سەرۆکایەتییەکانی عیراق داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی جێبەجێ بکات، تاوەکو حکومەتی فیدراڵی بتوانێت بەردەوام بێت لە ناردنی مووچەی فەرمانبەران.
ئێوارەی ئەمڕۆ، لە کۆشکی بەغدا کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی عیراق بەڕێوەچوو، تیادا گفتوگۆ سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی جەنگ و گرژییەکانی ناوچەکە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران کرا.
بەگوێرەى راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی کۆمار، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کراوە و داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا، پابەندی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بێت، تاوەکو حکومەتی عیراق بتوانێت بەردەوام بێت لە ناردنی مووچە و چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی دیکە بەگوێرەى دەستوور و یاسا.
هەروەک چوار سەرۆکایەتییەکە گفتوگۆیان سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردووە، کە خواستەکانی گەلی عیراق بەدیبهێنێت بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەکان و جەختیان لە پێویستی پاڵپشتیکردنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کردووەتەوە، لەگەڵ گرەنتیکردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا.