نەخۆشخانەی شۆڕش (كەركوكی نوێ) بە گوڕتر لە جاران خرایەوە خزمەتی کەرکوکییەکان

10:05 - 2024-02-22
ڕاپۆرت
178 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

نەخۆشخانەی شۆڕش (كەركوكی نوێ)، نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵیە، لە ساڵی 2004، لەسەر بڕیاری سەرۆك «مام جەلال» لە گەڕەكی شۆراوی شاری كەركوك دامەزراوە.
نەخۆشخانەكە سەربە دەزگای تەندروستیی پێشمەرگەیە و یەكێكە لە پڕۆژە گەورەكانی ی.ن.ك كە خزمەت بە هەموو پێكهاتەكانی کەرکوک دەكات‌ و هەموو جۆرە چارەسەر و نەشتەرگەرییەکی بەبێ بەرامبەر تێدا دەکرێت، لەدوای 2017 و ئەو دۆخە سیاسییەی كە بەرۆکی كەركوكی گرت، تووشی ئاستەنگ بۆوە و کارەکانی راگیرابوو.
ئێستا بە هەوڵ ‌و هاوكارییەكانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ‌و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ستافی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە کەرکوک، جارێكی تر نەخۆشخانەکە بە شێوەیەكی رێكوپێك کارەکانی دەستپێکردەوە و خرایەوە خزمەتی هاووڵاتیانی شارەکە.
پڕۆژەیەكی ستراتیژیی هەمەلایەنە
دکتۆر سەروەر عەبدولستار، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شۆڕش (كەركوكی نوێ)، رایگەیاند: لە دوای هاوكارییەكانی سەرۆك بافڵەوە، نەخۆشخانەكەیان هاوشێوەی نەخۆشخانە حكومییەكانی ئازادیی فێركاری و كەركوكی گشتیی پێشوازیی لە نەخۆش دەكات و هەموو چارەسەرێکی پزیشكی پێشكەش بەو نەخۆشانە دەكات كە سەردانی دەكەن‌ و خزمەتێكی بەرچاو بە دانیشتوانی كەركوك دەکات بەبێ جیاوازیی نێوان هاووڵاتیان و توانیوێتی لەسەر پێی خۆی بووەستێت.
 وتیشی: لەسەر بڕیاری سەرۆكی ی.ن. ك بوودجەی تایبەتی بۆ تەرخانكراوە تا كارەكانی بەشێوەیەكی باشتر بەڕێوەبچێت و نەشتەرگەریی و چارەسەرەكان هاوشێوەی نەخۆشخانەكانی دیکەی كەركوك بۆ هەموو پێكهاتەكانی پارێزگاكە بێت بەبێ جیاوازی.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە ئاماژەی بەوەش دا کە لە هەوڵی ئەوەدان نەخۆشخانەكە لە 100 قەرەوێڵییەوە بكەن بە 200 قەرەوێڵەیی تا بتوانرێت لە هەموو بوارە پزیشكییەكاندا خزمەت بە هاووڵاتیان بکەن و وتیشی: «هەوڵی دامەزراندنی پزیشك و كارمەندانی تەندروستی بۆ دەدەین تا ببینە نەخۆشخانەیەكی نموونەیی لە شارەكەدا.
پێشتر 150 پزیشک و کارمەندیان هەبووە 
سەبارەت بەو ئامێرانەش کە لە نەخۆشخانەكەیاندایە، دکتۆر سەروەر عەبدولستار رایگەیاند: ئامێری ئیكۆ، سۆنەر، نازوور و پشكنینی جۆراوجۆر دەكەن، هەروەها نەشتەرگەریی بۆ هەناو بە هەموو جۆرەكانییەوە، وەكو نەشتەرگەریی گورچیلە، منداڵبوون، زراو و پشكنینی پێشوەختە بۆ دیاریكردنی نەخۆشییەكان.
هەروەها وتی: ژمارەی كارمەندانمان نزیكەی 150 كارمەندبووە، بەڵام بەهۆی خانەنشینبوونی هەندێکیانەوە ئێستا ژمارەیان كەمبۆتەوە و شوێنەكانیشیان بە بەتاڵی ماوەتەوە، بەڵام روونیکردەوە کە خۆشبەختانە بەڵێنی ئەوەیان پێدراوە كارمەندنیان بۆ دابمەزرێنرێت و توانیویشمانە هاوئاهەنگییەكی باش لەگەڵ فەرمانگەی تەندروستیی كەركوك‌ و پزیشكەكانیدا دروست بكەین و هەر پزیشكێك پێویستمان پێی بێت، كاتی بۆ دیاری دەكەین، هەفتانە چەند رۆژێك لە نەخۆشخانەكەمان نەخۆش چارەسەر دەكەن، چونكە لە نەخۆشخانەكە بەشی فریاكەوتن، راوێژكاری، سۆنەر، تیشك و خزمەتگوازییەكی زۆرباش پێشكەش بە نەخۆشەکان دەكرێت ‌و سەرجەم نەشتەرگەرییەكان وەكو نەشتەرگەریی (بچووك و تایبەت و تا سەرووی گەورە) دەکرێت.
هەندێک نەشتەرگەری  بە 100 ملیۆن لە ئەهلییەکان دەکرێت
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە تەئکیدیشی کردەوە لەوەی کە ئەو نەشتەرگەرییەی لەو نەخۆشخانەیە دەكرێت، ئەگەر لە نەخۆشخانە ئەهلییەكاندا بكرێت، ئەوا نزیكەی 100 ملیۆن دیناری تێدەچێت، لەکاتێکدا زۆربەی ئەو نەخۆشانەی سەردانمان دەكەن لە نەتەوەی عەرەب و توركمانن.
هەر بەپێی ئامارێكی نەخۆشخانەكە بێت تا ئێستا نزیكەی (880) نەشتەرگەری جۆراو جۆر بۆ نەخۆشەکان کراوە.
لەو نەخۆشخانەیە، نرخێكی زۆر كەم لە نەخۆشخەكان وەردەگیرێت، بەڵام بۆ كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگە و کەسوکاریان بە خۆڕاییە و هەر نەخۆشێكیش سەردانی ئەم نەخۆشخانەیەی كردبێت، چارەسەری بۆ كراوە. راستە هەندێجار دۆخە سیاسییەكەی كەركوك ئاستەنگمان بۆ دروستدەكات، بەڵام توانیومانە بەسەر ئاستەنگەكاندا زاڵ بین.
دکتۆر سەروەر وتیشی: لەڕووی بیناو شوێنیشەوە توانیومانە ئاسوودەیی مسۆگەر بكەین بۆ جێبەجێكردنی كارەكانمان، بۆیە ئێستا پێویستمان بە یارمەتی دارایی زیاتری سەرۆك بافڵە، چونكە نەخۆشخانەكەمان پێویستی بە دروستكردنی دوو كۆگایە و داواشیکرد وەكو چۆن بەردەوام دەستی هاوكاری بۆ درێژ كردوون، هەربەو جۆرە بەردەوام بێت و چەند ئۆتۆمبێلێكیشمان بۆ دابین بكات بۆ راییکردنی كاروبارە ئیدارییەکان.
خزمەتی هەموو پێكهاتەكان دەكات
هەر لەبارەی خزمەتەکانی ئەو نەخۆشخانەیەوە، محەمەد كەریم کە لە پێکهاتەی توركمانی شارەکەیە، یەكێك دەڵێت: هەرچەندە ئەم نەخۆشخانەیە لە گەڕەكێكی كوردنشینە، بەڵام دەبینم خەڵكێكی زۆر لە عەرەب و توركمان سەردانی دەكەن بۆ وەرگرتنی چارەسەر و  نەشتەرگەری، ئەم جۆرە نەخۆشخانانە بۆ چینی هەژار و كەمدەرامەت زۆر گرنگ و پێویستە، هەروەها وتی: دەستخۆشی زۆرمان بۆ دامەزرێنەرەكەی هەیە كە ئەویش سەرۆك مام جەلالە.
پێكهاتەكانیش قسەی خۆیان هەیە
خەڵەف مەحمود، دانیشتووی گەڕەكێکی سەر رێگەی بەغدایە و لە پێکهاتەی عەرەبە، ئەو بە مەبەستی نەشتەرگەری هاتبوو،  وتی: لەدوای شەڕی داعشەوە من ئاوارەی ئەم شارەم و بۆ چارەسەری پزیشكی خۆم و منداڵەكانم بەردەوام سەردانی ئەم نەخۆشخانەیەمان كردووە، راستە ماوەیەك پێش ئێستا چارەسەرەكانیان وەكو پێویست نەبوو بەهۆی كەمیی بوودجەوە، بەڵام ئێستا چارەسەرەكانیان لە ئاستی پێویستدایە و چینی هەژار و لێقەوماوان سوودی زۆری لێ دەبینن، چونكە ئەگەر من ئەمجۆرە نەشتەرگەرییانە لە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی  بكەم، ئەوا دەبێت پارەیەكی زۆری بدەم و ئەمەش لە تواناماندا نییە، بۆیە هیوادارم ئەم نەخۆشخانەیە بەردەوام بێت لە چارەسەركردنی خەڵکی هەژار.

بابەتە پەیوەندیدارەکان