەی خۆی بدۆزێتەوە و ئەوندە بەلاڕێدا نەڕوات، بۆیە لێرەدا رۆڵی پلاندانان دێتە ئاراواوە.

گۆڕینی پلان نەک ئامانجەکە
ئەگەر ئەو مرۆڤە ئامانجەکەی نەکرا بە پلان و کاری بۆ نەکرد، ئەوا هەر لە چوارچێوەی خەون و خەیاڵدا دەمێنێتەوە.
وتیشی: دانانی ئامانج و پلان هونەری خۆی هەیە، زۆر کات ئەو مرۆڤە خۆی خاوەنی ئەزموونێکی باشە و زیرەکە توانای ئەوەی هەیە پلانێکی باش و تۆکمە بۆ کارەکانی خۆی دابنێت، هەندێک کەسی تر بە رێکەوت دەکەونە ئەو هونەرەوە، چونکە چەند جارێک پلان دادەنێن و شکست دەهێنن، بەڵام کۆڵنادەن تا دەگەن بە رێگە سەرەکییەکە و هەڵەکانی خۆیان دەکەن بە ئەزموون و سەرکەوتن بەدەست دەهێنن.
لە رۆژگارێکی وەک ئەمڕۆدا زۆر کەسمان هەیە هەمیشە هەست دەکەن پلانەکانیان سەرناگرێت، بۆیە بەردەوام بێ تاقەت و نائومێد دەبن و بڕیاری وازهێنان دەدەن.
بەڵام ئەوەی گرنگە ئارامی و کۆڵنەدانە، چونکە پڕۆسەکە دوور و درێژە و کاتی دەوێت، ئەگەر بیربکەمەوە کە من کەی دەگەم بەو ئامانجە، لەوانەیە بێ ئومێدم بکات، بەڵام ئەوەی کە گرنگە مرۆڤ دڵی بە رێگەکە خۆشبێت و بێهیوا نەبێت. ئەو دەتوانێت رێگەکانی گۆڕینی پلانەکان تاقی بکاتەوە نەک کۆڵ لە ئامانجەکەی بدات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان