قوباد تاڵەبانی: كاتی ئەوە هاتووە ناكۆكی و كێشەكان لەسەر سیاسەت و دیدی جیاوازبێت بۆ حوكمڕانی

09:33 - 2022-06-05
کوردستان
762 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، پێشوازیكرد لە مارینا سێرینی جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتالیا و تاوتوێی چۆنێتی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ئیتالیایان كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا، كە دوێنێ لە هەولێر بەڕێوەچوو و هەریەك لە باڵیۆز و كونسوڵی ئیتالیا ئامادەبوون، مارینا سێرینی، جەختیكردەوە كە ئیتالیا دۆستایەتی و پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بە گرنگ دەزانێت، «دەمانەوێت ئاستی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ هەرێم بەهێزتر و پتەوتربكەین»، لەم چوارچێوەیەشدا ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ بەردەوامیدان بە هاوكارییە سەربازی و ئابوورییەكان دەربڕی.
جێگری سەرۆك وەزیران، ستایشی هاوكارییەكانی ئیتالیای كرد بۆ هەرێمی كوردستان و تەئكیدی لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەكان بەتایبەتیش لەڕووی ئابوورییەوە، كرد. داواشیكرد حكومەتی ئیتالیا هانی كۆمپانیا و وەبەرهێنەرەكانیان بدەن بێنە هەرێمی كوردستان و بەشداربن لە پێشخستن و گەشەپێدانی ئابووریی هەرێمدا.
سەبارەت بە دۆخی سیاسی و ئاستەنگەكانی بەردەم پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق، قوباد تاڵەبانی نیگەرانیی خۆی دەربڕی لە چەقبەستوویی پڕۆسەی سیاسی و رایگەیاند: تا ئێستا گفتوگۆكانی نێوان لایەنەكان نەچووەتە قۆناغێكی دڵخۆشكەرەوە. ئاماژەی بەوەشدا ناكۆكیی سەرەكیی لایەنەكان تا ئێستا لەسەر پۆست و ئیمتیازاتە و كاتی ئەوە هاتووە ئەگەر ناكۆكی و كێشەش هەبێت لەسەر سیاسەت و دیدی جیاوازبێت بۆ حوكمڕانی.

# قوباد تاڵە‌بانی #هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان