لە ساڵڕۆژی جیهانیی زمانی دایک-دا

سلێمانی، فەرهەنگی وشەی کوردییە

10:39 - 2024-02-21
کەلتور
805 جار خوێندراوەتەوە

سەرکەوت عەلی حەبیب

سلێمانی، ئەو شارە بچووکەی زۆر گەورەیە و هەمیشە جێگەی باسوخواس بووە، چونکە کورد لە سەردەمی بابانەکاندا خۆی دروستی کردووە و هەر خۆشی حوکمڕانیی تێداکردووە، ئەمەش شانازییەکە بۆ ئەو بنەماڵەیە.
شێوەزارێک بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە
ئەو شارە هەر لە دروستکردنییەوە وەک مونزیر موسڵی دەڵێت: «پایتەختی رۆشنبیری بووە» بۆیە زاراوەی سلێمانی، بە دروستکردنی شارەکە پەیدابووە و گەشەی کردووە و ئەگەر سلێمانییش نەبوایە زاراوەی سلێمانی دروست نەدەبوو و تەمەنی زاراوەکە لە تەمەنی شارەکە تێناپەڕێت، چونکە لە دروستبوونییەوە خزمەتێکی بەرچاوی بە فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی کردووە، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە زاراوەی ناوچەکانی گەرمیان و شارەزوور و شارباژێڕی تێدا نەبێت، خۆ سێکوچکەی داهێنەر و بنیاتنەری ئەم شێوەزارە، نالی، خەڵکی گوندی خاک و خۆڵی شارەزوور بووە و سالم و کوردی-یش، خەڵکی شاری سنە-ن، هەروەها مەحوی، خەڵکی گوندی باڵخی شارباژێڕە.
چۆن دەبێت بە زمانی ستاندارد؟
لە سەردەمی بابانییەکانەوە تا نهۆ، زۆربەی شاعیران و نووسەران بە زاراوەی سلێمانی بابەتیان نووسیوە، چونکە ئەو زاراوەیە بوو بە شێوەزاری نووسین، بەڵام وەک د.ئەوڕەحمانی حاجی مارف دەڵێت: بۆ زمانی ستاندەر، تەنیا زاراوەی سلێمانی بە ستاندەر وەرناگیرێت، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سەر بنچینە موکریانییەکەی.
ئەو شارە لە سەرەتاوە تا هەنووکە خزمەتێکی بەرچاوی بە زۆربەی بوار و لایەنەکانی ژیان کردووە، بەتایبەتی (زمان) کە بەشێکە لە شکۆی نەتەوە.
دوژمنانی کورد، هەموو شتێکی کوردیان بۆ لەناوبرا، بەڵام نەیانتوانی زمانەکەمان لەناوبەرن.
ئەستێرەکانی پاراستنی زمانی کوردی
سلێمانی کە هەمیشە لانکەی شۆڕشەکانی کورد بووە، پێگەیەکی دیاریشی هەبووە، لە پێگەیاندنی هەزاران رۆڵەی بەئەمەک و خزمەتگوزار لە بواری (زمان)یشدا لە نموونەی تۆفیق وەهبی، پیرەمێرد، ئیبراهیم ئەحمەد، گۆران، عەلائەدین سەجادی، شێخ محەمەدی خاڵ، بێکەس، ئیبراهیم ئەمین باڵدار، ا. ب. هەوری، مەحمود مەلا عیززەت، جەمال عەبدول، حەمە سەعید حەسەن و حەمە فەریق حەسەن.
 هەروەها نموونەی زمانەوان: د. نەسرین فەخری، د.ئەورەحمانی حاجی مارف، د.جەمال نەبەز، د. عیزەدین مستەفا رەسوڵ، دڵشاد مەریوانی، د. شوکریە رەسوڵ و د. هۆگر مەحمود.
دیارە بڕوانامە کەسێکی سەرکەوتوو دروست ناکات، ئەگەر کەسەکە خۆی لە ناخ و هەستەوە بەهرەمەند و شارەزا نەبێت لە بوارەکەدا.
زۆر کەس دەنووسن، بەڵام مەرج نییە زمانەوان یان زمانناس بن، بۆیە زۆر جار وشە یاخود دەستەواژە جگە لە رێنووس و خوێندنەوەی هەڵە، واتاکەشی نازانرێت، چونکە هەڵەکردن ئاساییە، بەڵام دووبارەکردنەوەی هەڵە نیشانەی نەزانییە.
بە کورتی، ئاماژە بە هەندێ وشە و دەستەواژە دەکەین، دیارە وشە و دەستەواژەکان، زۆر لەوە زیاترن:
«وەک جوو، بۆی دەگرم شەممە»
زۆرجار گۆرانیبێژەکان لە واتای ئەم دەستەواژەیە تێنەگەیشتوون یان زانیارییان نەبووە و تەنیا چڕیوویانە.
لای جوو- جوولەکە، رۆژانی شەممە، رۆژێکی پیرۆزە و لەهەمان کاتدا پشووە، پشوویەک بە واتای ژیان دەوەستێت، بە تایبەتی لای باوەڕدارەکانیان لەبەر پیرۆزیی ئەو رۆژە، کە دەڵێن خودا دنیای بە شەش رۆژ دروستکردووە و لە شەممەدا کە بە زمانی (عیبری) واتە: شایان، کە حەوتەم رۆژی هەفتەیە، پشووی داوە، واتە دەبێت پەیڕەوی کرداری خودا بکەن و دوای شەش رۆژ کارکردن، رۆژانی شەممە هيچ کارێک جگە لە عیبادەت هیچی دیکە نەکرێت و هیچ بەکارنەهێنرێت.
ئاڵوگۆڕی وشە لەگەڵ گەلانی دیکە
بابەتێکی تری زمان، هەروەک چۆن کورد، وشەی لە گەلانی دراوسێ وەرگرتووە، بە هەمان شێوە گەلانی دراوسێش وشەیان لە کورد وەرگرتووە و چۆتە ناو زمانەکانیانەوە، بۆ نموونە: عەرەب بۆ گفتوگۆی رۆژانە و نێو بازاڕ دەڵێن: (پەردە) کە وشەیەکی کوردییە، هەروەها رۆژانە ئەم وشانە لەسەر (زار)یانە، کە هەموویان (وشەی کورد)ین:
پانکە، بالزۆر واتە؛ (بە زۆر)، (ماعندی پارە)، (ماعندی چارە). عەرەب کە شتێکی لە دەست دەچێت، دەڵێت: (ضاع السایە و السرمایە) هەروەها وشەی (بابوچ) وشەکە (پاپۆش)ە، لە کوردیدا، چونکە پا، واتە؛ پێ. پۆش، واتە؛ پێ دەپۆشێت.
هەروەها وشەی (شەشبێش) لە یادیی تاوڵەدا، وشەی (شەش)  کوردییە و (بێش) بە واتای؛ پێنج، تورکییە.
لە کۆتایدا، مامۆستا حەمە سەعید حەسەن، دەڵێت: هەڵەی زمان، حەق نییە تەنیا بە خەوش یان کەموکووڕی لە قەڵەم بدرێت، بەڵکو پێویستە وەک یاساشکێن و تەنانەت وەک مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی سەرنجی بدرێت و سزای لەسەر بێت.
تێبینی: 
بۆ ئەم بابەتە سوودم لە بەڕێزان: د.نەسرین محەمەد فەخری، حەمە سەعید حەسەن، خالید مەجید فەرەج و ستران عەبدوڵڵا وەرگرتووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان