محه‌مه‌د تاهیر: راگه‌یاندن چێژ و ئاسووده‌یی رۆحه‌

11:12 - 2024-02-21
دیدار
259 جار خوێندراوەتەوە

محه‌مه‌د تاهیر، سه‌رپه‌رشتیاری ساڵۆنی شه‌قامی جمهورییه‌، به‌ڵام 21ساڵه‌ له‌ راگه‌یاندن كارده‌كات، خولیای بۆ میدیا هه‌بووه‌ ئه‌مه‌ش هۆكار بووه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌م پیشه‌یه‌.
محه‌مه‌د تاهیر به‌ دوالاپه‌ڕه‌ی وت: ئێستا له‌ كه‌ناڵی كه‌ركوك سه‌رپه‌رشتیاری ساڵۆنی شه‌قامی جمهوریم، ئه‌م ناوه‌نده‌ ساڵێك و دوومانگه‌ دامه‌زراوه‌، به‌ڵام وه‌ك بواری راگه‌یاندن 21 ساڵه‌ كاری میدیایی ده‌كه‌م، خولیای بواری میدیا بووم، بۆیه‌ هه‌وڵی زۆرم دا تا پێیبگه‌م، سه‌ره‌تا له‌ ساڵی 2003 له‌ كه‌ناڵی عیراقیه‌ وه‌ك په‌یامنێر ده‌ست به‌ كار بووم، دواتر له‌ مانگی 5ی  ساڵی  2004  هاتمه‌ كه‌ناڵی كه‌ركوك و ده‌ستبه‌كار بووم.
محه‌مه‌د وتیشی: ئامانجی سه‌ره‌كیم ئه‌وه‌یه‌ له‌ رێگای كاره‌كه‌مه‌وه‌ بتوانم خواست و كێشه‌ و گرفتی خه‌ڵكی چاره‌سه‌ر بكه‌م، بۆ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ په‌یامنێری، وه‌ك بێژه‌ر و پێشكه‌شكار، ئاماده‌كار كارم كردووه‌، پێم وایه‌ له‌هه‌ر بوارێكی دیكەدا ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت بێت و خۆت ماندووبكه‌ی تێیدا سه‌ركه‌وتوو ده‌بیت، راگه‌یاندن ماندوبوونه‌كه‌شی چێژو ئاسووده‌یی رۆحه‌، له‌ ئێستادا سه‌رقاڵی نووسینی كتێبێكم كه‌ پێموایه‌ ده‌بێته‌ خزمه‌تێكی باشە بۆ نووسه‌ران و رۆشنبیران، ئه‌گه‌ر ئاسته‌نگی ژیان ناچارم نه‌كات له‌ راگه‌یاندن دوورناكه‌ومه‌وه‌، پێشتر بۆ به‌رنامه‌یه‌كی سیاسی ئاماده‌كار و پێشكه‌شكار بووم، به‌رنامه‌كان، (دیدێكی تر) 
(دیداری تایبه‌ت)  به‌رنامه‌كانی تریش وه‌ك ئاماده‌كار له‌ رابردوودا ( ره‌نج و هیوا ) ( كه‌شی ره‌مه‌زان ) به‌شێكیش له‌ به‌رنامه‌ هونه‌ریی و ئه‌ده‌بییه‌كان كارم كردووه‌، خێزاندار نیم له‌گه‌ڵ جوانترین ژنی گه‌ردوون ده‌ژیم ئه‌ویش دایكمه‌، جگه‌ له‌ كاری بێژه‌ری سه‌رقاڵی ساڵۆنی شه‌قامی جمهورییم، كه‌ ناوه‌ندێكی رۆشنبیریی و مه‌عریفییه‌، هه‌فتانه‌ كۆڕی هه‌مه‌جۆری تێدا سازدەكەین، ئه‌م ساڵۆنه‌ بیرۆكه‌ی نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس ستران عه‌بدوڵڵایه‌، خۆی و كاك عیماد ناسیح سه‌رپه‌رشتیاری ده‌زگای میدیایی كه‌ركوك رۆڵی زۆر باشیان هه‌یه‌، ساڵێك و دوو مانگه‌ دامه‌زراوه‌ نزیكه‌ی په‌نجا كۆڕمان بۆ نووسه‌ران و رووناكبیران ساز كردووه‌، جگه‌ له‌ زمانی كوردیش به‌عه‌ره‌بییش كۆڕمان كردووه‌ و له‌داهاتووشدا  به‌توركمانی كۆڕ بەڕێوەدەبەین، وه‌ك سه‌رپه‌شتیاری ساڵۆنه‌كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای توانا و لێهاتوویی میوانه‌كانمان ده‌ستنیشان ده‌كه‌ین.

دیانا ئه‌حمه‌د

بابەتە پەیوەندیدارەکان